رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دیاری کرد. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئامادەن لەو رۆژەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی نیسانی 2025 بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکرد.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەڵبژاردن بە هاوئاهەنگی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دیاری کراوە.
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمیسیۆن رێکار و ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستپێکردووە، بەگوێرەی خشتەی کار ئامادەیە لەو رۆژەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
عیماد جەمیل باسی ئەوەشی کرد، حکومەت نزیکەی 398 ملیار دیناری بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن تەرخانکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ