رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمئاوی و وشکەساڵییەوە، وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق چاندنى برنج سنووردا دەکات بۆ نیوەى ساڵى رابردوو.
محەممەد خوزاعى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەزارەتەکەى بڕیاریداوە کە رووبەرى چاندنى برنج لە عێراق سنووردار بکات بۆ پێج هەزار دۆنم، کە تایبەت دەبێت بە برنجى جۆرى عەنبەر.
محەممەد خوزاعی گوتیشى "ئەوە بڕيارە بۆ پلانى هاوينەى كشووكاڵە بۆ ساڵى 2023، دابەشکارى ئەو پێنج هەزار دۆنم زەوییە بۆ برنج، بە جۆرێکە؛ سێ هەزار دۆنمى لە سنوورى پارێزگاى نەجەف و دوو هەزارەکەی دیکە لە سنوورى پارێزگاى دیوانیە دەبێت."
لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەویی بۆ چاندنی برنجى عەنبەر دیاریکرابوو. گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق گوتى "ئامانج لەو هەنگاوە ئەوەیە؛ ئەو جۆرە برنجە نەفەوتێت، چاندنى برنج ئاوى زۆرى دەوێت، بۆیە ئەو بڕیارەمان داوە."
بەر لە وشکەساڵى و کەمبوونەوەى ئاو، لە عێراق زیاتر لە 600 هەزار تۆن برنج بەرهەمدەهێندرا، لە دوو ساڵى رابردوودا بڕەکەى بۆ خوار 300 هەزار تۆن کەمبووەتەوە، لەکاتێکدا عێراق ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار تۆن برنج هاوردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ