رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵى تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات کە سەرۆکوەزیران پێشکێشی کردوون بۆ ئەوەی دادگەکە لە دوو بڕیارى پێشووى خۆى پەشیمان ببێتەوە. بڕیارەکان تایبەتن بە دوو یاساى پەیوەندیدار بە پەرلەمان و بودجە.
دادگەی فیدراڵی ئەو دوو بڕیارەی لە ساڵانى 2018 و 2023 دەرکردوون.
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، 12ـی شوبات، تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆكوەزیرانى عێراق لە دژى سەرۆکى پەرلەمان تۆماری کردووە. لەنێو سکاڵاکەشدا داوای لە دادگەکە کردووە لە بڕیارێکى پێشووى خۆى پەشیمان ببێتەوە.
لەو بڕیارەى دادگەى باڵاى فیدراڵى کە لە ساڵی 2018 دەریکردووە، سکاڵایەکى سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتەى رەتکردووەتەوە کە لەدژى چەند مادەیەکى یاسای ئەنجوومەنى نوێنەران و پێكهاتەکانى پێشکێشی کردووە. کێشەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ یاساکە ئەوەیە بەرلەوەی پەسندبکرێت، بە رێکارەکانی حکومەتدا تێپەڕنەبووە.
یاساکە تایبەتە بە رێکخستنی کاری پەرلەمان و چۆنیەتیی کارکردنی ئەو دامەزراوەیە.
سوودانی لە سکاڵاکەیدا داوایکردووە، دادگە لە بڕیارەکەی ساڵی 2018ـی پەشیمان ببێتەوە کە تێیدا سکاڵایەکی رەتکردووەتەوە لەدژی مادەکانى 48 و بڕگەى سێیەمى مادەى 50 لە یاسای رێکخستنی کاری پەرلەمان کە تایبەتن بە پیادەکردنى دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکوەزیران لەلایەن سەرۆکى پەرلەمانەوە بۆ جێبەجێکردنى ئەو یاسایانەى لەبارەی کارى کارگێڕیى فەرمانبەران و پێکهاتەکانى پەرلەمانن.
هەمان رۆژ دادگەى باڵاى فیدراڵى تاوتوێى سکاڵایەکى دیکە دەکات کە سوودانی لە دژى سەرۆکى پەرلەمان پێشکێشى کردووە. تێیدا داوا لە دادگەکە دەکات لە بڕیارێکى پێشووى خۆى پەشیمان ببێتەوە کە لە 4ـی ئەیلوولی 2023 دەریکردووە و سکاڵایەکى سەرۆکوەزیرانى رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەى مادەى 71ى یاسای بودجەى گشتیی ساڵانى 2023 ، 2024 و 2025 بە نادەستوورى بناسێنێت.
مادەى 71ـی یاساى بودجەى گشتیى حکومەتى عێراقى پابەند کردووە بەوەى، تاوەکو 30ـی تشرینى دووەمى 2023، کۆتایی بە پۆستى بە وەکالەت بهێنێت، ئەگەرنا تەواوی پارەى تەرخانکراوى فەرمانگەکە و دەسەڵاتى بەرپرسەکەى رادەگیرێت.
هەر لەو مادەیەدا هاتووە، لە ماوەى 30 رۆژی دواى کۆتاییهاتنى ئەو وادەیە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەربژێرى سەرجەم پۆستەکانى سەرۆکى دەستە سەربەخۆکان و پلە تایبەتەکانى جۆرى ئەلف و بێ و بریکارى وەزارەتەکان و راوێژکارەکان کە بەوەکالەتن بنێرێت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەى لە ماوەى 30 رۆژدا دەنگیان لەسەر بدرێت.
ئێستا ئەو 30 رۆژە کۆتاییهاتووە و هیچ کام لەو هەنگاوانە جێبەجێ نەکراون.
پێشتر لە مادەى 58ی یاساى بودجەى گشتیى 2019دا، 30ـی حوزەیرانى هەمان ساڵ دیاریکرابوو وەکو دوایین وادە بۆ کۆتاییهێنان بە بەڕێوەبردنى سەرجەم دامودەزگاکان بە وەکالەت، جگە لە هێزە ئەمنییەکان، بەڵام ئەوکات بڕیارەکە وەکو خۆى جێبەجێ نەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ