رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2024، لەبەردەم سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی پارێزگاکانیان، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بەسرە، ئەنبار، دیالە، سەلاحەدین و تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سوێندی یاساییان خوارد.
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین 15 کورسییە؛ ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار 16 کورسی هەیە؛ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە 15 کورسی هەیە؛ پارێزگای بەسرە 22 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیانی هەیە؛ ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش 26 کورسییە و 3 کورسی کۆتای بۆ کوردی شەبەک، کوردی ئێزدی و کریستیان هەیە.
کورد خاوەنی 6 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 کورسی هەیە. کورد لە دیالەش خاوەن کورسییەکە کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
بڕیار بوو هەر ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای واست سوێندی یاسایی بخۆن، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی نێوان دەوڵەتی یاسا و کوتلەی واست ئەجمەل کۆبوونەوەکە نەکرا.
لەماوەی رابردوودا دانوستاندن لەنێوان دەوڵەتی یاسا و کوتلەی واست ئەجمەل بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی دابەشکردنی پۆستە کارگێڕێیەکانی پارێزگاکە هەبوو.
بە گوێرەى یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق، دەبێت دواى 15 رۆژ لە پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێ بکات، ئەگەرنا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتى ئەوەى هەیە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامى کۆببێتەوە.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک رۆژی 18-12-2023 کرا و رۆژی 21ى کانوونى دووەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسندکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ