پەرلەمانى عێراق تەمەنى کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان درێژ دەکاتەوە

13-11-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر سێ پڕۆژە یاسا و دانانى دوو بەرپرسی دادوەرى دەدات؛ یەکێک لە بڕگەکانى دیکەی کۆبوونەوەکە خوێندنەوەى یەکەمە بۆ پڕۆژە یاساى هەموارى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بە گوتەى بەرپرسێکى کۆمیسیۆن، ئەو هەموارە بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنە بۆ بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.  

راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق، خشتەى کۆبوونەوەى 14ـى تشرینى دووەمى 2023ـى بڵاوکردەوە کە پێنج بڕگەیە. بەگوێرەى خشتەکە، پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکانى قەرەبووى نەخۆشانى ئایدز، هەموارى یاسای مانەوەى بیانییەکان لە عێراق، رێککەوتنێکى نێوان عێراق و ئێران و رێکخراوى بوژاندنەوەى پیشەسازى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەدرێت؛ هەروەها دەنگ دەدرێت لەسەر دانانى سەرۆکى داواکارى گشتى و دەستەى سەرپەشتیارى دادوەریی عێراق.

بڕگەیەکی دیکەی دانیشتنى پەرلەمان، خوێندنەوەى یەکەم دەبێت بۆ پڕۆژەیاساى هەموارى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق.

13ـى تشرینى دووەمى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هەموارى یاساى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئەوەیە تەمەنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بۆ ماوەى شەش مانگ درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەى دەسەڵاتیان هەبێت بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان."

هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ـى شووباتى 2024 دەکرێت و هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقیش لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023، دەکرێت کە دواى دەنگدان، وەرگرتنى تانە و پەسندکردن و راگەیاندنى ئەنجام لە دەسەڵاتى ئەو ئەنجوومەنە دەبێت.

عیماد جەمیل گوتیشى، "وادەى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە 7ـى کانوونى دووەمى 2024، کۆتایی دێت و ئەو هەموارە لەسەر پێشنیازى ژمارەیەک پەرلەمانتارە."

بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە نۆ ئەندام پێکدێن و ماوەى کارکردنیان بۆ چوار ساڵە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.