رووداو دیجیتاڵ
ناوچەی پیشەسازیی نەهرەوان لە نێوان بەغدا و دیالە بە خراپترین ناوچەی ژینگەی عێراق دادەنرێت. رۆژانە نزیکەی 800 کارگەی دروستکردنی خشتی سوور، دووکەڵی رەش دەکەن بە ئاسماندا.
فاتیمە عەلی لەگەڵ پێنج منداڵەکەی رۆژانە 12 کاژێر لەنێو یەکێک لە کارگەکاندا کار دەکەن، فاتیمە دەڵێت، "بە پارەیەکی کەم لەنێو ژینگەیەکی زۆر پیس ژیان دەگوزەرێنین."
فاتیمە عەلی، کرێکاری دروستکردنی خشت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو خەڵکەی لێرە دانیشتووە تەنیا لەپێناو نانە تاوەکو بژیت نەک زیاتر. خەڵک هەژارن و هەریەکە و پێنج بۆ شەش منداڵی هەیە و خەریکە دەخنێکێن، ئەو رۆژە خەریک بوو منیش بخنکێم بەهۆی ئەو دووکەڵەوە، پزیشکەکە پێیگووتم جگەرە دەکێشێ، منیش گوتم جگەرەی چی لە کارگە کاردەکەم، جگەرە کێشانی چی!".
بە سەدان کچ و ژن، پیاو و منداڵ لەنێو ئەو کارگانەی نەهرەوان کاردەکەن. بەپێی ئاماری تەندروستیی بەعقوبە، بەهۆی ئەو دووکەڵ و ژینگەیەوە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 11 کەس تووشی شێرپەنجە بوون و سێ کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.
قاسم مەلوح، کرێکارە و باس لەوە دەکات، "نە خزمەتگوزاری نە نەخۆشخانە، لەنێو ئەم دووکەڵە ماوینەتەوە و دۆخمان خراپە، نە دەوڵەت مووچەمان پێدەدات و نە چاودێریمان دەکات نە دەتوانین بەو رۆژانەیەش خانوویەک یان خەرجییەکی باشت هەبێت، کرێی رۆژانە بەشی خێزانەکەمان ناکات."
وێڕای ساردیی کەشوهەوا و زۆریی رێژەی دووکەڵی کارگەکانی دروستکردنی خشتی سوور، نەبوونی بنکە و چاودێریی تەندروستی کاری کرێکارەکانی ئەو ناوچەیەی قورستر کردووە.
کرێکارەکان لە ناوچەی پیشەسازیی نەهرەوان رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک خشتی سوور دروست دەکەن و باج بە حکومەت دەدەن، بەڵام لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق سەرەتاییترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەو ناوچەیە نەگەیاندووە.
حوسێن مەحموود، خاوەن کارگە دەڵێت، ''حکومەت هاوکاریی کرێکاران نییە، ئێمە هاوکاریانین. راستە حکومەت باج لە ئێمە وەردەگرێت، بەڵام ئێمە کە پێویستمان بە شەقام و شۆستە و بنکەی تەندروستییە، حکومەت هاوکارمان نییە لەو رووەوە."
داهاتی رۆژانەی هەر کرێکارێکی ئەو کارگانە 10 هەزار دینار تێپەڕ ناکات. حکومەتی عێراق لە بری هاوکاریکردن و پەرەپێدانی ئەو کارە، رێگەی زیاتری بۆ هاوردەکردنی خشتی سوور کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ