عێراق
دوو منداڵ لە شارۆچکەی فەللوجە لە بەردەم دەرگای ماڵەکەیان وەستاون، لە کاتێکدا بۆمبی چێندراو لە دەوروبەری ماڵەکەیاندا هەیە.
رووداو دیجیتاڵ
سندوقی هاریکاریکردنی منداڵان سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە (یونیسێف) بڵاویكردهوه، لە هەشت مانگی ساڵی 2021دا لە عێراق 35 منداڵ بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی جەنگ گیانیان لەدەستداوە و 41 منداڵی دیکەش برینداربوون.
شیما سان گوبتا، نوێنەری یونیسێف لە عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئاشكرایكرد، نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ئابی 2021، کوژرانی 35 منداڵ و برینداربوونی 41ی دیکەی بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی جەنگەوە تۆمار کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2020 رووی لە هەڵکشان کردووە بە جۆرێک لەو ساڵەدا تەنیا کوژرانی شەش منداڵ و برینداربوونی 12ی دیکە بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەکانی جەنگ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تۆمارکراوە.
یونیسێف نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی کوژراو و بریندار بوونی منداڵان بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەکانی جەنگ لە عێراق لە ماوەی مانگەکانی دواییدا نیشانداوە.
مین و بۆمبە نەتەقیوەکان یەکێکن لە گەورەترین ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی حکومەتی عێراق بووەتەوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەستی داعش بەتایبەت لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک، لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی دیکەی مین لە پارێزگاکانی باشووری وڵاتەکە کە مێژووەکەیان بۆ جەنگی کەنداو و جەنگی نێوان عێراق و ئێران (1980-1988) دەگەڕێتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی روانگەی مینی زەمینی (Landmine Monitor)، عێراق یەکێک لەم وڵاتانەیە کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین رووبەڕی خاکی وڵاتهكهی بە مین و پاشماوەکانی جەنگ پیس کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ