رووداو دیجیتاڵ
جێگری ئەبوبەکر بەغدادی، کە 11ی ئۆکتۆبەری 2021 حکومەتی عێراق دەستگیرکردنی راگەیاند، لە دانپێدانانەکانیدا زۆر نهێنی ئاشکرا دەکات و دەڵێت لە ماوەی دوو ساڵدا دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ داعش کۆکردووەتەوە. باس لە بەقاچاخفرۆشتنی نەوت دەکات و دەڵێت،پێش ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکات، ئەبوبەکر بەغدادی فەرمانی کوشتنی بۆ دەرکردووە.
دوای هەوڵێکی هەواڵگریی عێراق کە نزیکەی شەش مانگی خایاندووە و بە سەرپەرشتی دادوەری یەکەمی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی تایبەت بە دۆسییەکانی تیرۆر، حاجی حامد، دیارترین سەرکردەی داعش لە وڵاتانی ئەوروپاوە هێنراوەتەوە تاوەکو لە دەرەوەی سنووری عێراق و لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 دەکەوێتە دەست هێزە هەواڵگرییەکانی عێراق.
حاجی حامد، لەبەردەم دادگە لە عێراق زانیاری هەستیاری درکاندووە، کە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بڵاویکردووەتەوە،
بەپێی ئەنجوومەنی دادوەریی، حاجی حامد، بە تەنیا جێگری سەرۆکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام "داعش" نەبووە، بەڵکو "پیاوی پارە" بووە و یەکێک بووە لە دیارترین کۆڵەکەکانی دروستکردنی رێکخراوەکە کە لە عێراق و سووریا سووتەمەنی بەکارهێناوە بۆ بەردەوامبوونی رێکخراوەکە لە کارەکانی.
حاجی حامد، لەدایکبووی 1974ە، لەنێو رێکخراوی داعشدا ناسناوی حاجی حامد و ئەبو ئاسیای هەبووە، لە ساڵی 2004وە پەیوەندیی بە بزووتنەوەی "تەوحید و جیهاد" کردووە و دواتر لە چەندین رێکخراوی جیهادیی ئەندام بووە دوایینیان داعش بووە، کە سەرۆکایەتی چەندین دامەزراوە و دیوانەکانی رێکخراوەکەی لە عێراق و سووریا کردووە و دارایی رێکخراوەکەی بەڕێوەبردووە.
حاجی حامد ناوی تەواوی "سامی جاسم جبووری"یە، هاووڵاتی عێراقییە و خەڵکی ناوچەی شرگاتە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دەرچووی ئامادەیی پێشەسازییە.
"تەوحید و جیهاد"
ئەبو ئاسیا لە دانپێدانانەکانی لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە لە بەغدا دەڵێت: "دوای بۆشایی ئەمنی بەهۆی رووداوەکانی ساڵی 2003وە و دەستگرتن بەسەر چەندین پارچە چەکی قورس و سووک و مامناوەند لە سەربازگەکاندا، لەو گوندەی تێیدا دەژیام شاردمنەوە، لەساڵی 2004 دوای دروستبوونی نزیکەی 12 گرووپی چەکداری کە داوای شەڕکردنیان لە دژی هێزەکانی پۆلیس و هێزە هاوبەشەکان دەکرد، پەیوەندیم بە گرووپی تەوحید و جیهاد بە سەرۆکایەتی ئەبو مەسعەب زەرقاوییەوە کرد و چەندین پارچە چەکم پێ بەخشین، لەگەڵ گرووپەکەمدا دەستمکرد بە چاندنی بۆمبی جێنراو و ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو".
هەروەها درێژە بە دانپێدانانەکانی دەدات و دەڵێت: "دوای ئەوەی فەتوای کوشتنی هەموو ئەو کەسانە دەرچوو کە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کاردەکەن دەستمان بە رفاندنی ئەو کەسانە کرد، کە پەیوەندییان پێیانەوە کردبوو و بە هەڵگەڕاو و خیانەتکارمان هەژماردەکردن، کە کوشتنیان رێگەپێدراوە، هەروەها فەتوا بۆ تەکفیرکردنی ئەو کەسانەش دەرچوو کە لە مەزهەبەکانی دیکەن، بۆیە چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراومان بە هێزە ئەمنییەکاندا لە بازاڕ و ناوچە قەرەباڵخەکان تەقاندەوە و دوای ماوەیەک هەموو گرووپەکان لەژێر ناوی رێکخراوی قاعیدە لە وڵاتی رافیدەین رێکخرانەوە".
لە نەیارەوە بۆ دەستەڕاستی بەغدادی
لە ساڵی 2014 رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش بەشێوەیەکی زەق ناوی کەوتە سەر زاری میدیاکان دوای ئەوەی توانی لە سووریا هەندێک ناوچە کۆنتڕۆڵ بکات و رۆژی 10ی حوزەیرانی 2014 بە گرتنی مووسڵ و چەند ناوچەیەکی پارێزگای نەینەوا فۆکەسی زیاتری کەوتەسەر.
سامی جبووری، جێگری سەرۆکی رێکخراوی داعش، لە بەشێکی دیکەی دانپێدانانەکانیدا دەڵێت: "لە ساڵی 2013 ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی رێکخراوی داعش فەرمانی کوشتنی بۆ دەرکردم، بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ بەرەی نوسڕە بە سەرۆکایەتی ئەبو محەممەد جۆلانی، کە لە رێکخراوی داعش جیابووبووەوە، دوای هاتنە سەر هێڵی ژمارەیەک لە سەرکردەکان و پشتیوانیکردنیان بۆ من، ئەبوبەکر بەغدادی لێخۆشبوونی بۆ دەرکردم و منی بۆ جومگەی دارایی ویلایەتی نەینەوا دیاریکرد وەک وەرگری پارە لەگەڵ ژمارەیەک پارەوەرگری دیکە و بە پاساوی یارمەتیدانی چەکدارانی رێکخرای داعش سەرانەمان لەو کەسانەی دۆخی داراییان باشە و لە خاوەن وێستگەکانی سووتەمەنی و کۆمپانیا و بازرگان و پزیشکەکان وەردەگرت".
دەشڵێت: "ژمارەیەک کەسمان کوشت لەوانەی ئامادەنەبوون سەرانەمان پێبدەن و ژمارەیەکی دیکەش خانووەکانمان تەقاندنەوە یان رفاندمانن، خۆی یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی". ئاشکراشی دەکات بڕی ئەو سەرانەیەشی لە ویلایەتی نەینەوا وەریاندەگرت مانگانە دەگەیشتە 500 هەزار دۆلار و نیوەی بۆ بەغدادی دەڕۆیشت و نیوەکەی دیکە دەخرایە ژێر دەسەڵاتی والی ویلایەتی نەینەوا".
"ئۆپەراسیۆنەکانی فەتح"
رێکخراوی داعش ناوی "ئۆپەراسیۆنەکانی فەتح"ی لە داگیرکردنی سێ پارێزگای عێراقی لە حوزەیرانی 2014 ناوە، سامی جاسم جبووری دەڵێت: "داعش گوتی ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ رزگارکردنی سوننەکانی عێراقە لە هێزە کافرەکان و هەڵگرتنی کۆتوبەندەکانی سەریان و کردنەوەی سنوورەکان دەبێت لەنێوان وڵاتانی موسڵمان و یەکخستنیان".
جێگرەکەی بەغدادی باسی هێرشەکەیان بۆ ناوچەسوننەنشینەکان دەکات و دەڵێت:"دوای ماوەیەکی کورت یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەبوبەکر بەغدادی پێیڕاگەیاندم ئامادەبم بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی فەتحی نەینەوا، بەکردەییش چەک و تفاقمان ئامادەکرد و موسڵمان گرت و دوای ئەوە رێکخراوی داعش پارێزگاکانی سەڵاحەدین و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی لە پارێزگای دیالە کۆنترۆڵکرد و دەست بەسەر کەرەستەی فەرمانگەکانی حکومەت و خانووی کەسانی پارەداردا گیرا و هەڵساین بە ئازادکردنی هەموو ئەو تۆمەتبار و راگیراوانەی هەبوون و دەستمان بەسەر چەکی بنکەکانی پۆلیسدا گرت و رێنمایی دەرچوو بۆ ئامادەکردنی لیستی ناوی ئەندامانی هیێە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی بۆیان بگەڕێێن و دەستگیریان بکەین".
گوتارەکەی بەغدادی
دوای ئەوەی داعش پەلاماری موسڵی دا، ئەبوبەکر بەغدادی لە مزگەونی نووری لە مووسڵ گوتارێکی پێشکەشکرد و خەلافەتی راگەیاند.
سامی جاسم جبووری، کە لەلای هێزەکانی عێراقە دەڵێت: "ئەبوبەکر بەغدادی، ئەمیری داعش بە ئۆتۆمبیلی جامڕەش هاتە مزگەوتی نووری و ئەبو عەبدوڵڵا قەرداش و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی لەگەڵدا بوو، ئەبو محەممەد عەدنانی چووە سەر مینبەر بۆ ئەوەی ئەبوبەکر بەغدادی وەکو خەلیفەی موسڵمانان بناسێنێت، دوای ئەوەی بەغدادی چووە سەر مینبەر خەلافەتی ئیسلامیی راگەیاند و هانیداین لەسەر بەردەوامیدان بەشەڕ و داگیرکردنی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام".
بە گوتەی جبووری، دوای گوتارەکە بەغدادی رۆیشت بۆ شوێنێکی نادیار و دوای ئەوە سەرکردەکانی داعش رێنماییان دەرکرد بۆ دانانی بازگەی ئەمنی لە ویلایەتەکان و دەستکردن بە دامەزراندنی دیوانەکان بۆ دامەزراندنی پەیکەربەندێکی کارگێڕی بۆ رێکخستنی داعش.
داعش ژمارەیەک دیوانی دامەزراند لەوانەش؛ داد، سەربازی، فێرکردن، رەکاز، تەندروستی، زەکا، حسبە، بەیتولمال و کۆکردنەوەی دەستکەوتەکان و بەرپرس بۆ هەر دیوانێک دیاریکران.
جبووری.. خەزێنەکەی داعش
دیوانی رەکاز "سامانی زەوی و ژێرزەوییە"، لە دیوانە گرنگەکانی رێکخراوەکە بوو، کە بەرپرس بوو لە فرۆشتنی بەرهەمەکانی نەوت و لێدانی بیر و کێڵگە نەوتییەکان و هەر شتێک لە زەوی و ناوەوەی بەرهەم بێت.
سامی جاسم جبووری، لە دانپێدانانەکانیدا دەڵێت: "وەکو بەرپرسی دیوانی رەکاز دیاریکرام دوای ماوەیەک لە ئۆپەراسیۆنی فەتحی نەینەوا، لەم دیوانەوە دەستمکرد بە قۆستنەوەی سووتەمەنی لە عێراق و سووریا بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامیی رێکخراوی داعش، دیوانەکە لە 2500 کەس پێکدەهات بەپێی کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەکان دابەشکرابوون، نەوت و بەرهەمەکانی لە عێراق لە هەردوو کێڵگەی گەیارە و عەلاس دەردەهێنران، لە سووریاش لە کێڵگەکانی تەنەک و عومەر و شولە و سعیودە و کۆناکۆ، هەمووشی بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی نێو کێڵگەکان".
سەبارەت بە چۆنیەتی ساخکردنەوەی نەوتەکە، سامی جاسم جبووری دەڵێت: "نەوتەکە بە تانکەر دەگوازرایەوە بۆ عەمبارەکان و نەوتی عێراق دەفرۆشرایە خاوەن کارگە و پاڵاوتگە بچووکەکان و بەشێکی بەقاچاخ دەبرایە دەرەوەی ویلایەتی نەینەوا و دەچووە وڵاتانی دراوسێ -ناوەکانیان پارێزراون-، بەشی دیکەشی لە بازاڕی رەش لە رێگەی بەندەرێکەوە، کە لە دەستی داعشدا بوو بە 180 دۆلار بۆ هەر تۆنێک دەفرۆشرا، لە ماوەی دوو ساڵی کارکردنم لە دیوانی رەکاز داهاتەکانی داعشم گەیاندە ملیارێک و 250 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا کە دەدرایە بەیتولمال و دواتر خەرج دەکرا".
سامی جبووری لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت بەردەوام لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی لە پەیوەندیدا بووە و تاوەکو ساڵی 2016 سێ جار یەکدیان بینیوە، دوو جاریان لە ویلایەتی نەینەوا و جارێکیان لە سووریا کە بانگی کردووە بۆ ئەوەی کاری دیوانی رەکاز باشتر بکات، چونکە رێکخرای داعش پێویستی بە پارە و بۆمب و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی زیاتر هەبووە.
دراوە ئاڵتوونییەکەی داعش
لە هێرشێکی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەڵەتی دژی داعش لە ساڵی 2016 "ئەبو عەلی ئەنباری" کە بەرپرسی دیوانی بەیتولمال، یەکێک لە گرنگترین دیوانەکانی داعش، کوژرا.
بەپێی دانپێدانانەکانی سامی جبووری کوشتنی ئەو بەرپرسە بۆشاییەکی زۆری لە بەڕێوەبردنی داعشدا دروستکرد، جبووری دەڵێت: "دوای ئەو کوشتنە بەپەلە و لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادییەوە بۆ رەققە لە سووریا بانگکرام، لەوێ و لەسەر داوای بەغدادی کرام بە بەرپرسی دیوانی بەیتولمال و لێرەوە بەردەوام لە پەیوەندیی نزیکتربووم لە سەرکردەکانی داعش، چونکە ئەمیری بەیتولمال پێویستە میکانیزمی دابەشکردنی بوودجەی ویلایەتەکان و چەندین کاری دیکە لەگەڵ والی ویلایەتەکان باس بکات".
دەشڵێت: "بەیتولمال لە دەستەی کاش و ژمێریاری و چاودێری پێدەهات، دوای دەستبەکاربوونم بۆم دەرکەوت کە خەزێنەی رێکخراوەکە 250 ملیۆن دۆلار و 3000 کیلۆگرام زێڕی تێدابوو، هەمووی هەڵگیراون و لە خانوو و تونێلدا لەژیر زەوی پارێزراون و چەند کەسێکی سەر بەبەیتولمال سەرپەرشتی دەکەن، بەشی هەرە زۆری لە هەناردەکردنی نەوتەوە بەدەست هاتبوون، بەشێکی دیکەشی دەستکەوتەکانی دزینی دەرەکی دەرەوەی سنوورەکان و سەرانە و رفاندنی هەندێک سەرمایەدار و بازرگان و کەسانی دەوڵەمەندبوون و دواتر وەرگرتنی پارە لێیان بەرامبەر رزگارکردنیان".
سەبارەت بە دەرکردنی دراوی دەوڵەتی ئیسلامی، سامی جبووری دەڵێت: "دوای ئەوەی بەکردەیی دیناری ئیسلامیمان لێدا، کە لە زێڕی تەواو دروستمانکردبوو و دەستکرا بە کاری بەکارهێنانی لە کڕین و فرۆشتنی زەوییەکان لەنێو رێکخراوەکە و پێدانی پارەمان بە ئەندامانی دیوانی سەربازیی بۆ بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل کاراکرد و بڕی ئەو پارەیە دەگەیشتە 3000 دۆلار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک کە بۆ تەقاندنەوە بە هێزە ئەمنییەکان ئامادە دەکرا، بەرپرسیارییەتی من وەکو بەرپرسی دیوان بریتیبوو لە کۆکردنەوەی داهات و پێدانی بودجە بە ویلایەتەکان و بە دیوانی سەربازیی بۆ ئەوەی لە کڕینی پێویستییەکانی تایبەت بۆ لێدانی هێزە ئەمنییەکان لە عێراق و سووریا خەرج بکرێت".
گواستنەوەی سامانی داعش لە عێراقەوە بۆ سووریا
سامی جاسم جبووری، جێگری ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی رێکخراوی داعش، لە دانپێدانانیدا لەبەردەم ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردووە، چەندین زانیاری لەبارەی رزگارکردنی مووسڵەوە درکاندووە، ئەو دەڵێت: "لە ساڵی 2017 کاتێک لە ویلایەتی فورات (قائیم) بووم، بۆ رێگەگرتن لە پێشڕەوی هێزە عێراقییەکان ناچاربووم فەرمان دەربکەم بۆ گواستنەوەی هەموو پارەکانی رێکخراوەکە لە عێراقەوە بۆ سووریا و هەموو پارەکان بخرێنە هەژماری کەسییەوە لە دەرەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و دانی بڕە پارەیەک بە والییەکان بەهۆی بڕینی رێگەکانەوە".
دەشڵێت "دوای پێشڕەوی هێزەکانی عێراق و کەمبوونەوەی رووبەری زەوی ژێر دەسەڵاتی داعش و بڕینی زۆرینەی رێگەکانی گەیاندن لە عێراق، هەڵسام بە دەرکردنی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دیوان و بەڕێوەبردنەکان لە عێراق و هەموویان خرانە سەر دیوانی سەربازیی بۆ ئەوەی رێگە لە پێشڕەوییەکانی هێزە عێراقییەکان بگرن، کاتێک لە ویلایەتی فورات (قائیم) بووم کە لەلایەن ئەبو حوسێن ئەعوەرەوە سەرپەرشتی دەکرا، شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و ئەندامانی رێکخراوی داعش دروست بوو، لەبەر ئەوەی لەوێ بووم و لە پۆستێکی نزیک لە سەرکردایەتی باڵا بووم هەستام بەدانانی پلانێک بۆ ئەو شەڕە، چونکە هێزە ئەمنییەکان بەرەو سەنتەری ویلایەتی فورات دەڕۆیشتن و پلانێکم دانا بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبونەوەیان لە سێ هێڵەوە، یەکەمیان بۆ هێرشبەرە خۆکۆژەکان بوو، دووەمیان بۆ هێرشبەرە پشتیوانیکارەکان بوون بۆ ئەوەی هێڵی بەرگریی دروستبکەین، سێیەمیش بۆ پشتیوانی بە مەفرەزەی پاڵپشتی لە رێگەی هاوەنبارانکردن و مووشەکبارانکردن، ئەمانە رۆڵیان هەبوو لەپێشکەوتنیان".
"چوار هاوژینەکەم نارد بۆ وڵاتێکی دراوسێ"
سامی جاسم جبووری، هەروەها دەڵێت: "دوای ئەوەی گەمارۆکان زیادبوون و هێزە عێراقییەکان لە هەموو قۆڵەکانەوە و بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی و بۆردومانی مووشەکی زیاتر بەرەو قائیم پێشکەوتن، ئەمیر فەرمانی بە کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی بۆ نێو سووریا دەرکرد، من و ژمارەیەک لە چەکدارەکان توانیمان بچینە سووریا و لەوێ راستەوخۆ چاوم بە ئەبوبەکر بەغدادی و حاجی عەبدوڵڵا قەرداش کەوت و قسەمان کرد لەسەر دانانم وەکو جێگری ئەمیر و بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک لەنێو داعش بەوەی من دەستم لە هەموو پۆستەکانم هەڵگرت بۆ ئەوەی دەستگیرنەکرێم و بۆ ئەوەی نەناسراوبم، چونکە هەموو زانیارییە هەستیارەکانم لەبارەی ئەندامانی رێکخراوی داعش و میکانیزمی کارکردنی و جومگە ئابوورییە هەستیارەکانی لەلابوو".
هەروەها زیاتر دەڵێت: "دوای ئەوەی هێزەکانی سووریا لە ساڵی 2018 پێشڕەویان کرد و زۆرینەی رێگەکان گیران و چەندین چەکدارمان هەڵاتن و خۆیان بەدەستەوەدا بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هەر چوار هاوژینەکەم و ئەندامانی خێزانەکەم نارد بۆ وڵاتێکی دراوسێ و دوای ماوەیەکی کەم لەگەڵ یەكێک لە قاچاخچییە سوورییەکان رێککەوتم بۆ ئەوەی دەربچم و بڕۆم بە هاوژینەکانم و ئەندامانی خێزانەکەم بگەم، ئەوەبوو سنوورمان بەشێوەیەکی نایاسایی بڕی و دوای ئەوەی پێیانگەیشتم چەند رێوشوێنێکی ئەمنیم گرتەبەر بۆ شاردنەوەی رووخسارم، چونکە بری پێنج ملیۆن دۆلار دیاریکرابوو بۆ ئەو کەسەی زانیاریم لەسەر بدات و پێیمبگەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ