رووداو دیجیتاڵ
جاران پارێزگای دیوانییە و نەجەفی دراوسێی لە باشووری عێراق، بە کێڵگە گەورەکەی بەرهەمهێنانی برنجی عەنبەر دەناسران کەچی ئێستا کەمیی ئاو، خەریکە ئەو ناسناوەیان لێ دەسێنێتەوە.
عەباس نوور، جووتیارێکی دانیشتووی دیوانییە دەڵێ "ئەم ناوچەیە برنجی عەنبەری تێدا دەچێندرێت. عەنبەریش بەرهەمێکی دەگمەنە، چەند ساڵێکە حکومەت رێگری لە چاندن لەم ناوچەیەدا دەکات و لە ئاو بێبەشی کردووین".
لە سەردەمی زێڕینی چاندنی برنجی عەنبەردا، هەموو چرکەیەک 180 مەتر سێجا ئاو بۆ ئەم ناوچەیە دابین دەکرا؛ لە 2022 بۆ 90 مەتر سێجا کەمکرایەوە و ئەمساڵیش وەک جووتیاران دەڵێن "بێ سەروبەرییەکە، ئەوسەری دیار نییە".
شێخ حامید، جووتیارێکی دیکەی دانیشتووی دیوانییەیە و باس لەوە دەکات "خێزانەکانی ئێرە لەسەر کشتوکاڵ دەژین، ئێستا نەهامەتی رووی تێکردوون، ئاو نییە و ئاژەڵەکان وا مردار دەبنەوە، حکومەت خەریکی چییە؟ خۆ دنیا ناڕووخێت ئەگەر قسەیەک لەگەڵ تورکیا و سووریا بکەن، جووتیارانمان هیلاکن و چیدیکە بەرگەی ئەم سەختییە ناگرن".
رووبەری چاندنی برنجی عەنبەر لە 350 هەزار دۆنمەوە بۆ کەمتر لە 10 هەزار دۆنم کەمبووەتەوە.
ئێستا کە پشکی عێراق لە سەرچاوەکانی ئاو لە وڵاتانی دەوروبەر بەڕێژەی 70٪ بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمبووەتەوە، ترس و نیگەرانیی وشکبوونی ناوچەکە و نەمانی بەرهەمی ئەو برنجە و فراوانبوونی شەپۆلی کۆچکردن بەرەو شارەکان، تادێت زیاتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ