سەرەتای مانگی داهاتوو بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ژمارەیان پێدەدرێت

27-06-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 5ـی مانگی داهاتوو پێدانی ژمارە بە بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت. دەشڵێت، هەر پارێزگایەک بەجیا پرۆسەکە دەکات. 
 
حوسێن رەقیب، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرۆسەکە بە ئامادەبوونی دادوەر و بەشێک لە بەربژێرەکان بەڕێوەدەچێت، بۆ هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021 فراکسیۆنەکان ژمارەیان نابێت، بەڵکو تەنیا بەربژێرەکان ژمارەیان دەبێت و هەر پارێزگایەک بەجیا پرۆسەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت، وەکو پێشتر نییە کە ناوەندی بوو و لە ئۆفیسی گشتییەوە لە بەغدا دەکرا."
 
لەبارەی ژمارەی بەربژێرەکانیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، "لە هەرێمی کوردستان 146 بەربژێر هەن خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021 تۆمارکردووە، 53 یان لە پارێزگای هەولێر و 65 یان لە پارێزگای سلێمانی و 28 یان لە پارێزگای دهۆکن."
 
بڕیارە بەربژێرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رکابەرایەتی بۆ بەدەستهێنانی 46 کورسی بکەن کە 16 کورسییان پشکی هەولێرە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و 18یان پشکی سلێمانی و 12یان هی دهۆکن.
 
لە عێراق هەشت هەزار و 273  بنکەی دەنگدان هەن کە 55 هەزار و 41 وێستگەیان تێدایە و هەر وێستگەیەک 450 دەنگدەر دەنگی تێدا دەدات.
 
حوسێن رەقیب داوای لە مامۆستایانی زانکۆ لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرد ناوی خۆیان وەکو بەڕێوەبەری وێستگە و بنکەکانی دەنگدان تۆماربکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە