رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی نوێی عێراق کار لەسەر ئەوەدەکات لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکاتەوە، بەتایبەت ئێران. هەروەها ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا وادەی سەردانیکردنی کازمی بۆ ئەمریکا دیارینەکراوە. سەبارەت بە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق و هەڵوێستی بەغدا گوتی "عێراق کارتی گوشاری زۆر لەبەردەستە بۆ وەستاندنی بۆردوومانەکانی تورکیا".
د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی رایگەیاند، عێراق لە هەوڵدایە لە رێگەی دروستکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەرچاوەکانی داهات فرەچەشن بکات و رۆڵی وڵاتانی دراوسێ لە ئاوەدانکردنەوەو سەقامگیرکردنی عێراق زیادبکات. دەشڵێت:" حکومەتی نوێی عێراق دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەهێزبکاتەوە و کاردەکات پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ئێران دروستبکاتەوە لەپێناو پتەوکردنی سەروەریی عێراق".
وڵاتانی کەنداوی عەرەبی پێشتر لە کۆنگرەی وڵاتانی کەنداو بەڵێنیان دابوو هاوکاری عێراق بکەن، لەو بارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی: "ئامادەکارییەکانی سەردانی کازمی بۆ سعودیە تەواوکراون، لەسەر بنچینەی بەڵێنانەکانی پێشووی سعودیە بۆ عێراق کازمی سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و دەیەوێ پەیوەندییەکی پتەو رێککەوتنێکی فرەچەشن لەگەڵ سعودیە واژۆبکات و ئەو بەڵێنەی بە عێراقیدابوو جێبەجیێ بکات، بەتایبەتی لەڕووی ئاوەدانکردنەوەو کشتوکاڵ و پیشەسازی، هەروەها لەڕووی سیاسیشەوە عێراق هەوڵدەدات هاوسەنگی نێوان سعودیە و ئێران رابگرێت ". گوتیشی" پێویستە وڵاتانی کەنداو بەڵێنەکانیان بەرامبەر عێراق جێبەجێبکەن".
لەبارەی سەردانی مستەفا کازمی بۆ ئەمریکا، د. ئەحمەد سەحاف گوتی:" کاتی سەردانی کازمی بۆ ئەمریکا دیارینەکراوە، بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی ئەمریکا دەکات و رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا واژۆدەکات".
بڕیارە مستەفا کازمی سەردانی تورکیا بکات، لەکاتێکدا تورکیا بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکان و بەزاندنی سنوور و دانانی خاڵی سەربازی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەو بارەیەوە گوتی:" هیچ بانگهێشتنامەیەکمان لەلایەن تورکیاوە پێنەگەیشتووە تایبەت بە سەردانی کازمی بۆ ئەنقەرە، حکومەتی عێراق زۆر نیگەرانە لە کردەوەکانی تورکیا لەسەر سنوور و بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکان و زۆر بەتووندی ئیدانەی ئەو بۆردوومانانەمان کردووە". رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێک یان هاوئاهەنگییەک لەنێوان حکومەتی ئێستای عێراق یان حکومەتەکانی رابردوو و تورکیا هەبێت بۆ بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکان و هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق. گوتیشی" عێراق کارتی گوشاری زۆر هەیە دژی تورکیا بەکاریبهێنێت و ئەگەر تورکیا هێرشەکانی نەوەستێنێت، عێراق هەموو رێگە مەدەنی و یاساییەکان دەگرێتەبەر ".
شەوی 15ی حوزەیرانی ئەمساڵ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بە ناوی "چڕنووکی هەڵۆ" راگەیاند، هەروەها رۆژی 17ی هەمان مانگیش ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی بە ناوی "چنگی پڵنگ" بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیاند. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو کە لە سەرچاوەکانی پێشمەرگەوە دەستیکەوتووە، سوپای تورکیا بەقووڵایی 15 کیلۆمەتر زیاتر خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە. هەروەها لە چیاکانی سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 18 بنکەی سەربازیی تورکیا دانراون.
\
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ