رووداو دیجیتاڵ
حەسەن، تەمەنی 12 ساڵە و لە رێوڕەسمەکانی عاشوورا لە کەربەلا بەشدار بووە، بە زنجیر لە سنگی دەدات و دەڵێ ئەو لەخۆدانەی نەک ئازاری نادات، بەڵکو کارێکی پیرۆزە و دەشیپارێزێت.
حەسەن حەیدەر، منداڵە 12 ساڵانەکە قسە بۆ رووداو دەکات و، دەڵێ "کە لەبەر خاتری حوسێن بە زنجیر لەخۆم دەدەم، تەندروستیم پێدەدات، من و کەسوکارم دەپارێزێت و تەندروستترم دەکات لەوکاتەی کە نەخۆش بووم".
ئەمڕۆ، رێوڕەسمی عاشوورا، کە بۆ رۆژی شەهیدکردنی ئیمام حوسێنە لە کەربەلا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ سەتان هەزار کەس و بەگشتیش بۆ سەرجەم رێوڕەسمەکانی عاشوورا بە ملیۆنان شیعەمەزهەب بەشدارییان تێدا کرد.
پلەی گەرمای کەربەلا ئەمڕۆ گەیشتە 46 پلەی سیلیزی، لەژێر ئەو خۆرە بەتین و گەرمایەشدا، شەقام و کۆڵانەکانی کەربەلا پڕ بوون لە کەسانی شیعەمەزهەب.
راکردنی توێریج، رووکنێکی سەرەکیی زیارەتکارانە کە لە نوێژی نیوەڕۆ تاوەکو نوێژی ئێوارە، درێژەدەکێشێت، دواتر رێوڕەسمەکە کۆتایی دێت و خواحافیزی و گەردەن ئازایی دەکەن.
بەشێکی زۆری زیارەتکاران، منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووەتە کەربەلا و وێنەی یادگاریی بە جلوبەرگی رەشەوە دەگرن، هەندێکیشیان هاوڕێن و بەیەکەوە هاتوون.
عەباس سەید شاکر، مێرمنداڵێکی زیارەتکارە لە کەربەلا و دەڵێ "ئێمە لەو کاتەوەی منداڵ بووین، کەسوکارمان فێریان کردین و دەیانهێناین بۆ زیارەت، بەردەوام لەنێو کەژاوەکان و کاروانەکاندا دەهاتین و دەچووین، ئێستا ئەوان پیر بوون و ئێمە ئەوان دەهێنینە ئێرە".
عەباس هەروەها دەڵێ "کەشی عاشوورا و حوسەینییەکان خۆشە. ئەو کەسەی ئەو ئەو قوڕە بەخۆیەوە بکات، کە خاکی ئیمام حوسێنە سەلامی خوای لەسەر بێت، ئاسوودە و پیرۆز دەبێت".
پێشبینی دەکرێت، ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن کەس بەشدارییان لە یادی عاشوورادا کردبێت و بەشداریکردنی ژن و منداڵانیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ