وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: تاوەکو چوار ساڵی دیکە 31 فڕۆکەی نوێ وەردەگرین

23-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، تاوەکو چوار ساڵی دیکە عێراق 31 فڕۆکەی نوێ بە قەبارە و جۆری جیاواز لە گەورە کۆمپانیاکانی دروستکردنی فڕۆکە وەردەگرێت. دەشڵێت گفتوگۆکان بۆ لابردنی گەمارۆی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانی عێراقی بەردەوامن.
 
رۆژی یەکشەممە 23-7-2023، مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەبارەی ئەو گرێبەستانەی  عێراق بۆ کڕینی فڕۆکە کردوونی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "عێراق تاوەکو ساڵی 2027، 31 فڕۆکە لە جۆرەکانی ئێرباس و ماکس و فڕۆکەی خەونەکان وەردەگرێت".
 
مەیسەم سافی ئاماژەی بە وردەکاریی کڕینی فڕۆکەکان دا و گوتی "بەپێی گرێبەستەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بڕیارە عێراق 16 فڕۆکە لە جۆری ئێرباس 220 و 10 فڕۆکە لە جۆری فڕۆکەی خەونەکان (B787) و پێنج فڕۆکە لە جۆری ماکس (B737-8 MAX)ـی کۆمپانیای بۆینگ وەربگرێت."
 
لەبارەی هەڵگرتنی قەدەخەی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند "ژمارەیەک لیژنە کارەکانیان بەردەوامە و بە ئاگاداری و سەرپەرشتیی وەزیری گواستنەوە، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ هەڵگرتنی قەدەخەی ئەوروپا لەسەر هێڵی فڕۆکەوانیی عێراقی."
 
عێراق، ئێستا خاوەنی 28 فڕۆکەیە، جگە لە 7 فڕۆکە لە کەشتیگەلە کۆنەکەی، تاوەکو ساڵی 2027 چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی فڕۆکەکانی بگاتە 66 فڕۆکەی مەدەنی.
 
سەرلەبەیانی رۆژی شه‌ممە 12-12-2015‌ به‌شی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نیی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بڵاوی کردەوە هێڵی ئاسمانیی عێراقییه خراوەتە‌ نێو لیستی ره‌شی فڕۆكه‌وانیی ئەوروپا، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به ‌مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تیی فڕۆكه‌وانیی و سه‌رنشینه‌كانی‌.
 
مەیسەم سافی، پێیوایە کڕینی ئەو فڕۆکانە، کاریگەریی باشی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و نوێکردنەوەیان دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە