رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین پۆلینی پێگەی "Global Fire Power"ـی ئەمریکیی تایبەت بە پۆلێنکردنی سوپاکانی جیهان و توێژینەوە سەربازییەکان، سوپای عێراق ریزبەندی 45مین بەهێزترین سوپاکانی جیهانی لە ساڵی 2023دا هەیە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2022 لە ریزبەندی 34 بوو، بەوەش سوپاکانی 11 وڵاتی دیکە پێشی سوپای عێراق کەوتوونەتەوە.
بەپێی پۆلینی گڵۆباڵ فایەر پاوەری تایبەت بە بەهێزترین سوپاکانی جیهان بۆ ساڵی 2023، کە خشتەیەک لە سوپاکانی 145 وڵات لەخۆدەگرێت، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ریزبەندی بەهێزترین سوپاکانی جیهانی گرتووە و دوای ئەویش رووسیا و چین لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن، هیندستان چوارەم و بەریتانیاش پێنجەم.
لەنێو وڵاتە عەرەبییەکانیشدا، سوپای میسر ریزبەندی یەکەمی لە بەهێزترین سوپای وڵاتان گرتووە و لە پلەی 14 لە نێو بەهێزترین سوپاکانی جیهان دێت، دوای ئەویش سعودیە دێت کە پلەی 22ـی جیهانی هەیە و پاشان سوپاسی جەزائیر لە پلەی سیێەمی وڵاتە عەرەبییەکان و 26ـی جیهان دێت.
عێراق لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی و 45ـی جیهان دێت، ئیماراتیشی لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەبی و 56ـی جیهان و سووریاش لە پلەی شەشەمی وڵاتانی عەرەبی و 64ـی جیهان دێت.
رۆژی چوارشەممە، 11-01-2023، سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پاشەکشێکردنی سوپای عێراق لە ریزبەندی بەهێزترین سوپاکانی جیهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی وایکردووە سوپای عێراق لە پاشەکشێدا بێت، بوونی گەندەڵییەکی زۆرە، جگە لەوە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان هیچ بایەخێکیان بە پەرەپێدانی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکانی نەداوە لە رووی پڕچەککردن و پێشخستنی تەکنەلۆژی و بەرزکردنەوەی تواناکانیان."
هەروەها روونیشیکردەوە "سوپای عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی، دەزگای بەکاربەرن و ساڵانە بودجەیەکی زۆریان بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام زۆرینەی لە گەندەڵیدا دەڕۆن و نەتوانراوە وەکو پێویست ئەو سوپایە پێشبخرێت."
سوپای عێراق بەگوێرەی ئەو پێگە ئەمریکییە، لە ساڵی 2021دا ریزبەندی 57ـی لەنێو بەهێزترین سوپاکانی جیهان هەبوو، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا لە ریزبەندی شەشەم و چوارەمیش لەنێو وڵاتانی عەرەبی، بەڵام لە ساڵی 2022دا 23 پلە سەرکەوت و گەیشتە ریزبەندی 34.
لە پۆلێنەکەیدا پێگەی "Global Fire Power"ـی ئەمریکی، پشت بە توانای چاوەڕوانکراوی هەر وڵاتێک بەستراوە، لە هەڵگیرسان و بەڕێوەبردنی شەڕ لە زەوین و ئاسمان و دەریاوە بە پشتبەستن بە میکانیزمە کلاسیکییەکان و لە رێگەی بەکارهێنانی 50 فاکتەری کەسی کە توانای هێزی دەوڵەت دیاری دەکات، لەگەڵ ژمارەی یەکە سەربازییەکان و توانای دارایی و توانا لۆجیستی و جوگرافییەکانی.
لەدوای دەستبەکاربوونی لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند جارێک لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکان کۆبووەتەوە و باسی چاکسازی لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا کردووە.
لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی کارەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سوپای عێراق لە تویتێکدا 8ـی ئەم مانگە رایگەیاند: "لە کارنامەی حکومەت بایەخمان بە بەرزکردنەوەی تواناکانی سوپای عێراق داوە، لەگەڵ کارکردن بۆ پێشخستنی تەکنەلۆژی و مەیدانیی چەکەکان و بەشداریپێکردنی سەرجەم ئەفسەران و سەرکردەکان لە خولەکان بۆ وەرگرتنی شارەزایی زیاتر."
سوپای عێراق یەکێکە لە کۆنترین سوپاکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە شەشی کانوونی دووەمی ساڵی 1921 دامەزراوە. ئێستا سوپای عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن سەربازی هەیە، بودجەی ساڵانەی نزیکەی 10 ملیار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ