پارێزگاری نەجەف: زیاتر لە پێنج ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە پارێزگاکەمان

09-08-2022
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن عاشوورا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری نەجەف رایدەگەیێنێت، بۆ بەشداریکردن لە زیندووکردنەوەی 10 رۆژی یەکەمی مانگی موحەڕەم، زیاتر لە پێنج ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە نەجەف.
 
ماجد وائیلی، پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە یادی عاشوورا وەکو خۆی و بە شێوەیەکی "زۆر باش" بەڕێوەدەچێت، جموجۆڵی هاتووچۆ لە پارێزگاکەدا بەردەوامە، هیچ کێشەیەکیش لە شەقامەکان دروست نەبووە.
 
پارێزگاری نەجەف ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەکی زۆر زیارەتکار لەم رۆژانەدا سەردانی پارێزگاکەیان کردووە، بۆ زیندووکردنەوەی ئەو یادە و بەشداریکردن لەو رێوڕەسمە، "لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تائێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە شاری نەجەفی کۆن."
 
وائیلی ئەوەی خستەڕوو، 59 تیمی پزیشکی لە نەجەفی کۆن و قەزا و ناحیەکان بڵاوەیان پێکراوە و تەواوی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشکی دابین و فەراهەم کراون.
 
عاشوورا دەیەم رۆژی مانگی موحەڕەمە لە ساڵی کۆچیدا، دەگوترێت لەو رۆژەدا و لە ساڵی 61ی کۆچی، حوسێن کوڕی عەلی ئەبو تاڵیب و ژمارەیەک لە کەسوکار و یاوەرانی لە شەڕی کەربەلا کوژراون، بۆیە ئەو رۆژە رۆژی شین و ماتەمگێڕانە لای پەیڕەوانی شیعە مەزهەب و ساڵانە یادی دەکەنەوە.
 
لای سوننەکانی عێراق دووشەممە 10ی مانگی موحەڕەم بوو، لای شیعەکانیش ئەمڕۆ سێشەممە 10ی موحەڕەمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە