بە مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد

24-10-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق و بە گوتەی دوو بەرپرسی ئەمنی، دووان لە مووشەکەکان لە بنکە ئاسمانییەکە کەوتوونەتە خوارەوە. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 24-10-2023 دوو بەرپرسی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاند، بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق. 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، دووان لە مووشەکەکان لە بنکە ئاسمانییەکە کەوتوونەتە خوارەوە. 
 
یەکێک لەو بەرپرسانە دەڵێت، مووشەکەکان گەورە بوون و 50 کم لە باشووری رۆژئاوای بنکەکەیشەوە سەکۆی هەڵدانی مووشەکەکان دۆزراوەتەوە. 
 
ئەمە چەندەمین هێرشە لە چەند رۆژی رابردوودا بکرێتە سەر ئەو بنکەیە کە هێزی ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێیە.  
 
تاوەکو سەرەتای ساڵی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەبوونەوە، بەڵام هاوینی هەمان ساڵ، عێراق جۆرێک سەقامگیریی بەخۆیەوە بینی و هێرشەکان وەستان.  
 
لە کۆتایی ساڵی 2021ـدا عێراق رایگەیاند، ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ راوێژدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.
 
رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی ناوچەکە و ئاسایشی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، "ئێمە نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت. نامانەوێت هێز و هاووڵاتییەکانمان بکرێنە ئامانج، ئەگەریش رووبدات، ئێمە ئامادەین." 
 
هەروەها لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەمان هۆشداریی وەزیری دەرەوەی دا و بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، "ئەوەی دەیبینین ئەگەری گرژبوونی دۆخەکە و زیادبوونی هێرشەکانە بۆ سەر هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان لە هەموو ناوچەکە''؛ گوتیشی، "ئەمریکا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و هیچ دوودڵیش نابێت و وەڵامی گونجاوی هەبێت".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە