عێراق و سعودیە جەخت لە کاری هاوبەش لە بواری وزەدا دەکەنەوە

10-11-2020
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن عیراق سعودیە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عێراق و سعودیە دوای کۆبوونەوەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شازادە محەممەد سەلمان، جێنشینی شای سعودیە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. 
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شازادە محەممەد سەلمان، جێنشینی شای سعودیە رۆژی دووشەممە 2020/11/09 لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفراسەوە بە بەشداریی گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵات گفتوگۆیان کرد لەبارەی کارەکانی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەش کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 2020/11/10 میدیای فەرمیی سعودیە بڵاویکردەوە، لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو لا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون.
 
خاڵەکانی رێککەوتنەکە بریتین لە:
 
یەکەم: جەختکردنەوە لە گرنگیی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریی دوو قۆڵی لە سەرجەم بوارەکاندا لەوانە: سیاسی، ئاسایش، بازرگانی، وەبەرهێنان و گەشتوگوزار.
 
دووەم: جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی هاوکاری لە بواری وزە و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و هاوئاهەنگیی هەڵوێستەکان لە بواری نەوت لە چوارچێوەی رێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسدا.
 
سێیەم: بەردەوامیی هاوکاریی هاوبەش لە رووبەڕبوونەوەی مەترسیی تووندئاژۆیی و تیرۆردا.
 
چوارەم:  چڕکردنەوەی هاوکاری و گۆڕینەوەی بۆچوونەکان لەبارەی ئەو پرسانەی جێگەی بایەخی هەردوو وڵاتن لە گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
 
پێنجەم: بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە بواری پشتیوانی و پشتگیریی دوولایەنە لە چوارچێوەی کاری دیپلۆماسیدا.
 
شەشەم: عێراق ستایشی بەشداریی سعودیە دەکات لە کۆنگرەی کوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە 12-14ی شوباتی 2018 بەڕێوەچوو.
 
حەوتەم: رێککەوتن لەسەر کردنەوەی دەروازەی سنووریی عەرعەر کە دوای 7 رۆژی دیکە بخرێتە کار، هەروەک پاشکۆی بازرگانیی سعودیە لە عێراق بەم نزیکانە دەست بەکاردەبێت. 
 
هەشتەم: رێککەوتن لەسەر پلانی کاری هاوبەش و کارکردن و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی رێکخراوی بازرگانیی ئازادیی عەرەبی و پێکهێنانی ئەنجوومەنی کاری هاوبەش لەنێوان هەردوو  وڵات.
 
نۆیەم: عێراق سوپاس و پێزانینی بۆ سعودیە هەیە لە دەستپێشخەریی پرۆژەی دروستکردنی یاریگەیەکی وەرزشی لە عێراق. هەروەک عێراق پێزانینی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی سعودیە بە مەبەستی هاوکاریی نێوان وەزارەتی تەندروستیی نێوان هەردوو وڵات لە بواری رووبەڕبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پشتیوانیکردنی عێراق بە پێدانی کەرەستەی پزیشکیی پێویست بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەو قەیرانە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە