رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەشداری بکات و دەڵێت، "خۆم بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر دەکەمەوە."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داوە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت.
محەممەد شیاع سوودانی لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لە دیداری سلێمانی، باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە خۆم هەڵدەبژێرمەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت پابەندە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و هەموو پێویستییەکانی ئەو هەڵبژاردنەش دابین دەکات.
سوودانی نەیشاردەوە گەندەڵی هەیە و گوتی، "ئەم کابینەیە توانی پەیامی ئەرێنی بگەیێنیت بە گەلی عێراق کە پڕۆژەی چاکسازی هەیە و دەکرێت سەرکەوتوو بێت. خۆمان بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی تەواوکار ئامادەکردووە و دەستکەوت و ئامانجمان هەیە".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق:
رووداو: رۆژ باش و بەیانیات باش، بەخێر بێن بۆ زانکۆکەمان، شانازی دەکەم کە لە ئەنجوومەنی ئەمینداریێتی ئەم زانکۆیەدام. شەرەفمەندم ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەدەبەم. بەڕێز، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە گوتارەکەتان تیشکتان خستەسەر چەندین بابەت، دەمەوێ بپرسم ئامانجتان لە دەوڵەتی بەهێز چییە؟ ئایا گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم ئەو دەوڵەتە بەهێزە چییە؟
محەممەد شیاع سوودانی: دەوڵەتی بەهێز دەوڵەتی دامەزراوەکانە کە رێز لە دەستوور دەگرێت و بەرژەوەندییەکانی عێراق و عێراقییەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت. وەک ئەوەی باسی لێوە دەکەین، ساڵانێک بوو جەنگ و گەمارۆ و تیرۆر و دامەزراندنی پرۆسەیەکی سیاسی لە سیستمێکی سیاسی نوێدا هەبوو. کاتێک سیاسەتە هەڵەکانی ئەو سەردەمە بەبیر دێنەوە و بیر لەو شتانە دەکەینەوە، بێگومان هەست بە ناڕەحەتی دەکەین، ئەوەی ئێمەی گەیاندە ئەو قۆناخەی گەلی عێراق متمانەی بەم سیستمە سیاسییە نەماوە وەک سیستمێک کە ژیانێکی شایستەیان پێشکێش بکات. ئاڵنگارییەکە ئەوەیە کە چۆن ئەو متمانەیە بەدەست بهێنینەوە تاوەکو بگەینە ئەو دەوڵەتە بەهێزەی کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و رێزگرتن لە مافەکانی هەموو گەلانی عێراق بە هەموو پێکهاتە و ئاراستەکانییەوە دامەزراوە.
رووداو: باسی سیتسمی سیاسیتان کرد. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئێستا عێراق هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتە. ئەمە عێراقییەکان شانازی پێوەدەکەن. دەمەوێ بپرسم وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکرا. بەڕێزتان خۆتان بەربژێر دەکەنەوە؟
محەممەد شیاع سوودانی: بە دڵنیاییەوە.
رووداو: با پرسیاری هاوپەیمانییەکانتان لێبکەم. هاووڵاتی پێی وایە ئەنجامی هەڵبژاردن نابێتە هۆی پێکهێنانی حکومەت، بۆیە دەبینین رێژەی بەشداری دەنگدەران لە هەر خولێکدا لەوەی پێشووتر دادەبەزێت. چۆن دەکرێت دەنگدەری عێراقی رازی بکەین، وەک ئەوەی جەنابتان باستان کرد، متمانەی بە دەوڵەت هەبێت، متمانەشی بە پرۆسەی سیاسی هەبێت و دەنگەکەی ببێتە هۆی ئەوەی حکومەتێک لەسەر بنەمای دەنگدان دابمەزرێت؟
محەممەد شیاع سوودانی: وادەی هەڵبژاردن دیاریکراوە و حکومەت پابەندە بەو وادە دەستوورییە و هەموو پێداویستییەکانی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنیش ئامادە دەکات. ئەوە بەشێکە لە پابەندبوونەکانمان. دووەم خاڵ ئەوەیە دەبێت بزانین پرۆسەی نەهێشتنی نائومێدیی گەل لە رێگەی بەشدارییەوە دەبێت، نەوەک دووبارەکردنەوەی شکست و گەندەڵی کە هاووڵاتی عێراقی هیچ قازانجێکی نەکردووە. پێم وایە و بە دڵنیاییەوە قسە دەکەم کە ئەم حکومەتە بە پاڵپشتی هێزە نیشتمانییەکانی کە ئەم حکومەتەیان پێکهێناوە، توانیویەتی دەوڵەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەڕێوە ببات و پەیامێکی ئەرێنی بە گەلی عێراق بدات کە پڕۆژەیەک هەیە، پڕۆژەی چاکسازی. ئەمڕۆ هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ پشتیوانی لە پڕۆژەیەکی چاکسازی و پێشکەوتنخوازی کە خزمەتی عێراق و عێراقییەکان بکات. ئامادەکارییەکەمان بۆ پڕۆژەیەکی سیاسییە کە دەتوانین باسی دەستکەوت و ئامانج و هەنگاوی راستەقینە بکەین کە بەشداری کردووە لە دروستکردنی ئەم کەشەی ئومێد، بەرنامەی داهاتوویشمان بە دڵنیاییەوە تەواوکەری ئەم بەرنامەیە دەبێت کە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکانمان لەم حکومەتەدا دەستمان پێکردووە. بەشدارییەکی کاریگەر لەلایەن هاووڵاتییانەوە فاکتەرێکی سەرەکی و گرنگ دەمێنێتەوە لە بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکان کە هیوایان بۆ دەخوازین، پەنا بەخودا.
رووداو: بەهەمان هاوپەیمانیی رابردوو بەشداری هەڵبژاردن دەکەن؟ گۆڕانکاری بەسەردا نایەت؟
محەممەد شیاع سوودانی: پرۆسەی هاوپەیمانییەکان لە رۆژانی نزیکی داهاتوودا دەخەمڵێندرێت و رادەگەیێندرێت، پەنا بەخودا.
رووداو: پەیوەندیی ئێستای نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
محەممەد شیاع سوودانی: یەکەمجارە ئەم پەیوەندییە لەنێوان بەغدا و هەولێر لە سیاسەت و گفتوگۆی گرژی خاوەن مۆرکی سیاسییەوە دەگوازرێتەوە بۆ گفتوگۆی خاوەن تایبەتمەندی تەکنیکی و یاسایی، ناکۆک دەبین و رێک دەکەوین لە شرۆڤە و لێکدانەوەی یاسایی و پرسی شایستەیەدا، بەڵام لە کەشێکدا پڕە لە ئارەزوو و ویست و سووربوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان. توانیومانە زۆرێک لە ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنین. سەرکردایەتیی فەرمی و سیاسی هەرێم بە هەموو ئاراستەکانییەوە هاوبەشن لەم کاروانە؛ کاروانی بنیادنانی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جیاوازەکان کە بە وڵاتدا تێپەڕیوە لەماوەی رابردوودا.
رووداو: ساڵانێکی زۆرە باسی دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز دەکەین. ئێستا چووینەتە نێو کەشی هەڵبژاردن. دەتوانرێت ئەو یاسایە تێپەڕێنن یان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان دوادەخرێت؟
محەممەد شیاع سوودانی: دەستمان کردووە بە گفتوگۆکردنی ئەم پڕۆژەیە لە ئاستی سیاسی و تەکنیکدا؛ پێویست بوو ئەو گفتوگۆیانە تەواو بکرێن. یاسای نەوت و گاز کە بەپێی دەستوور ئەو سامانە بە موڵکی هەموو عێراقییەکان دەزانێت و دەتوانن بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سوودی لێ وەربگرن، بووەتە پێویستییەکی زۆر گرنگ لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و دابینکردنی ژینگەیەک بۆ وەبەرهێنانی زیاتر. عێراق ئەمڕۆ دووەم وڵاتە لە ئاستی ئۆپێک، گرنگە کە ژینگەیەکی یاسایی پتەوی هەبێت کە بتوانێت لەوێوە دەست پێبکات بۆ پەرەپێدانی ئەم کەرتە و گەیشتن بە بەکارهێنانی نموونەیی ئەم سامانە. بەداخەوە ئەو دۆخەی پەرلەمان لە قۆناخی رابردوودا پێیدا تێپەڕی و کارە لەپێشینەکانی لە یاساداناندا رێگر بوون لەوە. هەوڵ دەدەین بەو ماوەیەی کە ماوە کارەکە بکەین.
رووداو: واتە هەوڵدەدەن یاسایەک تێپەڕێنن پێش هەڵبژاردن؟
محەممەد شیاع سوودانی: بە دڵنیاییەوە ئێمە جیدیین لە دابینکردنی پێویستیەکانی رەشنووسەکە بۆ گفتوگۆکردن. وەک باسمان کرد، لیژنەی سیاسی و تەکنیکیمان پێکهێناوە، چەندین کۆبوونەوەیان کردووە و دواتر وەستان؛ هیودارین بەم نزیکانە دەست پێ بکەنەوە.
رووداو: ئەی لەبارەی یاسای حەشدی شەعبی؟
محەممەد شیاع سوودانی: یاسایەکە پەیوەندی هەیە بە دامەزراوەیەکی ئەمنی گرنگ کە زۆر قوربانی داوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی ئەمنی لە عێراق. ئەم حکومەتە لە بەرنامەکەیدا ئەو یاسایەی داناوە. من هەمیشە بەرنامەی حکومەت دووبارە دەکەمەوە، چونکە بەشێک لە کێشەی نێوان هاووڵاتی و چینە سیاسییەکان ئەوەیە کە ئێمە بەڵێن دەدەین و کۆتایی دێت. ئەم حکومەتە دەتوانێت بەوپەڕی متمانەوە بانگەشەی ئەوە بکات کە ئێمە لەسەر بەرنامەکە بە هەموو ئامانجەکانەوە کارمان کردووە. یەکێک لەو ئامانجانە رێکخستنەوە بووە. رێکخستنەوەی دۆخی دامەزراوە ئەمنییەکان و ئەوەی چەک لەدەست دەوڵەت بێت، هەروەها یاسادانان بۆ دەزگا ئەمنییەکان کە بەبێ یاسا کاریان دەکرد؛ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بەبێ یاسا بوو، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بەبێ یاسا بوو. یاسای حەشدی شەعبی بریتی بوو لە دوو دێڕ کە ئەوە لە دۆخێکی تایبەتدا بوو، هەموو کەس وردەکارییەکانی دەزانێت. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لە چوارچێوەی ئەو چەمکەی پەیڕەوی دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایە لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی ئێمە بۆ چاکسازی لە دامەزراوە ئەمنییەکان، ئەم یاسایانە دەهێنینە کایەوە بۆ ئەوەی ئەم دامەزراوانە بە شێوەیەکی دروست رێک بخەین. ئەم پڕۆژەیە هێزەکە رێک دەخات و ئەرک و ئامانجەکان روون دەکاتەوە و دۆخی کارکردن لەم دامەزراوە ئەمنییەدا دەکێشێت؛ ئامادەکاری کراوە و بە شێوەیەکی سوودبەخش لەگەڵ ئەنجوومەنی دەوڵەت لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، لە ئەنجوومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی سەرۆکایەتی دەستەی حەشد گفتوگۆی لەسەر کراوە و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە کە دەستپێشخەری کرد بە خوێندنەوەی یەکەم.
رووداو: یاساکە لەم خولەی پەرلەماندا تێدەپەڕێت؟
محەممەد شیاع سوودانی: بەڵێ
رووداو: بەڵام ناکۆکی لەسەر دەرکردنی ئەم یاسایە و یاسای دیکە هەیە. چۆن دەکرێت ئەو بۆشاییانە پڕبکرێنەوە، لەکاتێکدا لە چووینە نێو هەڵمەتی هەڵبژاردنداین؟
محەممەد شیاع سوودانی: پێم وایە ھیچ دژایەتییەک لەلایەن ھێزە سیاسییەکانەوە لەسەر گرنگی رێکخستنی دەزگا ئەمنییەکان و دەرکردنی یاساکانیان نییە، بەپێچەوانەوە ئەمە ھەنگاوێکی چاکسازی و دامەزراوەییە. ئەمڕۆش دووبارەی دەکەینەوە کە ئەو دەزگا ئەمنییە بەشێکە لە سیستمی ئەمنیی عێراق و فەرمان لە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان وەردەگرێت. بۆ رێکخستنی و بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو تێبینییانەی کە ھەندێک لایەن ھەیانە و ئێمە لێرەین لە پێناو ئەوەی کە دەبێت بچین بەو یاسایانەی کە کارەکانی ئەم دەزگایانە رێکدەخەن، ئەگەر تێبینی ھەبن دەکرێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، خوێندنەوەی دووەم ھەیە، دەرفەتێکی فراوان لەبەردەم ھێزە سیاسییەکان لە پەرلەمان ھەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین. بە بڕوای من، بەشێک لەو دۆخە نەرێنییەی کە لەسەر دیمەنی عێراق دەکێشرێت، بەداخەوە لەناو عێراقەوە دەچێتە دەرەوە بۆ شێواندنی ھەر وێنەیەک و ھەر ھەنگاوێکی چاکسازی کە ھەوڵ دەدات بەم پاڵنانی زانیارییە نەرێنییە و خستنەڕووی بیردۆزەکان کە دیمەنەکە تێکدەدەن. ئەگینا لیژنەی ئاسایش و بەرگری و حکومەت دەنگی لەسەر دوو یاسا داوە بۆ دەزگای ھەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەوەش دەزگایەکی ئەمنییە.کێشە لەمەدا چییە؟
رووداو: دۆخی ئەمنی لە وڵات ھێشتا پێویستی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە؟
محەممەد شیاع سوودانی: بێگومان دۆخی ئەمنی، سوپاس بۆ خودا، لە باشترین ئاستدایە و ئەمەش بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە، بەڵکو لە رێگەی میکانیزمی کارکردنەوە بووە، بە دڵنیاییەوە دوای ئەو قوربانییە گەورەیەی کوڕانی گەلی عێراق لە ھەموو پێکھاتە و ئایینەکان پێشکێشیان کرد. بەڵام ئەم حکومەتە بە میکانیزمێکی روون دەستی کردووە بە پاراستنی ئەم بەردەوامییە بە پاراستنی ئاسایش و بینیمان سەقامگیری و توانایەکی روون لە ئاستی پلاندانان و ئۆپەراسیۆنی و ھەواڵگری لە دەزگا ئەمنییەکانماندا هەیە، لەگەڵ بوونی دۆستان لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی راوێژکارییدا. ھەموو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانمانەوە بۆ راوەدوونانی تیرۆریستان ئەنجام دەدرێن و دوایینیشیان تیرۆریست ئەبو خەدیجە بوو. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی بەرنامە حکومییەکاندا بوو کە ھێزە سیاسییەکان لەسەری رێککەوتن بۆ رێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە. دەستمان بە گفتوگۆ کرد بە شێوەیەکی روون لە ساڵانی 2023 و 2024 و باسمان کرد کە عێراق لە ساڵانی 2023 و 2024 عێراقی ساڵی 2014 نییە کە ئەو کات دەستیپێشخەری کرد بۆ داواکردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی. کاتی ئەوە ھاتووە ئەم پەیوەندییە رێکبخەین، کە بوونی 86 دەوڵەتی بیانییە بە ناونیشانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق. پێم وایە پێویستە رێکبخرێت، لێکتێگەیشتنێک ھەبوو بۆ دۆستان، گفتوگۆیەکی درێژمان کرد بۆ ماوەی حەوت مانگ و گەیشتینە رێککەوتن بۆ رێکخستنی کۆتاییھێنان بەو ئەرکە لە دوو ساڵدا کە لە دوو قۆناخدا کۆتایی دێت، ئەیلوولی 25 و ئەیلوولی 26.
دواتر بابەتەکەمان بە ھاوتەریبی گواستەوە بۆ گفتوگۆی دوو قۆڵی، بۆ ھاوکاریی ئەمنی دووقۆڵی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی ھاوپەیمانییەکە. لەگەڵ ئەمریکا قۆناخی دووەممان تەواوکرد و لە قۆناخی سێیەمداین. لە سەردانەکەمدا بۆ شانشینی یەکگرتوو لە لەندەن واژۆمان لەسەر بەیاننامەی ئاسایشی ھاوبەش کرد. لەگەڵ فەرەنسا لە گفتۆداین و بە هەمان شێوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەش. ئێستا لەگەڵ ئەو پێشھاتانەی لە سووریا روویانداوە، بە دڵنیاییەوە چاودێریی جموجووڵەکانی داعش دەکەین. گفتوگۆ و ھەڵسەنگاندن لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ھەڕەشانە. ئەوە دەمێنێتەوە کە عێراق ئەندامێکی رەسەنی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە کە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت، لەگەڵ هەوڵی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
رووداو: باسی سووریاتان کرد. ئایا بەهۆی ئەو پێشهاتانەی لە سووریا روودەدەن عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکان نابێت تاوەکو دوای ساڵی 2026؟
محەممەد شیاع سوودانی: سەرەتا باسی بوونی هێزەکان ناکەین، باسی بوونی راوێژکاران دەکەین، راوێژکاران لە بنکە سەربازییەکانی عێراقدا. من باسی رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن دەکەم، هەڵسەنگاندنمان بۆ دۆخی ئەمنی ناوچەکە بەردەوامە و لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاوەکانی داهاتوو دیاری دەکەین.
رووداو: مانگی داهاتوو عێراق میوانداری لووتکەی کۆمکاری عەرەبی دەکات. کاری لەپێشینەی عێراق چییە؟
محەممەد شیاع سوودانی: ئەوە رووداوێکی گرنگە و شیاوی بەغدایە کە گفتوگۆ عەرەبییەکان لە خۆدەگرێت. پێشوازیکردن لە سەرکردە عەرەبەکان لە ساتێکی چارەنووسساز و گرنگدایە لە ناوچەکەدا. ئێمە لە رۆڵی میوانداردا نامێنینەوە، بەڵکو رۆڵێکی کارا دەگێڕین لە داڕشتنی هەڵوێست و بڕیارەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسە جیاوازەکانی پەیوەست بە ئاسایش و گەشەپێدان و ئابووری؛ هەوڵ دەدەین و بەردەوام ئامادەکاری دەکەین بۆ پێشوازیکردن لەم رووداوە گرنگە، کە جەخت لە گەڕانەوەی بەغدا و عێراق دەکاتەوە بۆ گۆڕەپانی کاریگەری عەرەبی و هەرێمی.
رووداو: ئایا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا بانگهێشتی دەکرێت بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی لووتکەدا؟
محەممەد شیاع سوودانی: بەڵێ، بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ناردووە و بەخێربێت بۆ ئامادەبوون و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی.
رووداو: ئێستا پێگەی عێراق لەنێو وڵاتانی عەرەبی چۆن دەبینن؟
محەممەد شیاع سوودانی: ئەو رۆڵەی کە عێراق دەیگێڕێت، لەسەر بنەمای سیاسەتێکە کە حکومەت گرتوویەتیە بەر؛ سیاسەتێکی هاوسەنگ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوروبەری عەرەبی کە شانازی پێوە دەکات. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو نایابن، لەوانەش لە هاوبەشی ئابووری و تەواوکاری لە پرۆژەکانی وزە. هاوکات پەیوەندی دوو قۆڵیمان لەگەڵ ئوردن و میسر هەیە؛ هەروەها پرۆژەی ئابووریمان هەیە. هەروەها ئێستا گرنگی بە دۆخی سوریا دەدەین و پشتگیری لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە بەرەو سەقامگیری دەچن. ئێمە لایەنێک نین لە جەمسەرەکان یان ململانێکان.
رووداو: پرسیارتان لێدەکەم لەبارەی دوایین پێشهاتەکان کە لە گوتارەکەتاندا باستان کرد کە دانوستانی ئێران و ئەمریکایە. ئەم گۆڕانکارییە لەنێوان واشنتن و تاران چ کاریگەرییەکی لەسەر عێراق دەبێت؟ لەکاتێکدا پێشتر عێراق دەستپێشخەری کردووە بۆ نزیکبوونەوە تاران و واشنتن.
محەممەد شیاع سوودانی: ئەم گفتوگۆ راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، پەیوەندی بە هەردوو وڵاتەوە هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت. عێراق یەکێک بوو لە دەستپێشخەرەکان بەهۆی ئەو پەیوەندییەی هەیەتی، چونکە پەیوەندییەکی تایبەتمان لەگەڵ هەردوو وڵات هەیە و هانی گفتوگۆ دەدەین وەک ئامرازێک بۆ لێکتێگەیشتن، لەبری زیادکردنی گرژی کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەبێت. بە فەرمی پێشوازیمان لە بەڕێوەچوونی گەڕی یەکەم کرد و هیوادارین بە شێوەیەک بەردەوام بێت کە زامنی متمانە و جێبەجێکردنی پابەندبوونە دوولایەنەکان بکات. ئەنجامی ئەم گفتوگۆیە بە دڵنیاییەوە ئەرێنی دەبێت بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە کە پێویستیان بە سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدانی زیاترە.
رووداو:پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن چۆنن، بەتایبەتی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا؟
محەممەد شیاع سوودانی: ئێمە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی ستراتیژییە و عێراق سوورە لەسەر پەرەدان بەو پەیوەندییە لە چوارچێوەی دامەزراوەییدا، ئەوەش لە رێگەی رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژییەوە. لە پەیوەندییەکەدا ئێستا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دەچین بۆ پەیوەندییەکی ئەمنی دووقۆڵی کە پێکەوە کاری لەسەر دەکەین بۆ داڕشتنی. بوارێکی گەورەمان هەیە لە چەندین دۆسیەدا کە دەتوانن بەشداری بکەن لە گەشەپێدانی ئەم پەیوەندییەدا. چەند رۆژێک لەمەوبەر پێشوازیمان کرد لە شاندێکی ئەندامانی کۆنگرێس، هەروەها شاندێکی گەورەی بازرگان و کۆمپانیاکان، جگە لەو کۆمپانیایانەی کە لە بنەڕەتدا لە عێراق بوونیان هەیە و لە بوارە جیاوازەکاندا کار دەکەن. هەروەها پەیوەندیمان لە چەند ئاستێکەوە پێگەیشت و بە دڵنیاییەوە ئارەزوویەکی زۆر هەیە بۆ بەهێزکردن و گەشەپێدانی ئەم پەیوەندییە و رووبەڕووبوونەوەی ئەڵنگارییە جیاوازەکان.
رووداو: دوایین پەیامتان چییە بۆ گەنجانی عێراق، بەتایبەتی هەندێکیان هەمان ئەو گەشبنییەیان بە چینی سیاسی نییە ؟
محەممەد شیاع سوودانی: ئەمڕۆ ئەنجامی سەرژمێریی کۆتایی دانیشتووان روونە کە ئاماژە بەوە دەکات زۆرینەی ژمارەکە گەنجانن لە عێراقدا. هەروەک ئەمڕۆ باسم کرد، گەنجان بنەمای دەوڵەتی عێراقن لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئایندە. بە گەنجانی عێراقیمان دەڵێم، گەنجەکان قارەمان و قوربانیدەرن؛ ئامادەییان هەبووە لە شایستەکانی دەوڵەت لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا، هەروەک چۆن کاریان بۆ ئاسایش و سەقامگیری کردووە و قوربانی داوە. ئەمڕۆ داواکارین کە دەستپێشخەری گرنگ بکەن لە پرۆسەی بنیاتنانی وڵاتەکەماندا؛ وڵاتەکەمان دەرفەتی زۆری هەیە لەگەڵ بوونی ئەڵنگارییەکان، بەڵام ئەم دەرفەتانە گەرەنتین بۆ فەراهەمکردنی عێراقێکی ئارام و سەقامگیر کە هەموو رۆڵەکانی لە خۆشگوزەرانی و ژیانی باشدابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ