عێراق
وێنەیەکی کاتی کۆبوونەوەی 31-10-2024ـی پەرلەمانی عێراق، کە تێیدا سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاری نەکراوە و رێککەوتنیش لەبارەی پرۆژەیاسای گەڕانەوەی خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان نەکراوە.
رۆژی یەکشەممە 10-11-2024، سرووە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان دیاری نەکراوە."
هەر لەوبارەوە سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ناکرێت و چاوەڕوان دەکرێت شەممەی داهاتوو پەرلەمان کۆبێتەوە."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خانوو و زەوی بۆ خاوەکانیان نەکراوە. سوننەکان داوا دەکەن ئەو پرۆژەیە تێپەڕێت کە لە حکومەتەوە رەوانە نەکراوە.
ئەو پرۆژەیەی لەلایەن حکومەتەوە رەوانەکراوە، هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوەی لەخۆگرتووە، بەڵام لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری کرا و بڕگەی دیکەی بۆ زیادکرا تاوەکو زۆرترین ناوچە بگرێتەوە وەک خانەقین، مەخموور و دەشتی نەینەوا.
ئەوە لەکاتێکدایە، وەرزى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق بۆ 30 رۆژ درێژکراوەتەوە بۆ ئەوەى چەند پڕۆژەیاسایەک یەکلایی بکرێنەوە کە ناکۆکییان لەسەرە.
وەرزى دووەمى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق لە 9ـی تشرینى دووەم کۆتایی دەهات. درێژکردنەوەکە لە هەمان رۆژەوەیە تاوەکو 9ـی کانوونى یەکەمى داهاتوو.
درێژکردنەوەى تەمەنى ئەم وەرزەى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق لەکاتێکدایە، سێ پڕۆژەیاساى تایبەت بە کورد، شیعە و سوننە لە پەرلەمانن و لە قۆناخى دەنگدان پەکیان کەوتووە بەهۆى ئەوەى ناکۆکییان لەسەرە.
پڕۆژەیاساکان بریتین لە هەموارى یاساى بارى کەسى کە داواکاریى شیعەکانە؛ هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى کە داواکاریى سوننەکانە؛ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەکانیان کە داواکاری کوردە بەشێوەیەکی سەرەکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ