گوتەبێژی یەکێتی بۆ رووداو: نامانەوێت پرسی سەرۆککۆمار بە زۆرینە و کەمینە یەکلابکرێتەوە

10-10-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی پێشنیازی تایبەت بە یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نایانەوێت پرسی سەرۆککۆمار "بە زۆرینە و کەمینە" یەکلابکرێتەوە، بەڵکو دەبێت بە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی بێت. گوتیشی: "نە پارتی و نە یەکێتی هیچ کاتێک نەیان ویستووە پرسەکان بە زۆرینە و کەمینە یەکلابکەنەوە."
 
ئەم گوتەیە دوای ئەوە هات رۆژی شەممە 8-10-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیداری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، دەکرێت کێشەی هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان تایبەت بە پرسی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی کوردستان یەکلابکرێتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 10-10-2022، سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوبارەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و گوتی، ئەوان هەمیشە پێیان باش بووە هەموو بابەتێکی پەیوەندیدار بە کوردستان، عێراق و ناوچەکە "بە رێککەوتن و گفتوگۆ" یەکلابکرێتەوە. گوتیشی: "یەکلاکردنەوەی پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بە تایبەت بۆ پۆستەکانی بەغدا کە پۆستی گرنگن، وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، وەزیری دارایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە رابردوودا لە پەرلەمانی کوردستان یەکلانەکراونەتەوە تاوەکو ئێستا بۆ پەرلەمان بگەڕێینەوە؛ بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە بە رێککەوتن پۆستی سەرۆککۆمار یەکلابکرێتەوە و پۆستەکە لای یەکێتی بمێنیتەوە." 
 
سۆران جەمال تاهیر گوتیشی، شیعەکان نەچوونە پەرلەمانی عێراق تاوەکو بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلابکەنەوە؛ هەمان شت بۆ سووننەکانیش دروستە؛ گوتیشی: "ئێمەش پێمان باشە هەموو لایەنەکان بەتایبەتی پارتی رەزامەندییان لەسەر بەربژێرەکەمان هەبێت و بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بمێنیتەوە. پێگە و دەنگی یەکێتی هێندەی ئەوەیە کە لەنێو پۆستە سیادییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پۆستی سەرۆککۆماری لابمێنێتەوە، ئەو کاتە بنەما و پرەنسیپی پێکەوە کارکردنمان دەپارێزین بۆ ئەوەی پێکەوە لە بەغدا و لە کوردستانیش کار بکەین."
 
سۆران جەمال تاهیر گوتیشی: "ئێمە نامانەوێت پرسی سەرۆککۆمار یان هەر پرسێکی دیکە بە زۆرینە و کەمینە یەکلابکرێتەوە؛ هاوپەیمانیی رزگارکردنیی نیشتمان لە بەغدا سەرینەگرت، چونکە داوای حکومەتێکی زۆرینەیان دەکرد و لایەنەکانی دیکەش دەیانگوت، نەخێر کارکردن و هاوبەشی پێکەوە دەکەین، چونکە ئەو قۆناخە ئەوەی پێویستبوو. لە کوردستانیش لە زۆربەی بابەتەکان لە رابردوودا نە پارتی و نە یەکێتی نەیانگووتووە پرسەکان بە زۆرینە و کەمینە یەکلادەکەنەوە؛ ئێمەش کار بەزۆرینە و کەمینە ناکەین، چونکە ئەو بابەتە لە رابردوودا کاری پێنەکراوە."
 
بژاردەی یەکێتی دوای رێککنەکەوتن لەگەڵ پارتی 
 
گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی ئەگەری رێککنەکەوتنیان لەگەڵ پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش و قۆناخی دوای ئەوە گوتی: بژاردەی یەکێتی دوای رێککنەکەوتن لەگەڵ پارتی هەر رێککەوتنە، واتا هیچ جێگرەوەیەکی دیکە نییە.

 

لەبارەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2018، سۆران جەمال تاهیر گوتی: ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەون، ئەو کاتە "دڵتەنگییەک" دروست دەبێت، "دەرئەنجام ناچارین سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە و بە دەرئەنجامەکەشی رازی بین، بەڵام بڕواناکەم ببێتە هۆکاری ئەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی تێکبچن؛ هیوادارین نەگاتە ئەو قۆناخەش و پۆستەکە لای یەکێتی بمێنێتەوە، ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی زیاتر گەشە بکەن." 
 
رۆژی یەکشەممە 09-10-2022، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا کۆبووەوە و تێیدا یەکێتی و پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار نەگەیشتنە رێککەوتن و رۆژی چوارشەممەش بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریکراوە.  
 
سۆران جەمال تاهیر لەوبارەوە گوتی: "لە کۆبوونەوەیەک یان دوو کۆبوونەوە، ئەگەر دڵتەنگییەک دروستبێت ناگاتە ئەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی تێکبچن. ئێمە هەموو کاتێک پێمان وابووە گفتوگۆکردن دەبێتە جێگرەوەی ناکۆکییەکان." 
 
تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی بەربژێرێکی هاوبەشی سەرۆککۆمار رێکنەوکەوتوون. رۆژی شەممە، رێبەر ئەحمەد، بەربژێری پارتی بۆ ئەو پۆستە لە دیداری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە هیچ رێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی لەو بارەوە نەکراوە. هەروەها رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان قبووڵی ناکەن بە دوو بەربژێر بچنە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە