رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق پلانێکی ئەمنیی تایبەتی بۆ پاراستن و گواستنەوەی میمۆری و سندووقەکانی دەنگدانی راگەیاند.
لیوا تەحسین خەفاجی، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، دوای تەواوبوونی دەنگدان، سندووق و میمۆرییەکان لەلایەن هێزی ئاسمانیی عێراقەوە دەگوازرێنەوە بۆ بارەگای سەرەکیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا، بەڵام ئەگەر کەشوهەوا بۆ فڕین نالەباربوو، ئەوا لە ژێر پاراستنی کاروانی سەربازی و ئەمنی، دەگوازرێنەوە.
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "گرنگترین کار لە ماوەی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا، بریتییە لە گواستنەوەی سندووق و میمۆرییەکانی دەنگدان و گەیاندنیان بە کۆمیسیۆن، چونکە ئەوان پابەندن بە راگەیاندنی ئەنجامەکان دوای 6 کاژێر لە کۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتی".
دوای 10 ساڵ کە شەڕی دژی داعش و دواتریش پەتای کۆرۆنای بەخۆیەوە بینی، عێراقییەکان حکومەتی خۆجێی 15 پارێزگەی باشوور و نێوەڕاستی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن.
رۆژی شەممە، ملیۆنێک و دوو هەزار و 393 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوو.
ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە مافی دەنگدانیان هەبوو، 48 هەزار و 260 کەس بوو.
دەنگدانی گشتی لە رۆژی دووشەممە دەبێت، کە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە دەنگدانی تایبەتدا، کاژێر 7:00ی بەیانی تاوەکو 6:00ی ئێوارەی رۆژی شەممە، 565 بنکەی دەنگدان کرانەوە کە دوو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدانیان لەخۆگرتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ