رووداو دیجیتاڵ
هەواڵگریی عێراق دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە دەرەوەی وڵات دوو 'ئەندامی داعشیان' دەستگیر کردووە و گەڕاندوونیانەتەوە عێراق. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوە دوو کەسە دانیان بەوەدا ناوە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی رێکخراوە پەڕگیرەکەدا تاوانیان کردووە.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە نەکردووە ئەو دوو کەسە لە کوێ گیراون، بەڵام ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بە چاوبەستراوی و قۆڵبەستراوی سواری فڕۆکەیەکی بچووک کراون. دواتر ئەو دوو کەسە لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا بە جلی زەردەوە دەردەکەون و باس لە رۆڵی خۆیان لەنێو داعشدا دەکەن.
یەکێک لەوانەی دەستگیرکراوە ناوی عیسام عابد عەلی سوعێدانە، ناسراو بە ئەبو زەیدە، کە بەرپرس بووە لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی رێکخراوە پەڕگیرەکە لە فەلـلووجەی پارێزگای ئەنبار. لە ڤیدیۆکەدا سوعێدان باس لەوە دەکات کە چۆن سەری سەربازێکی عێراقی لە فەلـلووجە لێکردووەتەوە و چۆن ڤیدیۆی پڕوپاگەندەی داعشی بڵاوکردووەتەوە.
دەستگیرکراوی دووەم ناوی بەشیر عابد عەلی سوعێدان، ناسراو بە ئەبو ئەحمەدە، کە بەرپرسی پەیوەندییە تێلیکۆمییەکانی داعش بووە لە فەلـلووجە. ئەو کەسە لە ڤیدیۆکەدا باس لەوە دەکات، سەردەمێک لە زیندانی بووکای ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوم قەسر بەندکرابوو. تۆمەتبارەکە دەڵێت، بەرپرسی کۆدکردنی پەیوەندییە تێلیکۆمییەکانی بەرپرسانی داعش بووە.
ئەو کەسە باس لەوە دەکات، دوای هێرشێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هەڵاتووە بۆ شارۆچکەی قائیمی عێراق لە نزیک سنووری سووریا و تاوەکو ساڵی 2017 لەوێ ماوەتەوە، دواتر لە عێراق هەڵاتووە، بێ ئەوەی بڵێت بۆ کوێ چووە.
بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات، مانگی رابردوو عێراق و ئەمریکا دەستیان بە دانوستاندنی فەرمی کرد بۆ بڕیاردان لەسەر ئەرکی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەتوانن رووبەڕووی شانە بەجێماوەکانی داعش ببنەوە و چیدیکە پێویست بە مانەوەی هاوپەیمانییەکە ناکات.
نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و 500ی وڵاتانی دیکەی نێو هاوپەیمانییەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستانن.
داعش کە کورتکراوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامە، ساڵی 2014، رووبەرێکی بەرفراوانی سووریا و عێراقی کۆنترۆڵکرد و خەلافەتی راگەیاند. لە ساڵی 2017، دوای شەڕێکی سێ ساڵە کە دەیان هەزار کەس تێیدا کوژران و شارەکان بەهۆیەوە وێران بوون، رووخاندنی خەلافەتەکە لە عێراق راگەیێندرا. گرووپە پەڕگیرەکە لە ساڵی 2019 لە سووریاش شکستی پێ هێندرا، بەڵام شانە نووستووەکانی لە هەردوو وڵات ماون.
سەرەڕای ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان، 5000 بۆ 7000 ئەندام هێشتا لە عێراق و سووریا لەژێر فەرماندەیی داعشدان، کە "زۆربەیان چەکدارن"، ئەمەش وەکو شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماژەیان پێکردووە، کە لە ئابی پاردا بڵاوکرایەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، نزیکەی 11 هەزار چەکداری گومانلێکراوی داعش لە بەندینخانەکانی رۆژئاوای کوردستانن کە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە چاودێرییان دەکرێت. ئەو چەکدارانە، 3 هەزار و 500یان عێراقی و نزیکەی دوو هەزاری دیکەیان خەڵکی 70 وڵاتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ