دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

15-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ جاری دووەم دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری لەبارەی سکاڵایەکی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە دژی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان نەدا و دانیشتنەکەی دواخست. راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "لەسەر داوای ئێمە دانیشتنەکە بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا."
 
رۆژی یەکشەممە، 15-1-2023، وریا سەعدی ئەحمەد، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئێمە وەکو تیمی راوێژکارانی یاسایی پەرلەمانی کوردستان داوامانکرد کۆبوونەوەکە دوابخرێت بۆ ئەوەی بەڵگەنامەی زیاتر ئامادە بکەین، چونکە ئەو سکاڵایەی کراوە پێشتر چوار سکاڵا بوون و یەکخران و کرانە یەک سکاڵا."
 
داواکە، کە داوایەکی دواخراوی رۆژی، 18-12-2022ـە، سکاڵاکار داوای پووچەڵکردنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی دژایەتیی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکە هاتووە، "مافی دەستووریی دیاریکراو لە ماددەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."
 
سەبارەت بە دانیشتنی داهاتووی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵاکە، وریا سەعدی گوتی: "لەبەر ئەوەی سکاڵاکە چوار سکاڵا بوون و کراونەتە یەک سکاڵا، پێویستمان بە کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاریی زیاترە، بۆیە دانیشتنەکە بۆ کۆتایی رۆژی 31ی ئەم مانگە دواخرا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە