دوو یاریزانی ئەمریکی یاری بۆ یانەی حەشدی شەعبی دەکەن

15-04-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
برۆن وێسلی و فێرلیی ئەمریکی یاری بۆ یانەی باسکەی حەشدی شەعبی دەکەن
برۆن وێسلی و فێرلیی ئەمریکی یاری بۆ یانەی باسکەی حەشدی شەعبی دەکەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێچەوانەی هەڕەشە بەردەوامەکانی حەشدی شەعبی و ئەمریکا لە یەکدی؛ دوو وەرزشڤانی ئەمریکی یاری بۆ یانەی باسکەی حەشدی شەعبی دەکەن. برۆن وێسلی، ئونتۆنیۆ فێرلی لە ئەمریکاوە هاتوونەتە بەغدا لەگەڵ یاریزانانی یانەی حەشدی شەعبی راهێنان دەکەن بۆ ئەوەی نازناوی ئەمساڵی خولی باسکەی عێراق بەدەستبێنن. 
 
برۆن وێسلی، ئونتۆنیۆ فێرلی، دوو یاریزانی ئەمریکین، بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی باسکەی عێراق گرێبەستیان لەگەڵ یانەی باسکەی حەشدی شەعبی کردووە، سەرقاڵی مەشق و راهێنان و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی باسکەی شورتە. 
 
عەقیل نەجم، راهێنەری یانەی باسکەی حەشدی شەعبی بە رووداوی راگەیاند "یاریزانە پیشگەرەکان زۆر باشن یاریزان وێسلی لە کۆتایی قۆناخی یەکەم هاتە یانەکە، یاریزانی دوووەمیش ئەنتۆنیۆ فێرڵی، راستە یاریزانێکی لاوە پیشەگەرە بەڵام تواناکانی زۆرباشە، هاوئاهەنگی لەگەڵ یاریزانەکان دروستکردووە."
 
یانەی وەرزشیی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2020ـەوە دامەزراوە، هەر لەو ساڵە وەزارەتی وەرزش لاوانی عێراق بەفەرمی مۆڵەتی پێداوە.
 
یانەی باسکەی حەشدی شەعبی بە هێنانی یاریزانانی پیشەگەر بەتایبەتی ئەمریکییەکان، هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە خولی نایابی باسکەی عێراق بەهێز بکات، بە بردنەوەشی لە شورتەی رکابەری دەچێتە یاری کۆتایی پاڵەوانێتیەکە.
 
عەلی عەبدوڵڵا، یاریزانی یانەی باسکەی حەشدی شەعبی، دەڵێت "پەیوەندیمان زۆر باشە، ئەمریکی و عەرەبی و کۆری هەمووان پێکەوەیەن و جیاوازی نییە لە نێوانماندا، سوپاس بۆ خوا. یاریزانی زۆر هەن لە باشوور و باکوور لە بەغدا کورد، عەرەب، ئەمریکی خولی باسکە زۆر خۆشە، جەماوەریش زیاتر دەبێت، یاری دوای یاری دەبینین خۆشەویستی خەڵک بۆ یاری باسکە زیاتر دەبێت."
 
لە خولی نایابی باسکەی عێراق یانەی حەشدی شەعبی رکابەری دەکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، ئێستا یانەی نەوت پلەی یەکەمی خولەکەی گرتووە، شورتە بەپلەی دووەم دێت و پلەکانی سێیەم و چوارەم لای نەوتی بەسرە و حەشدی شەعبییە. 
 
جیاواز لە دیوە سیاسییەکی و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی سووتاندنی ئاڵای ئەمریکا، لە یانەی باسکەی حەشدی شەعبی، ئەمریکییەکان رێز لێ گیراون، یانەکە پشتی پێیان بەستووە تاوەکو ببنە پاڵەوانی خولی نایابی باسکەی عێراق .
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە