قوللەی چاودێری و کامێرای گەرمبین لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان جێگیر دەکرێن

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
دروستکردنی قوللەیەک لەسەر سنوور. وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق،
دروستکردنی قوللەیەک لەسەر سنوور. وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق،
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، کارەکانی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای سلێمانی بۆ کردنەوەی رێگەکانی سنوور بەردەوامە و جگە لە دانانی قوللەی چاودێری، کامێرای گەرمبینیش بۆ چاودێریکردنی سنوورەکان لەگەڵ ئێران دادەنرێن.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کارەکانی ئەندازەیی لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی پارێزگای سلێمانی و هێزەکان بۆ کردنەوەی رێگەکانی سنووری نزیک لە خاڵی سفری سنووری لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئێران بەردەوامە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەداوە: "ئەو کارانەی پاسەوانی سنوور سەرەتایەکە بۆ تەواوکردنی سیستەمی پارێزگاریی کە خۆی لە دروستکردنی بنکەی پاسەوانی و قوللەی چاودێری و دانانی کامێری گەرمبین دەبینێتەوە کە بەشێوەیەکی گەورە رۆڵیان لە سنووردارکردنی کارەکانی قاچاخ و دزەکردن لە سنوورەکان دەبێت."
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد، کە قاسم ئەعرەجی، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد، بەشێکی یاداشتەکە پەیوەندیدار بوو بە پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان.
 
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش، رۆژی 19ـی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند: "بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران بە تەواوی چۆڵکران و بۆ ناوچەیەکی دوور لە سنوور دوورخرانەوە و لە چەکیش داماڵدران. هەروەها هێزی پاسەوانیی سنوور لەو ناوچانە بڵاوکرانەوە و بە هەمیشەیی جێگیرکران."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە