رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق رایگەیاند رادەستکردنى تۆپى هاویتزەر بە پێشمەرگە بەگوێرەى یاداشتى سوپاسالاری عێراق بۆ فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بووە، گرێبەستى کڕینیان بەر لە حەوت ساڵ واژۆ کراوە و ساڵی 2023 گەیشتووەتە بەندەرى ئومقەسر و دەڵێت "هێزى پێشمەرگە هێزێکى نیشتمانییە کە گومان لە وەلائی ناکرێت بۆ عێراق".
19ى ئەیلوول وەزارەتى بەرگریى عێراق روونکردنەوەیەکى لەبارەى گەیشتنى تۆپی هاویتزەر بۆ هێزەکانى پێشمەرگە بڵاوکردەوە.
وەزارەتى بەرگریى عێراق راگەیاندووە، کە گرێبەستى کڕینى ئەو تۆپانە لەلایەن عیرفان حەیالى، وەزیرى پێشووترى بەرگرییەوە واژۆ کراوە، لە سەردەمى دەسەڵاتى جومعە عیناد، وەزیرى پێشووى بەرگرى گۆڕانکاریى تێدا کراوە و پارەى ئەو تۆپانە بەر لە پێکهێنانى حکومەتى ئێستا دراون.
6ـی ئابی 2024، ژمارەیەک تۆپی هاویتزەر پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کران و پاشان لە رێوڕەسمێکدا رادەستی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی (1 و 2)ی وەزارەتی پێشمەرگە کران.
وەزارەتى بەرگریى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، کە تۆپەکان لە 20ى تشرینى دووەمى 2023 گەیشتوونەتە بەندەرى ئومقەسر، سەرەڕاى ئەوەى ساڵێک بوو گەیشتبوو، رادەستى پێشمەرگە نەکرا، ئەو تۆپانە لەسەر یاداشتێک رادەست کراون، کە سوپاسالار ئاراستەى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراقى( محەممەد شیاع سوودانى) کردووە، ئەوەش دواى ئەوەى سەرجەم رێوشوێنە پێویستەکان گیراونەتەبەر.
رادەستکردنى ئەو تۆپانە بەهێزى پێشمەرگە کاردانەوەى چەند کەسایەتییەکى لێکەوتەوە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتیی تەقەدووم، 14ى ئەیلوول لە تۆڕى ئێکس نووسی: "بە هەموو شێوەیەک پڕچەککردنی هێزە خۆجییەکان (بە تۆپی قورسی پێشکەوتوو) رەتدەکەینەوە، ئەرکی دەستوورییان تەنیا پاراستنی ئاسایشیی ناوخۆیی سنووری بەرپرسیارێتییانە".
وەزارەتى بەرگریى عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزى پێشمەرگە هێزێکى نیشتیمانییە کە گومان لە "وەلائ"ی ناکرێت بۆ عێراق و گرێبەستى کڕینى ئەو تۆپانەش زیاتر لە حەوت ساڵ لەمەوبەر واژۆ کراوە و رادەست نەکراون، تاوەکو سەرجەم رێوشوێنەکانى تایبەت بەو پرسە نەگیرانەبەر.
لە بەشێکى راگەیێندراوەکەدا هاتووە "وەزارەت ویستوویەتى کەناڵەکانى راگەیاندن دواى درۆ و تۆمەتبەخشینەوە نەکەون، کە لەلایەن کەسانێکەوە دەردەچن ناشارەزان لەو بابەتانەى پەیوەندارن بە پرسەکانى تایبەت بە وەزارەتى بەرگرى".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ