رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت، بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەکەن، بەڵام تائێستا خۆیان یەکلانەکردووەتەوە دەنگ بە کێ دەدەن. تاکە پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: بەشدار دەبێت. نەوەی نوێش تائێستا بڕیاری بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق نەداوە.
رۆژی پێنجشەممە 13-10-2022، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر دانیشتنی پەرلەمان عێراق بکرێت بەشدار دەبم، بەڵام دەنگدان نهێنییە و ناتوانم بڵێم دەنگ بە کێ دەدەم."
هاوکات دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بکرێت و ئێمەش بەشدار دەبین، بەڵام بڕیارمان نەداوە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەین، چونکە لایەنەکانیش بەگشتی لەسەر بەربژێرێک رێکنەکەوتوون."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە تائێستا نەوەی نوێ بڕیاری بەشداریکردنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق نەداوە، ئێستا لەوبارەوە لە کۆبوونەوەدان و کاژێرێکی دیکە یەکلادەبێتەوە بەشدار دەبن یاخود نا.
رۆژی 11ـی تشرینى یەکەمى 2022، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند رۆژی 13ى تشرینى 2022 پەرلەمان کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکەش یەک بڕگە دەبێت، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە.
رۆژی 10ى تشرینى یەکەم، 170 ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە زۆرینەیان سەر بە هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعە بوون، داواکارییەکیان پێشکێش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ