رووداو دیجیتاڵ
بۆ تاوتوێکردنی "شکستەکان"ـی وەزارەتی نەوتی عێراق، لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی فیدراڵی بڕیاریدا ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتەکە بانگهێشت بکات و لە ماوەیەکی نزیکیشدا هەمان رێکار بەرامبەر وەزیری نەوت بگرێتەبەر.
لە راگەیێندراوێکدا کە وەزارەتەکە رۆژی شەممە بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، لیژنەکە لە کۆبوونەوەیەکدا "ژمارەیەک بەربەستی تاوتوێکردووە، کە رووبەڕووی کەرتی نەوتی عێراق دەبنەوە" بێ ئەوەی وردەکاریی بخاتەڕوو.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی لیژنەکە باسی لەوە کردووە کە چەند بڕیارێکیان داوە بۆ چارەسەرکردنی "شکستەکانی وەزارەتی نەوت"ـی عێراق، لەنێویاندا ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، بۆ ئەوەی بابەتی بانگهێشتکردنی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ پەرلەمان، تاوتوێ بکەن.
هەروەها لیژنەکە لە نووسراوێکدا وەزیرەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە بڕیاریانداوە رۆژی چوارشەممە، 31ی ئەم مانگە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی زیقار بانگهێشت بکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە دوو هەفتە لەمەوبەر، دەستەی دەستپاکیی حکومەتی فیدراڵی، گەندەڵیێکی 33 ملیۆن دۆلاریی کۆمپانیاکەی ئاشکراکرد.
دەستەکە 15ـی ئەم مانگە ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆمپانیاکە زێدەڕۆییان کردووە لە هەژمارکردنی تێچووی پڕۆژەیەکی دروستکردن و چاککردنەوەی کۆگاکانی کێڵگەی نەوتی غەراف لە زیقار، بەشێوەیەک کە قەبارەی راستەقینەی گرێبەستەکە 27 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام کۆمپانیاکە لە دانانی تێچووی پڕۆژەکەدا، 12 ملیۆن دۆلاری خستووەتەسەری.
هەروەها کۆمپانیاکە لە گرێبەستێکی دیکەی هاوردەکردنی بۆری و کەلوپەلی پێویست بۆ هەمان کێڵگە، 18 ملیۆن دۆلار زێدەڕۆیی کردووە، ئەمە وەک دەستەکە باسی دەکات.
جگە لەوە، بەگوێرەی دەستەی دەستپاکیی عێراق، کۆمپانیاکە 37 ملیۆن و 795 هەزار دیناری عێراقیی لە کڕینی ئامێر و کەلوپەلی چاپکردن بەفیڕۆداوە، کە ئامێرەکانی چەند قات گرانترن لە نرخی راستەقینەی خۆیان لە کۆمپانیایێکی تایبەت کڕیبوون.
هەروەها 52 ملیۆن دیناری دیکەی لە کڕینی ئامێری سووتاندنی پاشماوە پزیشکییەکاندا بەفیڕۆدابوو، ئەمە لە پاڵ بەفیڕۆدانی دوو ملیۆن دۆلاری دیکە لە دانانی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ کۆمپانیای ئۆر-ی گشتی کە 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕیوە بێ ئەوەی وەگەڕبخرێت.
کۆمپانیاکە هەروەها هەوڵیداوە بە بەهای 99 ملیۆن دینار نێوماڵ بۆ نووسینگەی بەڕێوەبەری وێستگەی کارەبای زیقار بکڕێت، کە ئەوەش زێدەڕۆیی تێدا کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ