رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە، یەکێکە لە بڕگەکان، هەموارەکە مادەی 12ی یاساکە لە خۆدەگرێت، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان.
بڕیارەی کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 26ـی مانگ، پەرلەمانی عێراق یەکەمین کۆبوونەوە بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی بکات، بەرنامەی کار کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە پێنج بڕگە پێکهاتووە. یەکێکیان خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی سێ ساڵە (2023-2024-2025).
د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە پرۆژەیاساکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەمووارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 ئەوە هاتووە، دەبێت حکومەتی عێراق قەرەبووی هەرێمی کوردستان بکاتەوە بۆ پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و گواستنەوەکەی.
بە گوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەرکاتێک دامەزراوەکە نرخەکەی دیاریکرد، ئەگەر نرخەکە زیاتر بوو لە 16 دۆلار، ئەوا دەبێت حکومەتی فیدراڵ زیادەی پارەکە بداتە هەرێمی کوردستان.
رۆژی 5ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسندکرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە.
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات کە وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ بکات، یان رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات.
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، کە شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە دیاری بکرێن لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە 25-3-2023ـەوە راگیراوە و تاوەکو ئێستا عێراق و تورکیا ئەوەیان راگەیاندووە کە لارییان نییە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کێشەیان هەبوو لە کەمیی ئەو نرخەی بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک دانرابوو.
بڕگەکانی دیکەی دانیشتنەکەی پەرلەمان، بریتین لە: دەنگدا بە پڕۆژەیاسای پەسندکردن رێککەوتنی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ئاسمانیی نێوان عێراق و رووسیا. خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی مافی قوربانیانی نەخۆشخانەی ئیبن سینا، قوربانیانی سەنتەری نەقا و قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە. خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانی. خوێندنەوەی دووەم، بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بەرگری شارستانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ