رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق - سۆمۆ کەوتووەتەبەر لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیی عێراق، پاش ئەوەی ئاشکرابوو کە بەهۆی کەمتەرخەمی لە هەناردەکردنی نەوت، سزای پێبژاردن دراوە. دۆسییەکانی گەندەڵیی کۆمپانیای سۆمۆ گەیشتووەتە لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان.
لە نێوان ساڵانى 2013 بۆ 2017، کۆمپانیاى سۆمۆ بەهۆى کەمتەرخەمی لە دواکەوتنى پرۆسەى هەناردەى نەوت و گرێبەستەکان، نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار پێبژاردنی بۆ کراوە.
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی دەڵێت، "پێشێلکاریی زۆر هەن لە ژمارەیەک کۆمپانیا لە وەزارەتی نەوت، لەوانە؛ کۆمپانیای سۆمۆ کە زیادەڕۆیی و پێشێلکاریی زۆری کردووە. ئێمە خەریکین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی و دەسەڵاتی دادوەری، دۆسییەکان دراونە دادگە بۆ یەکلاکردنەوەیان و بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی دەکەین، جگە لەوەش لیکۆڵینەوەی دیکەمان هەیە لە رووی پەرلەمانییەوە کە پەیوەستە بە پرسیارکردن و لێپێچینەوە لە وەزیرەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق."
راوێژکاری کاروبارى بە بازاڕکردن و ستراتیژیى سۆمۆ تۆمەتبار کراوە بە هەدەردانی ئەو پارەیە، بۆ ئەوەش لە هەشتی ئەم مانگەوە دەستەی دەستپاکیی عێراق ناوی ئەو بەرپرسەی رەوانەی دادگەی لیکۆڵینەوەی رەسافە کردووە.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز دەڵێت، "سۆمۆ نەیتوانی پرسی هەناردەکردنی نەوت و هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی بەشێوەیەکی رێکوپێک بکات، ئەو گرێبەستانەی کردوویەتی پاشگەز بووەتەوە یان دواکەوتووە، ئەمە وایکردووە سزا بدرێت بە ملیۆنان دۆلار، وەک لیژنەی نەوت و گاز خەریکین بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ دەکەین هەروەها وەزیری نەوتیش بە هەمانشێوە لەسەر ئەو دۆسیانە دەهێنینە پەرلەمان."
بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیاى سۆمۆ لەژێر بڕیارى دادگە ناچارکراوە پێبژاردنى دواکەوتنی هەناردەی نەوت بدات بە چوار کۆمپانیا کە بریتین لە کۆمپانیاکانی جەرى سعودى، سەهل وادى رافیدەین، ستار ئێنێرجى و زەهرە.
لە ساڵانى 2016 و 2017ـەش کۆمپانیاکانى ئامادەکار کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتدا هەیە، بڕى یەک ملیۆن و 952 هەزار و 368 دۆلار سزاى پێبژاردنى دارایی دراون، بەڵام ئەو بڕە پارەیە لە لایەن سۆمۆوە وەرنەگیراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ