وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستایشی سوودانی دەکات بۆ بە "تیرۆر" ناساندنی هێرشی سەر هێزەکانی وڵاتەکەی

13-12-2023
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەکات و لەگەڵ سەرکۆنەی هێرشەکان، ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات کە هێرشەکانی وەکو کاری "تیرۆریستی" ناوبردووە و لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی دەکات.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ،(بەکاتی هەولێر) وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بڵاوکردەوە. ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کردووە لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەنتۆنی بلینکن دەستخۆشی لە سوودانی کردووە لە بەرامبەر سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانە و ناوهێنانیان وەک "کاری تیرۆریستی،" هەروەها دەستخۆشی لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و بەسزاگەیاندنی ئەوانەی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە.
 
ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوەکردووە، ''ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوە کردووە ئەو هێرشانە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە ئەنجام دەدرێن کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و ئەو هێرشانەش کاریگەریی خراپیان لەسەر سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دەبێت و لاوازیان دەکات.''
 
ئەمە جاری دووەمە لەم هەفتەیەدا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەگەڵ سوودانی لەبارەی هێرشەکانەوە قسە دەکەن و رۆژی شەممە 9ی 12 لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە سوودانی راگەیاند کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و نوجەبا دوو رێکخراوی ''تیرۆریستین'' و بەرپرسن لەو هێرشانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەنە ئامانج، ئەمریکاش مافی تەواوی هەیە بۆ ئەوە وەڵامێکی تووندی ئەو گرووپانە بداتەوە.
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 77 جار هێزەکانیان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج، ئەوەش دوای 10 رۆژ لە دەستپێکردنی جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، لەبەرامبەر ئەو هێرشانە، ئەمریکاش لە رۆژئاوا و نێوەڕاستی عێراق پێگەی ئەو گرووپانەی بۆردوومانکرد و بووەهۆی کوژرانی 15 چەکدار کە ئەمریکا بە ئەنجامدەری هێرشەکانیان دەزانێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی

سوودانی داوای بەدواداچوون بۆ داننان بە زانکۆیەکی کوردستان دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە نووسینگەکەی دەکات بە دواداچوون بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بکات.