ئەو کاتژمێرەی موقتەدا سەدر بە یاریزانێکی عێراقی بەخشی، نرخەکەی گەیشتە 50 هەزار دۆلار

22-01-2023
هێمن بابان رەحیم
یاریزانەکەی هەڵبژاردەی عێراق ئاماژە بۆ کاژێرەکەی دەستی دەکات کە بە دیاری لە لایەن موقتەدا سەدرەوە پێیدراوە
یاریزانەکەی هەڵبژاردەی عێراق ئاماژە بۆ کاژێرەکەی دەستی دەکات کە بە دیاری لە لایەن موقتەدا سەدرەوە پێیدراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زەویی نیشتەجێبوون، پاسپۆرتی دیپلۆماسی، ئۆتۆمبێل و چەندین دیاری لەلایەن سیاسەتمەداران و سەرمایەدارانەوە، دەدرێنە یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بوونە پاڵەوانی جامی کەنداو. لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر کاتژمێرێکی ئاسایی موقتەدا سەدر بوو کە بە یاریزانێکی هەڵبژاردەکەی بەخشی، کە بازرگانێک ئامادەیە 50 هەزار دۆلاری پێبدات.
 
دوای بردنەوەی جامی کەنداو 25 و سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی عوممان لە یاریگەی چڵە دارخورما لە بەسرا لە یاریی کۆتایی، رۆژی شەممە، 21-1-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردنی عێراق و سەرۆک و ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێ و پارێزگاری بەسرا و ژمارەیەک لە کارگێڕانی هەڵبژاردەکە کرد.
 
پارچەیەک زەوی و پاسپۆرتی دیپلۆماسی دەدرێتە یاریزانان
 
سوودانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "برایانتان لە ئەنجوومەنی وەزیران، وەکو رێزلێنانێک بۆ ئەو بردنەوەیە شایانە، بڕیاریان داوە هەریەک لە یاریزانان و ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری و کادیری کارگێڕی پارچەیەک زەویی نیشتەجێبوونتان پێبدرێت، لەگەڵ پاسپۆرتێکی دیپلۆماسیی و ئێوە شایانی ئەو رێزلێنانەن."
 
سوودانی وەزارەتی وەرزش و لاوانیشی راسپارد بە دابینکردنی پێداویستییە وەرزشییەکان و جەختیشیکردەوە کە حکومەت رژدە لەسەر پشتیوانیکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی بە تایبەتی بۆ جامی ئاسیا و پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی، کە بڕیارە ساڵی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.
 
هەڵبژاردەی عێراق، دوای زیاتر لە 35 ساڵ نازناوی جامی کەنداوی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر بە هەڵبژاردەی عوممان تۆمارکرد.
 
عێراق بە بردنەوەی ئەم نازناوە بووە خاوەنی دووەم زۆرترین نازناو لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکە، کوەیت 10 جار بووەتە پاڵەوان، عێراقیش چوار نازناوەکەی دیکەی بەدەستهێناوە.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق سێ یاریزانی کورد یارییان دەکرد کە هەریەکە لە شێرکۆ کەریم، یاریزانی یانەی کوێتی کوێتی، ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی یانەی سالمیەی کوێتی و رێوان ئەمین، یاریزانی یانەی داڵکورد بوون و ئاڵای فازڵ لەگەڵ هەڵبژاردەکە نازناوی جامی کەنداویان بردەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی رێز لە هەڵبژاردەی عێراق دەگرێت
 
رۆژی یەکشەممە، 22-1-2023، غالب زاملی، ئەندامی ئەنجوومەنی یەکێتی تۆپی پێی عێراق لەبارەی ئەو خەڵاتانەی بە ئەندامانی هەڵبژاردەی عێراق و دەستەی کارگێڕیی دراوە و دەدرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو خەڵات و دیارییانەی دەدرێن و بەڵێندراوە بدرێن زۆرن، لەسەروویانەوە ئەو دیاری و رێزلێنانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی پێدا."
 
گوتیشی: "بڕیارە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە شاری هەولێر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە رێزلێنان ببەخشرێتە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و دەستەی کارگێڕی، کاک نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە لێکنزیککردنەوەکانی نێوان پێکهاتەکان و لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە ئامادەی میوانداریکردنی هەڵبژاردەی عێراقە، بۆیە دووشەممە هەڵبژاردنەکە سەردانی پارێزگای هەولێر دەکات."
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە قسەکانیدا باسی لەو خەڵات و رێزلێنانانە کرد کە بەخشراونەتە هەڵبژاردەی عێراق و گوتی: "گرنگتر لە خەڵات و رێزلێنانەکان ئەو رێزەیە کە لەخۆمانی دەگرین، راستە لایەنی ماددی گرنگە، بەڵام لەو گرنگتر ئەوەیە بایەخی زیاتر بە وەرزش و رەوتەکە و یاریزانان و ئەو کەسانە بدرێت کە لەو پێناوەدا ماندوو دەبن و بوون."
 
کاژێرەکەی موقتەدا سەدر گەیشتە پێنج هەزار دۆلار 
 
دوای بردنەوەی جامی کەنداو، یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق، چوونە حەنانە و لەوێ لەلایەن موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پێشوازییان لێکرا. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، موقتەدا سەدر لە دیدارەکەیدا لەگەڵ یاریزانان و دەستەی کارگێڕیی هەڵبژاردەی عێراق جگە لە رێزگرتن و قسەکردن بۆیان، هیچ بڕە پارەیەکی بەدیاری پێنەبەخشیون، بەڵام چەند کەلوپەلێکی سادەی خۆی بە ژمارەیەک یاریزان داوە.
 
یاریزانی هەڵبژاردەی حەسەن عەبدولکەریم، ناسراو بە "قوقییە" دوای سەردانەکەیان بۆ حەنانە وێنەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و ئاماژە بۆ کاژێرەکەی دەستی دەکات کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بەدیاری پێیدراوە، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند چەند شوێن و کەسێک پارەی خەیاڵییان بۆ ئەو کاژێرە خستەڕوو.
 
باسم بەهادلی، بازرگانێکی بواری کەلوپەلی جوانکاریی عێراقییە و لە ئەوروپا دەژیت، داوای کاتژمێرەکەی لەو یاریزانە کرد. 
 
ئەو بازرگانە عێراقییە لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: "بۆ یاریزانی تێکۆشەر و بەڕێز حەسەن عەبدولکەریم (قوقییە)، پرسیارێکم هەیە و پێشوەختە داوای لێبووردنت لێدەکەم، دیارییەکی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر (کاژێرە کەسییەکەی)ت لەلایە، ئەگەر بیر لە فرۆشتنەوەی دەکەیتەوە، من بڕی 50 هەزار دۆلار، واتە پێنج دەفتەر دۆلارت دەدەمێ."
 
کەسێکی دیکەش کە بازرگانی جلوبەرگە لە شاری سەماوە 25 ملیۆن دیناری بە کاتژمێرەکە داوە. هەروەها زێڕنگەرێک 17 ملیۆن دینار و زێڕنگەرێکی دیکە 40 هەزار دۆلاری بە کاتژمێرەکە داوە. هەروەها شوێنی خشڵی فەیاز، بڕی 40000 دۆلاری ئەمریکی "چوار دەفتەر دۆلار"ـی بۆ ئەو پارەیە خستەڕوو، و ئامادەیی کڕینی بەو نرخە نیشاندا.
 
کاژێرەکەی موقتەدا سەدر بەپێی شارەزایەکی کاتژمێر، لە جۆری ئیمپۆریۆ ئارمانیی ئیتاڵییە و نرخەکەی ئەگەر سادە بێت و بەزێڕ رووپۆش نەکرابێت لەنێوان 20 بۆ 100 هەزار دینار دەبێت.
 
زرغام ئیسماعیل، یەکێکی دیکەیە لە یاریزانی هەڵبژاردەی کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دوای دیدارەکەیان لەگەڵ سەدر دەردەکەوێت شاڵ "هەوری"یەکی رەنگ سەوزی لەسەر شانە، یاریزانەکە دەڵێت: "جوانترین دیاری لە هەموو گەردوون لە سەید موقتەداوە، ئەمە هی تایبەت بەخۆیەتی."
 
ئەمجەد عەتوان، یەکێکی دیکەیە لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق، ئەو لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵمیدیا ئاشکرایکردبوو موقتەدا سەدر ئەنگوستیلەکەی خۆی پێبەخشیوە و ئەویش وێنەیەکی لەگەڵدا پۆستکردبوو.
 
موقتەدا سەدر جگە لەوانە، واژۆی لەسەر تیشێرتی عەلی عەبادی، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق کرد.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، موقتەدا سەدر داوایەکی ئاراستەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کردبوو سەردانی بکەن، بەو مەرجەی هیچ سیاسەتمەدارێکیان لەگەڵدا نەبێت، بە وەزیری وەرزش و لاوانیشەوە.
 
30 ئۆتۆمبێل بۆ هەڵبژاردەکە و دەستەی کارگێڕی
 
ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق، یەکێکە لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەت بە پیاوانی خاوەنکار و راوێژ و توێژینەوەی ئابووری، رۆژی 19ـی ئەم مانگە و پێش بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عوممان، بەڵێنێکی بە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دا.
 
ئیبراهیم بەغدادی مەسعودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق رایگەیاند: "ئەگەر هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکەیدا لەگەڵ عوممان سەرکەوتوو بوو، ئەوا لەلایەن ئەنجوومەنەکەمانەوە 30 ئۆتۆمبێل بە هەڵبژاردەکە دەدرێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 22-1-2023، رووداو بەدواداچوونی بۆ دوایین پێشهاتەکانی گەیشتن و رادەستکردنی ئۆتۆمبێلەکانی لە بەرپرسێکی ئەو ئەنجوومەنە پرسی، بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەو ئۆتۆمبێلانە لەماوەیەکی نزیکدا دەگاتە هەڵبژاردەی عێراق و ئۆتۆمبێلی قەمەرە دەبن و بۆ ئەندامانی هەڵبژاردەکە و دەستەی کارگێڕی دەبن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هێشتا رێزلێنان و دیارییەکان بۆ هەڵبژاردەی عێراق بەردەوام دەبن و ژمارەیەک سیاسەتمەدار و سەرۆکی حیزب بەڵێنییان بە هەڵبژاردەکە داوە رێزی لێبگرن و دیاری ببەخشنە ئەندامەکانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی واژۆکردنی گرێبەستەکە.

عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى لەگەڵ کۆریاى باشوور واژۆ کرد

وەزارەتى بەرگریى عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى بەرگریى ئاسمانی لە کۆمپانیایەکى کۆریاى باشوور واژۆ کرد، بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمان، یەکەمجارە دواى ساڵی 1991 عێراق ئەو جۆرە مووشەکە بکڕێت.