رووداوێکی ناخهەژێن لە بەغدا؛ قوتابییەک لەلایەن مامۆستاکەیەوە بە دار لێی دەدرێت و گیان لەدەستدەدات

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
هۆرڤان رەفعەت
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قوتابییەکی 11 ساڵان لە بەغدا دوای ئەوەی لەلایەن "یەکێک لە مامۆستاکانییەوە بە دار لە سەری دەدرێت" گیان لەدەستدەدات. بەپێی راپۆرتی دادپزیشکی: "تووشی خوێنبەربوون بووە."
 
شەیما جەمیل، بەپێی وێنەکانی بێت، رۆژانە بە دڵخۆشییەوە رۆشتووە بۆ قوتابخانەکەی. رۆژی 19ـی ئەم مانگە بە گوتەی کەسوکارەکەی "یەکێک لە مامۆستاکانی دارێک بە تووندی دەکێشێت بە سەریدا."
 
هاجەر ئەحمەد، ئامۆزای شەیمایە و لە هەمان قوتابخانەیە، دوای یەکەم زەنگی پشوو قسەی لەگەڵ شەیما کردووە و لەکاتی رووداوەکە لە قوتابخانە بووە.
 
هاجەر ئەحمەد لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە خێزانەکەی تایبەت بۆ رووداویان ناردووە، دەڵێت: "شەیمام لەپۆلەکەی خۆی بینی، دواتر وانەی وەرزشمان هەبوو چووینە گۆڕەپانەکە، بۆی باسکردم و گوتی، مامۆستاکەم بە دار لێیداوم".
 
ئەو قوتابییە پۆلی پێنجی سەرەتایی بوو، کاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە بەردەوام هەستی بە ئازار کردووە.
 
راپۆرتی دادپزیشکی ئاماژە بە زەبرێکی تووند دەکات لە لای چەپی مێشکی شەیما و دەڵێت، بەو هۆیەوە "تووشی خوێنبەربوون بووە."
 
عەلا جەبار، مامی شەیما بە رووداوی گوت: "کاتێک کچەکەمان لە قوتابخانە گەڕایەوە بینیم بێتاقەتە، و دۆخی تەندروستی باش نییە، منیش وتم رەنگم ماندوو بێت لە قوتابخانە بووە، ئێمە چوزانین لێیدراوە، کاژێرێک خەوت و دوایی هەستا بە دایک و باوکی گوتبوو، سەرم ئازاری دێت دواتریش بردمانە نەخۆشخانە و کۆچی دوایی کرد".
 
جەمیل جەبار، باوکی منداڵەکەیە بە رووداوی گوت: "تەنانەت ئەو رۆژە لە تاقیکردنەوە هاتبووەوە 92ـی هێنابوو لە 100، دڵخۆش و بێتاقەت بوو لە هەمان کاتدا، گەڕایەوە و خەوت، دوای کاژێر و چارەکێک گوتی، 'سەرم زۆر ئازاری هەیە ئازارەکەی زۆر خراپ بوو، ئیدی هەواڵم دایە براکەم و دراوسێکانم و بردمانە نەخۆشخانەی کەندی".
 
خانەوادەی شەیما دانیشتووی گەڕەکی ئەمینی دووەمن لە رۆژهەڵاتی بەغدا، رووداوەکە لە قوتابخانەی سەماحەی بنەڕەتی بۆ کچان روویداوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە