لیژنەی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی گیانلەدەستدانی بەشیر خالید یەکەم کۆبوونەوەی کرد

08-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی گیانلەدەستدانی ئەندازیار بەشیر خالید یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد و سەردانی ماڵەکەی و نەخۆشخانەیان کرد. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت: "پزیشکەکان پێیان گوتین هەموو جەستەی شوێنی ئەشکەنجەدانی پێوە دیار بووە". 
 
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی گیانلەدەستدانی ئەندازیار بەشیر خالید پێکهێناوە، کە گوایە بەهۆی ئەشکەنجەدانی لە بەندیخانەیەکی پۆلیسی بەغدا بێهۆش بووە، دوای رەوانەکردنیشی بۆ نەخۆشخانە بەرەبەیانی دوێنێ لە نەخۆشخانەی کەرخ گیانی لەدەستدا. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، لیژنەکە، کە لە شەش ئەندام پێکهاتووە، کاژێر 10ـی بەیانی یەکەم کۆبوونەوەی کرد و گفتوگۆی لەسەر هەنگاوە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکە کرد.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای یەکەم کۆبوونەوە، بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بە راستییەکان سەردانی ماڵی ئەندازیار بەشیر خالید و نەخۆشخانەی کەرخیان کرد؛ گوتیشی، بڕیارە سبەی لیژنەکە سەردانی دادپزیشکی بەغدا و کۆمەڵگەی ئەیادی بکات.
 
لیژنەکە دواتر لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی، ئەفسەر و پۆلیسەکانی بنکەی پۆلیسی حەتین لە بەری کەرخ کۆدەبێتەوە کە بەشیر خالیدی تێدا دەستبەسەرکرابوو.
 
لیوا عەباس، بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی پۆلیسی فیدراڵی عێراق، تۆمەتبارە کە دەستی لە ئەشکەنجەدان و کوشتنەکەدا هەیە و بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەسەرە.
 
دوای ئەوەی کێشە لەنێوان ئەندازیار بەشیر خالید و لیوا عەباس دروست دەبێت، ئەندازیار بەشیر دەچێتە سەر ماڵی لیوا عەباس لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەیادی.
 
دواتر بە فەرمانی دادوەر ئەندازیار بەشیر دەستبەسەر دەکرێت و دەگوترێت لە بنکەی پۆلیسی حەتین لە شاری بەغدا، رووبەڕووی ئەشکەنجەدانی تووند بووەتەوە و بەو هۆیەوە بێهۆش بووە.
 
شێروان دووبەردانی دەڵێت، لیوا عەباس بە ئەشکەنجەدانەکە تۆمەتبارە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، ئەندازیار بەشیر بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوە، کەچی کاتێک ئەشکەنجە دراوە و براوەتە نەخۆشخانە، پۆلیسەکان جێیان هێشتووە، لەکاتێکدا دەبوو چەند پۆلیسێک لەگەڵی بمێننەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پزیشکەکان پێیان گوتین، هەموو جەستەی شوێنەواری ئەشکەنجەدانی بەسەرەوە بووە".
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "ستەمێکی گەورە لە ئەندازیار بەشیر خالید کراوە و خوێنەکەی بەفیڕۆ ناڕوات و لیژنەی لێکۆڵینەوە سوورە لەسەر گەیشتن بە ئەنجامی روون".
 
لەوبارەوە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەکەیە ئاماژەی بەوەکرد، بە وردی بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن و "لێکۆڵینەوەکە هێشتا تەواو نەبووە و ناتوانرێت ئەنجامی کۆتایی بڵاوبکرێتەوە بەبێ ئەوەی بزانرێت چی روویداوە".
 
ئەرشەد ساڵحی گوتی: "پێشتر چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەی لە ناوەندە ئەمنییەکان و لێکۆڵینەوەکان روودەدەن، لەنێویاندا وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەدا، ئەمەمان بە سەرۆکوەزیران و دەزگا ئەمنییەکان و دادگا راگەیاندووە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆڵبارین لە کەرکووک. وێنە: هەردی محەممەد - رووداو

وەزارەتی ژینگەی عێراق: بە بارانی دەستکرد رووبەڕووی خۆڵبارین دەبینەوە

گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، زۆربەی ئەو خۆڵبارینانەی لە عێراق روودەدەن، سەرچاوەکەیان لە دەرەوەی وڵاتە. دەشڵێت، کار لەسەر پڕۆژەی بارانی دەستکرد دەکەن بۆ ژیاندنەوەی زەوییە بە بیابانبووەکان.