رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق شەش هەزار پارچە شوێنەوار لە حکومەتی بەریتانیا وەردەگرێتەوە و بەو بۆنەیەشەوە ئاهەنگێک لە فڕۆکەخانەی بەغدا رێکدەخرێت.
زەهرە جبووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق رۆژی سێشەممە، 09-05-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 9:30 خولەکی ئەمشەو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە ئامادەبوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیریی عێراق ئاهەنگی رادەستکردنەوەی شەش هەزار پارچەی شوێنەوار لە لایەن بەریتانیاوە رێکدەخرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق گوتی، ئەو شەش هەزار پارچە شوێنەوارە لە ساڵی 1923ـەوە لای بەریتانیا بوون و ئێستا دەگەڕێندرێنەوە.
رۆژی هەینی، 5ـی ئایاری 2023، لە باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن رێوڕەسمی رادەستکردنی ئەو شەش هەزار پارچە شوێنەوارە بەڕێوەچوو.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کە بەمەبەستی ئامادەبوون لە ئاهەنگی تاج لەسەرنانی شا چارلس سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە، بڕیاریدا لەگەڵ خۆیدا ئەو پارچە شوێنەوارانە بگەڕێنێتەوە عێراق و بەپێی رێکارەکان رادەستی مۆزەخانەی عێراق بکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ