رووداو دیجیتاڵ
کەتائیبی سەیدولشوهەدا، کە گرووپێکی چەکداری شيعە مەزهەبی عێراقییە، بە رووداوی راگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمریکا دژی ئەوان و کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی "جەنگێکی دەروونیین کە هیچ کاریگەرییان نابێت".
بە تۆمەتی ئەوەی کە دەستیان لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا هەبووە، رۆژی هەینی 17-11-2023، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، پێنج ئەندامی کەتائیبی حیزبوڵڵا و ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش سزای بەسەر کەتائیبی سەیدولشوهەدا و هاشم فینیان رەحیم، سەرکردەی گرووپەکەدا سەپاند.
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، رۆژی هەینی 17-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوبەناو سزا بەسەر ئەو لایەنانەدا دەسەپێنێت کە لە بەرەی ئەو نین. بۆیە ئەمە شتێکی ئاساییە و جێگەی سەرسوڕمان نییە".
فەرتوسی گوتی، ئەم سزایانە "بێسوودن و کاریگەرییان لەسەر کەتائیبی سەیدولشوهەدا نابێت، چونکە سەیدولشوهەدا هیچ بەرژەوەندییەکی ئابووری لە ئەمریکا یان دەرەوەی عێراق، یان هیچ شوێنێکی دیکە نییە کە ترسی لێی هەبێت".
گوتەبێژەکە بە رووداوی گوت، "لیواکانی سەیدولشوهەدا بە هیچ شێوەیەک پێویستیان ئەمریکا نییە؛ بۆیە بەهۆی ئەم سزایانە زیانیان پێناگات".
گوتەبێژی کەتائیبی سەیدولشوهەدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمریکا هەوڵی سزادانی هەر گرووپێکی بەرخودان دەدات کە بەرگری لە سەروەری عێراق دەکات لە باکوورەوە تا باشوور، بۆیە ئەمە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە و لێی راهاتووین".
سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە گەنجینەی ئەمریکا ئاراستەی کردوون، فەرتووسی گوتی، "ئێمە وەڵامی ئەو جۆرە قسانە نادەینەوە و لە بنەڕەتدا هیچ قسەیەکمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە. ئەگەر شتێکی بۆ گوتن هەبێت، دەبێت بچێتە لای حکومەتی عێراقی خاوەن سەروەری و سکاڵا و بەڵگەکانی پێشکێش بکات؛ بۆیە ئەم تۆمەتانە وەک تۆمەت دەمێننەوە ئەگەر نەسەلمێنرێن".
فەرتووسی رایگەیاند، "ئەمریکا و گەمارۆکانی ناتوانن هەڵوێستەکانمان بگۆڕن یان شێوازی ژیانمان بگۆڕن، بەتایبەتی کە ئێمە لەنێو ئەو کەسانەدا نین کە گەشت بۆ دەرەوەی عێراق دەکەن یان بەرژەوەندی ئابوورییان هەیە. بۆیە، ئەم سزایانە هیچ شتێک لەبارەی ئێمەوە ناگۆڕن و لە چوارچێوەی ئەو شەڕە دەروونییەی کە دژی گرووپەکانی بەرخودان بەڕێوەدەچێت دەمێننەوە".
بە گوێرەی پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 58 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا، لە کاتێکدا کە گرژیی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە پەرەی سەندووە.
لەو هێرشانەدا لانیکەم 59 سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە پێنتاگۆن دەڵێت، هەموویان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکیان.
هاوکات لەگەڵ سەپاندنی سزا بەسەر کەتائیبی سەیدولشوهەدا و سەرۆکەکەیدا لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە، رۆژی هەینی شەش کەسی خستە لیستی سزاکانییەوە کە پەیوەندییان بە گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقییەوە هەیە.
بەگوتەی نووسینگەکە، ئەو کەسانە "لە پشت زنجیرەیەک هێرشی ئەم دواییەی دژی ئەمریکا و هاوبەشەکانییەوەن لە عێراق و سووریا".
برایان نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی رایگەیاند، "هەنگاوی ئەمڕۆمان پەیامێک بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و هەموو ئەو گرووپانە دەدات کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەوەی کە ئەمریکا هەموو رێکارێکی بەردەست بەکاردێنێت بۆ لێپرسینەوە لە هەر لایەنێکی هەلپەرست کە بیەوێت دۆخی غەززە بۆ ئامانجی خۆی بقۆزێتەوە".
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەشڵێت، "ئێمە بە تەواوی پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە و لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ شکستهێنان بەو کارە تێکدەرانە".
کەتائیبی حیزبوڵڵا پێشتر لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە وەک رێکخراوێکی "تیرۆریستی" پۆلێنکرابوو، ئەوەش بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئەو کەسانەی کە خراونەتە لیسیتی سزاکانەوە بریتین لە:
- عیماد ناجی بەهدلی، ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە دەزگای سەرەکی بڕیاردەری گرووپەکەیە.
- حەبیب حەسەن موغامیس دەراجی، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی کەتائیبی حیزبوڵڵا.
- جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی کەتائیبی حیزبوڵڵا.
- خالد کازم جاسم ساکینی، فەرماندە لە کەتائیبی حیزبوڵڵا.
- باسم محەممەد ماجدی، بەرپرسی پەرەپێدانی بازرگانیی حیزبوڵڵا.
- موجتەبا جەهاندوست، بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران کە هاوئاهەنگی لە نێوان سوپای پاسداران و کەتائیبی حیزبوڵڵادا کردووە.
- هاشم فینیان رەحیم، سەرۆکی کەتائیبی سەیدولشوهەدا.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، لە ئەنجامی ئەم سزایانەدا، سەروەت و سامانی کەسە سزادراوەکان لە ئەمریکا یان هەر شوێنێکی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکییەکان سڕ دەکرێت، هەموو مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵیان قەدەخە دەکرێت، لە پاڵ قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ