5 تیکتی فڕۆکە بە خۆڕایی دەدرێتە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق

21-01-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پێنج تیکتی فڕۆکە بە خۆڕایی دەدرێتە یاریزانان و دەستەی راهێنانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق. 
 
کەریم کازم حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، وەزیری گواستنەوەی عێراق داوای لە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە کردووە 5 تیکتی گەشتکردن بە خۆڕایی بۆ ماوەی 6 مانگ بدرێتە یاریزانان و دەستەی راهێنانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش پاسپۆرتی دیپلۆماسی دەداتە یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق. 
 
لەوبارەوە، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەسەر رێنمایی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دەبەخشرێت. 
 
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاند، ئەو هەنگاوەی وەزیری دەرەوەی عێراق وەک خەڵاتێکە بۆ ئەو بردنەوەیەی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتی کەنداو لە بەسرە بەدەستیهێنا. 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی 25 کە رۆژی 6-1-2023 دەستیپێکرد و رۆژی پێنجشەممە 19-1-2023 کۆتاییهات، لە 6 یارییدا 5 یاری بردەوە، لە یارییەکەی دیکەدا یەکسان بوو و هیچ یارییەکی نەدۆڕاند. 
 
هەڵبژاردەکە 12 گۆڵی تۆمارکرد کە هەریەکە لە ئەیمەن حوسێن و ئیبراهیم بایش سێ گۆڵیان تۆمارکرد و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەش تەنیا سێ گۆڵی لێکرا و دوای 35 ساڵ جارێکی دیکە هەڵبژاردەکە نازناوی جامی کەنداوی بردەوە کە ئەمە چوارەمجارە لە مێژوویدا نازناوەکە بەدەستدەهێنێت. 
 
لە یاریی کۆتایی جامی کەنداوی 25 لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی یەک بوونەوە. یارییەکە بە سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق کۆتاییهات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە