رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە سەردانی هەفتەی داهاتووی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا، "گفتوگۆی هەستیار لە بارەی هەموو بابەتەکانەوە دەکرێت،" بە دیاریکراویش ئاو و ئاساییش.
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، جارێکی دیکە دوای 11 ساڵ، سەردانی عێراق بکات.
محەممەد شياع سوودانی، لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە کۆڕبەندێکی پەیمانگەی توێژینەوەی ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک لە واشنتن ئاماژەی بەو کرد، "سەردانەکە ئاسایی نییە و گەشتێکی ئاسایی سەرۆکی تورکیاش نییە" ، بەڵکو "سەردانێکە ساڵێکە ئامادەکاری بۆ دەکەین و سەرقاڵین بۆ رێکخستنی."
سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق و تورکیا "مێژووی هاوبەش، بەرژەوەندی و دەرفەتی قووڵییان هەیە، بەڵام کێشەشمان هەیە".
وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: "ئاو و ئاساییش لە سەرووی هەموو ئەو بابەتانەوە دێن کە لە خشتەی کارکردنماندا ئامادەییمان بۆ کردوون تاوەکو بیانخەینە بەرباس."
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی رابردوودا، بەهۆی دروستکردنی بەنداو لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فورات لە لایەن تورکیاوە، وایکردووە ئاوێکی کەم بڕژێتە نێو عێراقەوە.
هەروەها چەند جارێک ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێو سنووری هەرێمی کوردستان، کە هەندێ جار شەهیدبوون و برینداربوونی خەڵکی سڤیلی لێکەوتووەتەوە، ناڕەزایی حکومەتی فیدراڵیی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوە.
سوودانی گوتی، ئەم سەردانە "یەکەمجاریشە گفتوگۆی هەستیار لەسەر هەموو بابەتەکان دەکرێت. رێککەوتووین بۆ قسەکردن لەسەر هەموو بابەتەکان."
بۆ بابەتی ئاسایش، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "چارەسەرییەکانمان خستوونەتەڕوو و پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای رێزگرتن دەبن،" جەختیشی کردەوە "لەلایەن خۆمانەوە، رێگە نادەین عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و هێرشکردنە سەر تورکیا، هاوکات رێگە بە هیچ دەستدرێژییەک یان وەڵامدانەوەی راستەوخۆ بۆ هەر کێشەیەکی ئەمنی بێ هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردن نادەین."
بە گوتەی سوودانی، عێراق بە دامەزراوە ئەمنییەکانییەوە "دەتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی خۆی بپارێزێت و بەر لە هەر هەڕەشەیەک بگرێت کە ئاراستەی تورکیا" دەکرێت.
لەبارەی دۆسیەی ئاو، سوودانی ئاماژە بەوە دەکات، "چارەسەری ستراتیژی"یان هەیە. دەڵێت: "ئەو چارەسەرییانە دوای راوێژکردنی زۆر هاتوون کە دەرفەتی چارەسەرکردنی درێژخایەن و بەردەواممان بۆ دەڕەخسێنن. چارەسەرییەکان ناکەونە ژێر کاریگەرییە جیهانییەکانی کەمئاوی، بەڵکو لەسەر بنەمای دادپەوەری دەبن لە پێدانی پشکی ئاوی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندیی دوولایەنە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی نایابی کەیسی ئاو."
یەکێکی دیکە لەو پرسە گرنگانەی کە بە گوتەی سوودانی دەبێتە تەوەرێکی گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانە کە خۆی لە رێگەی ئاسنیندا دەبینێتەوە بۆ بەستنەوەی بەندەر و دەروازەکانی عێراق بە تورکیا، ئەورووپا و کەنداوەوە.
سوودانی لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو دۆسیەیە یەکێکە لە گرنگترین دۆسیە نوێیەکانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا کە بریتییە لە دۆسیەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان. ئەو رێڕەوە ئابوورییە زۆر گرنگە دەبێتە رێگەی بەستەری نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵات لە بەندەری فاو بۆ نێو خاکی تورکیا تاوەکو دەگاتە ئەورووپا."
جەختیکردەوە، "شەو و رۆژ لەگەڵ وەزیرانی تورکیا و لیژنە تەکنیکییەکان و کۆمپانیاکان کاردەکەین بۆ ئەوەی بەردی بناخەی بۆ دابنرێت و لەماوەیەکی کورتدا جێبەجێ بکرێت".
رۆژی هەینی، ئەردۆغان دوای نوێژی هەینی لە شاری ئەستەنبووڵ بۆ میدیا قسەی کرد و رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات و لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکات.
سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر یەک رۆژێک دەخایێنێت.
ئەردۆغان گوتی: "دوای ئەوەی لە بەغدا لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دیدارمان کرد سەردانی هەولێر دەکەین، لە هەولێر دەرفەتی ئەوە دروست دەبێت لەسەر کێشەکانی باکووری عێراق و لە هەمان کاتدا سەبارەت بە کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی قسە بکەین."
جگە لەوە، ئەردۆغان وەکو خۆی باسی دەکات گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک بابەت "لە چوارچێوەی پەیوەندییە گشتییەکانی عێراق و تورکیا" دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ