رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوتی لە عێراق لە بێجی کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کاری نۆژەنکردنەوەکەی تەواو بوو.
حکومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەنگاوانەوە هاوردەکردنی بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و بەرهەمەکانی دیکەی نەوت کەمبکاتەوە.
پاڵاوگەی بێجی بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە لە نێوان حوزەیرانی 2014 و ئۆکتۆبەری 2015، زیانی گەورەی بەرکەوتبوو.
سوودانی لە گوتارێکدا پێشوازی لە کردنەوەی پاڵاوگەکە کرد و بە "دەستکەوتێکی گرنگ" ناوی برد و گوتی، "هەنگاوێکی گرنگە لە هەوڵەکانی عێراق کە دەیەوێت تاوەکو نێوەڕاستی ساڵی 2025، دوای تەواوکردنی پڕۆژەکانی دیکە، کۆتایی بە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بهێنێت".
سوودانی هەروەها گوتی، "وەک خۆتان دەزانن، بەداخەوە، عێراق، ئەو وڵاتەی بە سامانە نەوتییەکەی دەناسرێتەوە کە رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمدێنێت، بەرهەمە نەوتییەکان لە دەرەوە هاوردە دەکات".
سوودانی گوتیشی، پاڵاوگەکە لە کانوونی یەکەمەوە وەگەڕخرابوو، بەڵام رێوڕەسمی کردنەوەی دواخرا بۆ ئێستا، تا ئەو کاتەی پاڵاوگەکە "بە تەواوی و بە شێوەیەکی سەقامگیر" کاربکات.
بێجی کە 200 کیلۆمەتر لە بەغداوە دوورە، ناوەندێکی پیشەسازیی عێراقە، چەندین پاڵاوگە و بۆریی نەوتی تێدایە. شارەکە لە کاتی شەڕی داعشدا رووبەڕووی وێرانکاری گەورە بووەوە و ساڵی 2016 پەرلەمانی عێراق بە فەرمی بە شارێکی وێرانبووی دانا.
پاڵاوگەی بێجی لە ساڵی 1975 لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە دروستکرا؛ یەکێکە لە گەورەترینەکانی وڵات و رۆژانە لە توانایدا بوو 250 هەزار تاوەکو 300 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت.
ئێستا "توانای راستەقینە"ی پاڵاوگەکە 250 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، وەک عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت.
گەیشتنی پاڵاوگەکە بەو توانایە، دوای ئەوە هات کە یەکەیەکی نوێی پاڵاوتن بە توانای 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەکە زیادکرا. دوو یەکەی دیکەی پاڵاوتن لە پاڵاوگەکەدا هەن کە توانای هەر یەکەیان 70 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و 90٪ی داهاتەکەی لەو سەرچاوەوە بەدەستدێنێت. هەروەها دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک و رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ