رووداو دیجیتاڵ
بەغدا لەدواى 20 ساڵ لە رووخانى دەسەڵاتى حیزبى بەعس بووەتە شوێنێکى جیاواز. ترسی ئەو رژێمە نەما، تەوژمى شەڕى تائیفى دواى رووخانیشى هێور بووەتەوە، بەڵام هێشتا دۆخەکە بەو جۆرە نییە کە عێراقییەکان خۆزگەیان بۆ دەخواست.
ئەبو ئەحمەد، خاوەنى بەلەمى گەشتیارى دەڵێت، "بەخوا عێراق وەکو خۆى وایە، هیچ شتێک نەگۆڕاوە، هاووڵاتییان هیوایان بە باشتر بوو، تاوەکو ئێستا هیچ نەگۆڕاوە."
رۆژی 20-03-2003 ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى جەنگى ئازادکردنى عێراقیان دەستپێکرد، لە 9ى نیسان بە کۆنترۆڵکردنى بەغدا کۆتایی بە دەسەڵاتى حیزبى بەعس هێندرا.
دۆخى ئاسایش و ئابوورى و بونیاتنانەوەى دەوڵەت گەورەترین ئاڵنگارییەکانن لە عێراق، کە دواى 20 ساڵ لە گۆڕانکاریى دەسەڵات هێشتا بە تەواوى سەرپێى خۆى نەکەوتووە.
حوسێن عەلى، هاووڵاتیی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، "لەدواى رووخان، پێشبینیى ئەوەمان کرد عێراق کە رزگاری بێت لە سەدام حوسێنى ستەمکار، عێراقێکى باشتر بێتە کایەوە، بەڵام نەهامەتى لەدواى نەهامەتى روویدا، سەدام رۆیشت و 20 سەدام یان هەزار سەدامى دیکە هاتن."
نەبوونى خزمەتگوزارى، هەژارى و کەمیى دەرفەتى کار هۆکارى زۆرترین ئەو رەخنانەن رووبەڕووی بەرپرسانی عێراق دەکرێتەوە، بەگوێرەى پێشبینیى وەزارەتى پلاندانان، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەى هەژارانی عێراق دەگاتە 10 ملیۆن کەس.
کەڵەکە بوونى کێشەکان لە ماوەى 20 ساڵى رابردوودا، گوشارى شەقامى لە عێراق زیاد کرد، هێشتا هەندێک ئومێدیان ماوە بە ئاییندەیەکى باشتر.
بەرا سەلمان، چالاکڤان دەڵێت، "بڕوام وایە گەنجان پێشڕەوى تێڕوانینى نوێ و شۆڕش دەکەن، ئەوان دەبنە بناخە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە خۆپێشاندانەکانى ساڵى 2019 بوو، بینیمان گەنجان پێشڕەویى ئەو خۆپێشاندانانەیان دەکرد، بۆیە هیوام هەیە."
لەدواى ساڵى 2003 پێنج جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە، گرەوى بەردەوامى دەنگدەر و پارتە سیاسییەکان لەسەر باشتر کردنى دۆخى عێراقە، کە 20 نەوەى نوێ چاوەڕێیەتى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ