وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: پڕۆژەی گەشەپێدان 100 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت

22-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق. وێنە: رووداو
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەبارەی پڕۆژەی گەشەپێدان دەڵێت، لە سەردانی ئەمڕۆی سەرۆککۆماری تورکیادا ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان واژۆ دەکرێن، کە عێراق بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆی "فراوانبوونێکی گەورەی" ئابووریی عێراق و نزیکەی "100 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت."

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسانی 2024 مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق قسەی بۆ رووداو کرد و لەبارەی پڕۆژەی گەشەپێدان گوتی، خەریکی دیزاینکردنی پڕۆژەکەن و تورکیا لەو پڕۆژەیەدا هاوبەشی سەرەکییانە.

پڕۆژەکە بە 11 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت. مەیسەم سافی دەڵێت، سەرچاوەیەکی نوێی داهاتە بۆ عێراق و نزیکەی 100 هەزار هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی چاوی لەوەیە ببێتە وڵاتێکی بازرگانیی گەورەی ناوچەکە.

دەقی هەڤپەیڤینەکە

رووداو: چاوەڕوان دەکەن ئەمڕۆ چ رێککەوتنێک لەسەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان واژۆ بکرێت؟

مەیسەم سافی: زۆر سوپاس بۆ دەرفەتی قسەکردن لەسەر ئەم پڕۆژە گرنگە. بە دڵنیاییەوە لایەنی تورکی هاوبەشێکی سەرەکی و ستراتیجییە لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و پێش ئەم کۆبوونەوەیەش گفتوگۆ هەبوون. ئەم کۆبوونەوەیە تەواوکەری گفتوگۆکانی پێشووە؛ هەروەها کۆبوونەوەی تەکنیکی و کۆبوونەوەی تایبەت بە شارەزایانی بواری گواستنەوە هەبووە، چی لە وەزارەتی گواستنەوەی تورکیا و چی لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق. ئەم کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری ئەو کۆبوونەوانە دەبێت، هەروەها یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆدەکرێت لە بواری کەرتی گواستنەوە و لێکتێگەیشتنی قووڵتریش دەبێت سەبارەت بە شێوازی گەشەپێدان.

رووداو: قۆناخی یەکەمی رێگەی گەشەپێدان کەی دەستپێدەکات؟

مەیسەم سافی: سەبارەت بە رێگەی گەشەپێدان، هێشتا لە قۆناخی نەخشەدانانی سەرەتاییداین. قۆناخەکەش پێشکەوتنی بەردەوامی هەیە لە بەستنەوەی رێگەکان، واتە هێڵی شەمەندەفەر بە رێژەی 66% تەواوکراوە. سەبارەت بە رێگەی [قیرتاوکراوی] خێرا، 52%ی تەواوکراوە، هەروەها کارەکانی رووپێویی تۆپۆگرافی 1,200 کم تەواو بووە، پشکنینی خاکیش گەیشتووەتە 80%. لە ئەنجامدا قۆناخی سەرەتایی نەخشەدانانەکە دوای تەواوبوونی ئەم قۆناخە دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە کە قۆناخی کۆتایی نەخشەدانانە، دوای ئەوە پڕۆژەکە دەخرێتە بەردەم کۆمپانیا تایبەتمەندەکان بۆ جێبەجێکردن. بە دڵنیاییەوە پڕۆژەکە دابەش دەکرێت بەسەر 15 بەشدا و ئەمەش رێگە بە هەموو کۆمپانیاکان دەدات رکابەری بکەن، هەروەها وادەکات پڕۆژەکە بەپێی دیدێکی ئابووریی عێراق کە لەگەڵ گرنگی پڕۆژەکە یەکدەگرێتەوە، جێبەجێبکرێت، کە پڕۆژەیەکی ستراتیجی گەشەپێدانی رێگاوبانە و دەبێتە هەنگاوێکی گەورەی ئابووری عێراق بەرەوپێش؛ هەروەها دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی یەکێتیی ئابووری و یەکگرتنی ئابووریی عێراق لەگەڵ دەوروبەری هەرێمی خۆی و جیهانیشدا.

رووداو: ئەمڕۆ لە بەغدا چی دەکرێت بۆ پڕۆژەی رێگەی گەشە؟

مەیسەم سافی: سەبارەت بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان گفتوگۆی تایبەت بەم پرۆژەیە هەیە؛ ئەنجوومەنی چوار قۆڵی هەیە لە بەغدا کە پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، هەروەها لە قەتەر و ئیمارات و عێراقیش. هەروەها ئەنجوومەنی چوار قۆڵی هەیە تایبەت بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کە بولگاریا، سربیا، تورکیا و هەنگاریا لەخۆدەگرێت. ئەم ئەنجوومەنە چوار قۆڵیانە بەشێکن لەو لێکتێگەیشتنانەی سەبارەت بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەدەستهاتوون؛ هەروەها ئەم کارە پەیامێک بۆ کۆمەڵگە بەگشتی دەنێرێت کە ئەم پڕۆژە گرنگە ستراتیجییە تەنیا تایبەت نییە بە عێراق، بەڵکو بۆ وڵاتانی ناوچەکەش گرنگە و ئابووریی عێراقیش فرەسەرچاوە دەکات و وادەکات تەنیا لە نەوتدا نەمێنێتەوە. ئەمەش سوودێکی دیکەی زۆر گرنگی ئەم پڕۆژە ستراتیجییەیە. بێگومان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆدەکرێن کە پەیوەندییان بە کەرتی گواستنەوە و بوارەکانی دیکە هەیە، نەک تەنیا لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان. 

رووداو: ئەو یاداشتنامە چی دەبن و نێوەڕۆکەکانیان لەسەر چی دەبێت؟

مەیسەم سافی: سەبارەت بە رێگەی گەشەپێدان، هێشتا لە قۆناخی نەخشەدانانی سەرەتاییداین. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن فرەبوارە و گواستنەوەی وشکانی و دەریایی و رێگەی گەشەپێدان دەگرێتەوە. لە ئەنجامدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەکاتی واژۆکردنی ئەم یاداشتانەدا رادەگەیێندرێت و ئەو زانیارییە سەرەتا راستەوخۆ بە ئێوە دەدرێت.

رووداو: ئەو کۆمپانیایانەی لە پڕۆژەکە کاردەکەن، سەر بە کام وڵاتن؟

مەیسەم سافی: سەبارەت بەو کۆمپانیایانە کە ئێستا پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان جێبەجێ دەکەن، هێشتا زووە بۆ ئەوەی باسیان بکەین. ژمارەیەک راوێژکاری ئابووریی وەزارەتی گواستنەوە سەردانی وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی ئاسیایان کردووە، هەروەها لیژنەی باڵای بەرپرس لە رێگەی گەشەپێدان و بەندەری فاو چەندین سەردانی ئەنجامداوە. چەند کۆمپانیایەک پێشنیازمان پێ دەدەن، بەڵام بڕیارەکە بە بڕیارێکی عێراقی دەمێنێتەوە کە ئەو کۆمپانیایانە بەپێی دیدگەی ئابووری عێراق دەبێت کار بکەن، هەروەها چی لەگەڵ سروشتی پڕۆژەکە و گرنگی ئەم پڕۆژەیەدا یەکدەگرێتەوە. لە ئەنجامدا چەندین ئاسۆ هەن کە دەبنە بنەمای کارکردن بۆ ئەو کۆمپانیایانە، کات، چۆنێتی و جۆری ئەو کۆمپانیایانە بە گوێرەی بەرژەوەندی گەلی عێراق بە گشتی و گرنگی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە دیاریدەکرێن.
 
رووداو: ئەم رێگەیە 12 کیلۆمەتر بەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا دەبڕێت پێش ئەوەی بگاتە خاکی تورکیا. نەخشەکەی چۆن دەبێت؟ لە چەند پارێزگەوە دێت و لە کوێوە بە هەرێمی کوردستان دەگات و دەڕواتە تورکیا؟
 
مەیسەم سافی: پڕۆژەکە بەگشتی بە 11 پارێزگەی عێراقدا تێدەپەڕێت، سەرەتا لە پارێزگەری بەسرە دەست پێدەکات، دەچێتە ناسریە، پاشان پارێزگەی سەماوە، دیوانیە، بابل، نەجەف، بەغدا و دواتر سەڵاحەدین. لە سەڵاحەدین جیاواز دەبێت لە پارێزگەکانی دیکە و سێ وێستگەی دەبێت. دوای ئەوە دەڕوات بۆ پارێزگەی نەینەوا، پاشان لەوێوە دەربازدەبێت بۆ خاڵی سنووریی پێشابوور. ئەو خاڵە دەبێتە دوا خاڵ کە رێگەکە بە تورکیاوە دەبەستێتەوە، لەوێشەوە مەزەندە دەکرێت هەزار و 200 کیلۆمەتری دیکە درێژبێتەوە. لە پێشابوورەوە تا دەگاتە سنووری تورکیاش درێژییەکەی هەزار و 500 کیلۆمەتر دەبێت، واتە لە خاڵی دەستپێکەوە لە بەندەری فاوەوە تا دەگاتە سنووری بولگاریا و بەندەرەکانی دیکە 2 هەزار و 700 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە و لەوێشەوە بە بەندەری وڵاتانی دیکە کە هاوبەشییان لەگەڵ تورکیادا هەیە، دەبەسترێتەوە. هەورەها پلانێک لە دوای کۆبوونەوە و رێنماییەکانی ئەم دواییەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دانراوە بۆ ئەوەی سەردانی ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی و پایتەختەکانیان بکرێت کە دیارترینیان بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فەرەنسان بۆ ئەوەی چۆن گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی تورکیدا کرا، لە بارەی رێگەی گەشەپێدانەوە قسەیان لەگەڵدا بکرێت، تاوەکو وڵاتانی دیکەش بێنە نێو ئەم پڕۆژە ستراتیجییە گرنگەوە کە دەبێتە خاڵی پەیوەندی یان گەیاندنی کاڵا و گەشتیارانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش بە ئەورووپا دەگەیێنێت، هەروەها گواستنەوەی پێچەوانەش لە ئەوروپاوە بەرەو ئەو وڵاتانە فەراهەم دەکات. بە دڵنیاییەوە عێراق نزیکترین خاڵە و کەمترین تێچووی بۆ گواستنەوەی کاڵا و گەشتیاران دەبێت.
 
رووداو: ئامانج لەم رێگەیە چییە؟ ئایا ئەمە رێگەیەکی بازرگانییە لەنێوان وڵاتانی کەنداو و تورکیادا بە نێو عێراقدا؟ 
 
مەیسەم سافی: پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان ئامانجی بازرگانی و ئابووریی هەیە، هەروەها ئامانجی کولتووریشی هەیە. پڕۆژەکە شەمەندەفەر لەخۆدەگرێت کە بەخێرایی 140 بۆ 160 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەڕوات بۆ گواستنەوەی کاڵاکان. هەروەها هێڵێکی وشکانی خێرا هەیە بۆ گواستنەوەی کاڵاکان؛ هەروەها هێڵێکی شەمەندەفەر بۆ گواستنەوەی گەشتیاران بە خێرایی 300 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. هەندێ پارێزگە هەن کە هێشتا نەخراونەتە سەر ئەم پڕۆژەیە، بەڵام پلانیان بۆ دانراوە بۆ ئەوەی بە تۆڕێکی نێوخۆی عێراقەوە ببەسترێنەوە. پڕۆژەکە 15 وێستگەی دەبێت بۆ کاڵا و سەرنشینەکان دیاریدەکرێن. پڕۆژەکە یەکەی نیشتەجێبوون و ناوەندی بازرگانیش لەخۆدەگرێت و دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ ئابووریی عێراق، جگە لەوەی کە ناوچەیەکی پیشەسازی لە بەندەری فاو دەبێت، ئەمە لە پاڵ چەندین کارگە کە لە هەردوو دیوی رێگەکە لە پارێزگە پەیوەندیدارەکاندا دادەمەزرێنرێن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لەگەڵ ژێرخانی ئەو پارێزگەیانە و سرووشتی سامانی سرووشتیی نێو ئەو پارێزگەیانە بگونجێت کە رێگەکەیان پێدا دەڕوات. دەتوانین لە رووی هەناردەشەوە سوود لەم پڕۆژەیە ببینین و ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی عێراق. پڕۆژەکە زیاتر لە 100 هەزار هەلی کاریش بۆ عێراقییەکان دەرەخسێنێت کە ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە لەسەر ئاستی ئابووری.
 
 
رووداو: ئەم رێگەیە پەیوەندییەکانی عێراق بە وڵاتانی ئەورووپاوە خێراتر و ئاسانتر دەکات؟
 
مەیسەم سافی: بەدڵنیاییەوە ئەم رێگەیە بەشێکە لە رێکخستنەوەی دیدگەی سیاسی و ئابووریی عێراق. پڕۆژەکە پەیوەندی بە داڕشتنەوەی و رێکخستنەوەی دۆخی عێراقەوە هەیە لە ناوچەکە و جیهان بە گشتی. عێراق ئێستا رووگەی ئابووریی جیهانە. ساڵی رابردوو لە بەغدا کۆبوونەوەیەک هەبووە، واتە مانگی پێنج کۆنفرانسێک لە بەغدا هەبوو کە 10 وڵاتی ناوچەکەی لەخۆگرتبوو و هەروەها نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپاش تێیدا ئامادەبوون. کۆنفرانسی دیکەی پەیوەندیداری بەدواداهات کە تایبەت بوو بە لیژنە تەکنیکییەکان؛ هەروەها نوێنەرانی وڵاتانی ناوچەکەش، چین و یەکێتی ئەورووپا و بانکی جیهانیش تێیدا بەشدار بوون. لە ئەنجامدا عێراق ئێستا بووەتە کۆکەرەوە و بەستەری ئاشتیی نێوان ئەم وڵاتانە و وڵاتانی ناوچەکە بە هەموو ئاڕاستە سیاسی و ئابوورییە جیاوازەکانیانەوە. عێراق هیواخوازە لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ببێتە ناوەندێکی بازرگانیی جیهانی و خاڵێک یان ناوەندێک بۆ پەیوەندیی نێوان ئەو وڵاتانە کە ئەنجامەکەی سەرەتا بەرژەوەندیی گەلی عێراق و هەروەها دراوسێکانی عێراق، وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی، ئەورووپا و ئاسیاشی لێبکەوێتەوە.
 
رووداو: بۆ ئەم رێگەیە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کراوە؟
 
مەیسەم سافی: بەدڵنیاییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق. حکومەت لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە یان حکومەتی فیدراڵی. لە بارەگای وەزارەتی گواستنەوە کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزیری گواستنەوەی حکومەتی هەرێم و وەزیری گواستنەوەی حکومەتی فیدراڵیدا کرا. پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان ئێمە و لایەنی کوردیدا هەیە.
 
رووداو: ئەم رێگەیە دەبێتە جێگرەوەی ئیبراهیم خەلیل؟
 
مەیسەم سافی: خاڵی ئێستای بەستنەوە [بە لایەنی تورکیا] خاڵی پەیوەندیی پێشابوورە. ئەم هێڵە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کۆمپانیای راوێژکاریی ئیتاڵی BEG بووە، گونجاوترین هێڵە کە لەگەڵ سرووشتی پڕۆژەکەدا دەگونجێت. ئێستا گفتوگۆکە لەسەر خاڵی سنووریی پێشابوورە کە لیژنە تەکنیکییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، پسپۆڕانی گواستنەوە و لایەنی تورکی و لیژنە تەکنییەکانی تورکیا چەندین سەردانی مەیدانیان کردووە. هەروەها چەندین سەردانی دیکە کران بۆ خاڵەکانی دیکەی بەستنەوەی رێگەکە لە نێوان تورکیا و بولگاریا. لیژنەی تەکنیکیی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش بەشداربوو. هەروەها نووسینگەی تایبەت بە پڕۆژەی رێگەی گەشە لە هەردوو وڵات کرانەوە؛ یەکێکیان لە بەغدا و ئەوی دیکە لە ئەنقەرە. هەروەها جەخت لە هەبوونی لیژنەی هاوبەش لەنێوان ئێمە و لایەنی تورکیدا دەکرێتەوە. لایەنی تورکی و پسپۆڕانی گواستنەوەش سەردانی بەندەری فاویان کرد بەو پێیەی کە دەبێتە دڵی رێگەی گەشە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد حەسسان (یەکەمی لای راست) لەکاتى یاوەریکردنى سوودانى بۆ ناوەندى ئۆپەراسیۆنەکانى سەرژمێری لە وەزارەتى پلاندانان، وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

نوێنەرى سکرتێرى UN بۆ عێراق: سەرژمێرى گەرەنتیی دابەشکردنێکى دادوەرانەى داهاتە

نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، سەرژمێرى هەنگاوى گرنگە بۆ داهاتووى عێراق و گەرەنتیی ماف و گەیشتنە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و، دابەشکردنێکى دادوەرانەى داهات لەنێوان ناوچە جیاوازەکاندا.