دەزگاى هەواڵگریى عێراق لە سێ فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان دووردەخرێتەوە

12-01-2023
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
کارمەندانى دەزگاى هەواڵگریى عێراق لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان دووردەخرێنەوە و دەبرێنە ناو دەستەى دەروازە سنوورییەکان و بەرپرسیارێتیی ئەو شوێنانە بە دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق دەسپێردرێت.
 
بە گوێرەى نووسراوێکى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق کە ئاراستەى فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییە وشکانى و ئاوییەکانى کردووە، ناوى 188  کارمەندى بۆ هاوپێچکردوون کە پێویستە لە ماوەى 24 کاژێردا بڕیارى دەستبەرداربوونیان بۆ دەربکەن، لەدواى ئەنجامدانى ئەستۆپاکى، ئەو کارمەندانەی سەر بە دەزگاى هەواڵگریى عێراق بوون.
 
مەریوان قەرەنى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوى راگەیاند، "ژمارەى ئەو کارمەندانەى دەزگاى هەواڵگرى کە لە دەروازە سنوورییەکان کشێندراونەتەوە، زیاترە لەوەى راگەیێندراوە." گوتیشى، "ئەو بڕیارە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییە وشکانییەکان دەگرێتەوە."
 
ئەو بڕیارە کە لە 9ى کانوونى دووەمى 2023 دەرکراوە، هەرسێ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا، نەجەف و بەسرە دەگرێتەوە، لەگەڵ 13 دەروازەى وشکانى و دەریایی.
 
بە گوتەی مەریوان قەرەنى، "بەگوێرەى ئەو بڕیارە ئەو کارەى پێشتر دەزگاى هەواڵگرى لەو دەروازانە دەیکرد دەدرێتە دەست دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق."
 
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لە ساڵى 2004 دامەزراوە و راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراقەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەیاساى کارکردنى لە پەرلەمان پەسند نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە