رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دوو بژاردە دەخاتە بەردەم ئاوارەکانى نێوەڕاست و باشووری عێراق و داوا دەکات تاوەکو 10ـی ئەیلوول، یەکێکیان هەڵبژێرن؛ یان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، یان لەو پارێزگایانە نیشتەجێ بن کە ئێستا تێیاندا دەمێننەوە و ئیدی وەک ئاوارە مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت.
عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رۆژی دووشەممە 14-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "10ى ئەیلوول دیاریکراوە وەک دوایین وادە بۆ سەرجەم ئەو ئاوارانەى لە دەرەوەى کەمپەکانن لە سنوورى پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق تاوەکو بەشێوەیەکى خۆویستانە ئەوە یەکلایی بکەنەوە کە دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان یان دەمێننەوە. ئەگەریش دوای ئەو کاتە لە شوێنی خۆیان مانەوە، ئیدی وەک دانیشتووانى ئەو پارێزگایە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە تێیدان، نەوەک ئاوارە".
عەلى جیهانگیر گوتی، ژمارەى ئەو ئاوارانە نزیکەى چوار هەزار کەسە، کە بەهۆى شەڕى داعشەوە لە ناوچەکانیان ئاوارە بوون، بەڵام زۆربەیان لەو پارێزگایانە جێگیر بوون و کارى خۆیان دەکەن.
لە 29ـی کانوونى یەکەمى 2022 ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ماوەى شەش مانگى دیاریکرد بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەى ئاوارەکان لە عێراق و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانى خۆیان.
بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، پێشتر دوو مانگ وەک دەرفەت دراوە بەو ئاوارانە بۆ ئەوەى خۆیان یەکلایی بکەنەوە و کاتەکە لە 10ـی ئەیلوول کۆتایی دێت؛ گوتیشى، "ئەو بڕیارە ئاوارەى کەمپەکانى هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ