رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاری دا زەوى بدرێتە کارمەندانى کەرتى پەروەردە و، یەکەى نیشتەجێبوونى تایبەتیان بۆ دروست بکرێت، هەروەها قەرزیان بە سوودى کەم پێ بدرێت.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 8ـی نیسانى 2025) ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 7 بڕیارى لەبارەى کەرتى پەروەردە و داواکاریی مامۆستا و کارمەندانى ئەو کەرتە دەرکرد.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران، بڕیاردراوە زەوى بدرێتە کارمەندانى کەرتى پەروەردە و لیژنەیەکى باڵا پێکبهێنرێت بۆ جێبەجێکردنى نووسراوێکى دەستەى باڵاى هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگەکان، لەبارەى دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوونى تایبەت بە مامۆستا و کارمەندانى کەرتى پەروەردە لە پارێزگاکان.
هەروەها ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاری دا پارەى کرێى گواستنەوەى سەرپەرشتیارانى پەروەردە خەرج بکرێت، بۆ هەر وەرزێکى خوێندن، 100 هەزار دینار بۆ کارگێڕیى قوتابخانەکان خەرج بکرێت.
کاراکردنى سەرجەم بڕگەکانى یاسای پاراستنى مامۆستایانى ساڵى 2008 یەکێکى دیکە بووە لە بڕیارەکان، هەروەها بڕیاردرا بە تۆمارکردنی قوتابخانەى ناوچە دوورەدەستەکان و کارمەندان و مامۆستایانى ئەو قوتابخانانەى، زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە ناوەندى شارەکانەوە دوورن، تاوەکو بدرێتە وەزارەتى پەروەردە و چارەسەرى پێویست بۆ کێشەکانیان بدۆزرێتەوە.
ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاری دا؛ وەزارەتى دارایی تاوتوێى ئەگەرى هەژمارکردنى خزمەتى بێ بەرامبەر بکرێت بۆ مەبەستى سەرەمووچە و بەرزەمووچەى کارمەندان و مامۆستایان، هەروەها قەرزیان لە رێگەى بانکە حکومییەکانەوە پێ بدرێت بە سوودى کەم.
ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى وەزیران دواى چەند رۆژێک بوون لە خۆپێشاندان و مانگرتنى مامۆستا و کارمەندانى کەرتى پەروەردە لە پارێزگەکانى عێراق، داواکارییەکانیان تایبەت بوون بە باشکردنى بژێویى ژیانیان و سودمەندنبوونیان لە یاساى خزمەتى پەروەردەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ