رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق رایگەیاند، 2600 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی عێراق بە مین و پاشماوەی جەنگی پیس بووە. سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مینیش لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ دۆزینەوەی مین و پاشماوەی جەنگی و رووپێوکردنی ناوچە پیسبووەکان ئێستا راهێنان بە کارمەندانیان لەسەر بەکارهێنانی درۆن دەکەن.
رۆژی چوارشەممە 12-04-2023 هیبە عەدنان، گوتەبێژی لیژنەی خاجی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق بە یەکێک لە پیسترین وڵاتانی جیهان بە مین و پاشماوەی جەنگی هەژمار دەکرێت، 2600 کیلۆمەتر چوارگۆشە بە مین و پاشماوەی جەنگ پیس بووە، کە ئەو رووبەرە هاوتای رووبەری 364 یاریگەری تۆپی پێ دەبێت."
بە گوتەی گوتەبێژی لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق، زۆرترین رووبەری بە مین چێندراو و پیسبوو بە پاشماوەی جەنگی دەکەوێتە پارێزگای بەسرە، کە 1200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
هەروەها هیبە عەدنان ئاماژە بۆ مەترسییەکانی ئەو رووبەرە زۆرە بە مین و پاشماوە جەنگییەکان دەکات و دەڵێت، "پیسبوونی خاک بەهۆی ئەو مین و پاشماوە تەقەمەنییانەوە بە یەکێک لە هەڕەشەکان لەسەر دانیشتووانی عێراق و ناوچە پیسبووەکان هەژمار دەکرێت و ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوونیش زیاد دەکات، ئەو مەترسییە لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە و تەنانەت رێبوارانی ئەو شوێنانەش بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت."
لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی جگە لە هاریکاریکردنی بریندارانی قوربانیی مین و پاشماوە جەنگییەکان، چەندین سەنتەری راهێنانەوەیان دامەزراندووە. هیبە عەدنان گوتی، "لە ساڵی 2022 یارمەتیمان لە سەرجەم سەنتەرەکانی راهێنانەوە پێشکێشی 15 هەزار برینداری مین و پاشماوە جەنگییەکان کرد، بەڵام هەڵگرتنەوەی پاشماوە جەنگییەکان پێویستی بە هەڵمەتی چڕ و زۆرە."
بەپێی رێکخراوەکە لە ساڵی 2022دا 72 کەس لە عێراق قوربانیی مین و پاشماوە جەنگییەکان بوون. رێکخراوەکە دەشڵێت، لە عێراق 30 هەزار قوربانیی مین و پاشماوە جەنگییەکان هەن، کە ژمارەکەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مینی عێراق وەرگرتووە.
بەپێی ئاماری دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، 255 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە رووبەری خاکی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان بە مین و پاشماوە جەنگییەکان پیس بوون و دەبێت پاک بکرێنەوە، رێژەی 60%ی مین و پاشماوە جەنگییەکان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و 40%ـیشیان دەکەونە پارێزگای هەولێر و دهۆک.
هەروەها تائێستا 13557 کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و پاشماوە جەنگییەکان، لەو ژمارەیە نزیکەی 6000یان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەیان بریندار بوون و هەندێکیشیان نیڤشکان بوون.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا لە هەولێر لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی FSD راهێنان بە ژمارەیەک لە کارمەندانی بەشی رووپێوی دەکرێت لەسەر بەکارهێنانی درۆن بۆ دۆزینەوە و رووپێویی تەکنیکی مین و پاشماوە جەنگییەکان، ئەو خولە دواتر لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماژەی بەوەش دا، ئەو درۆنەی بۆ رووپێوی نەخشەکێشانی ناوچە مەترسیدارە بارگاویبووەکان بە مین و تەقەمەنی بەکاردێت، لە جۆری (DJI FPV)یە. ئەم درۆنە دەتوانێت وێنەی ڤیدیۆی شوێنە مەترسیدارەکان تۆمار بکات. گوتیشی، "داوای درۆنیان لە حکومەت کردووە، بەڵام بە هۆکاری ئەمنی رەتیکردووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ