دادگەی باڵای فیدراڵی لە بارەی سکاڵایەک لە دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

18-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دادگەی فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مانگی داهاتوو دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک لە دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە، لە سکاڵاکەدا داوای کردووە بڕیاری پێدانی پارە بە هەرێمی کوردستان بە نادروست بزانێت.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی یەکشەممە (12-11-2023)، دادگەی فیدراڵی یەکەمین دانیشتنی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکات، کە لە دژی بڕیاری ناردنی پارەیە بە قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان. 
 
مستەفا سەنەد لە سکاڵاکەیەدا کە ژمارە 228ـی فیدراڵیی 2023، لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆماریکردووە، داوایکردووە دادگەکە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 23500ـی ساڵی 2023 و هەموارەکەی بەپێی بڕیاری ژمارە 23520ـی ساڵی 2023ـی تایبەت بە پێدانی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2023، بە نادروست بزانێت.
 
رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2023، شاندێک بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد، دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-10-2023) لە بارەی سکاڵاکەی مستەفا سەنەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "باوەڕ ناکەم کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت، چونکە ئەو پارەیەی دەنێردرێت بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە پارە بنێرێت، ئینجا پارەکە بە قەرزە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیداتەوە، واتە پابەند کراوە بە دانەوەی، باوەڕناکەم (سکاڵاکە) کاریگەریی لەسەر ناردنی پارە هەبێت، بەڵام ئیدی لە کۆتاییدا دادگەیە و دیارنییە چ بڕیارێک دەدات."
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
 
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، بۆ تەواوی ئەمساڵ، سێ گوژمەی 700 ملیاری بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان دابەشکردنی مووچە لە مانگی تەمموزەوە دەستپێدەکەن و مووچەکانی دیکەش بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلوول دەبێت.
 
مستەفا سەنەد، تائێستا چوار سکاڵای لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە، یەکێک لە سکاڵاکانی بردووەتەوە، سکاڵایەکی دۆڕاندووە، سکاڵایەکی کشاندووەتەوە و دوایین سکاڵاشی مانگی داهاتوو تاوتوێ دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـى کانوونى دوومى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەسەر سکاڵایەکى مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارى عێراق و پارێزگارى واست، شەش بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقی بۆ ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان بە "نادەستووری" ناساند، ئەوە لەکاتێکدایە 18ـى نیسانى 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاری دا 400 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە