رووداو دیجیتاڵ
ئەو گرووپەی کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، دەڵێت، ئەمریکا بە کوشتنی فەرماندەی کەتائیبی حیزبوڵڵا، "هەموو یاساکانی شەڕی پێشێلکردن،" هەروەها هەڕەشەی وەشاندنی "گورزی بەئازار و هێرشی بەرفراوان" لە دژی هێزەکانی ئەمریکا دەکات و جەخت لە "ناچارکردنی" هێزە بیانییەکان دەکات بۆ ئەوەی لە عێراق بکشێنەوە.
دوای ئەوەی لە 28ی کانوونی دووەم، سێ سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی درۆنییدا لە بنکەیەکی ئوردن کوژران، چەند گرووپێکی نێو مقاوەمەی ئیسلامی رایانگەیاندبوو کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکییەکان دەوەستێنن، بەڵام ئەوە نەبووە هۆکار بۆ دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە تۆڵەسەندنەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە درەنگیی شەوی هەینی لە تەلەگرامەوە بڵاوکرایەوە، مقاوەمەی ئیسلامی لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەو دەرفەتەی مقاوەمەی ئیسلامی بە هێزەکانی داگیرکاری دا بۆ ئەوەی لە خاکی پیرۆزییەکان بچنە دەرەوە و رزگاریان بێت، وێڕای نێوەندگیری و پاڕانەوەیان، دوێنێ پێیان نەدرابوو، پێش ئەوەی گەورە و بچووکیان لە ساڵی 2011 ببەزێنرێن، کە ئەو کات موجاهیدەکانی مقاوەمە سەربازانی داگیرکاریان بەرەو ئاگری دۆزەخ لێدەخوڕین و بنکەکانیان دەکردنە وێرانە و خۆڵەمێش."
لە تۆڵەی کوژرانی سەربازەکانیدا، ئەمریکا 2ی شوبات هێرشی کردە سەر 85 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا و بە گوتەی پێنتاگۆن 40 چەکداری کوشت.
هەروەها رۆژی چوارشەممە، ئەمریکا بە هێرشیکی دیکەی درۆنی لە بەغدا بووە هۆی کوژرانی ویسام محەمەد ساعدی، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی کەتائیبی حیزبوڵلا لە سووریا.
لەو بارەیەوە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەڵێت، "دەرفەتی چەند رۆژی رابردوو بە دڵنیاییەوە پێشانی گەلی عێراق و هاوڕێ و لایەنە بەرپرسەکانی دا کە دوژمنی داگیرکار دەستبەرداری چەپەڵی و ستەمی خۆی نابێت و لە زمانی چەک بەو لاوە، لە هیچ تێناگات، ئەمەش لە هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر موجاهیدەکانی حەشدی شەعبی لە قائیم و عەکاشات و شوێنەکانی دیکەیدا، بە روونی دەرکەوت."
گرووپە چەکدارەکە کە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، بەرپرسیارێتیی خۆی لە زیاتر لە 170 هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان، عێراق و سووریا دەربڕیوە، دەڵێت، "تیرۆرکردنی سەرکردەی مەزن، باقر ساعدی لە بەغدا، "تاوانەکانی ئەمریکای گەورەترکردن، بەو کارە، هەموو یاساکانی شەڕی پێشێلکردن، ئەمەش تەنیا وادەکات مقاوەمەی ئیسلامی بە پێکهاتە ئاشکراکراوەکانییەوە، تەنیا زیاتر پابەندبێت بە بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر گەل، نیشتمان و ئومەتەکەی لە هەر دۆخێکدا بێت".
ئەمریکا دەڵێت ساعدی راستەوخۆ "لە پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکادا بەشداربووە".
مقاوەمەی ئیسلامی دەڵێت، "ئێمە باشتر لەوانی دیکە ئاشنای چەپەڵێتیی دوژمنمان و گۆڕەپانەکانی رووبەڕووبوونەوەیانین، هەروەها باشتر دەزانین چۆن بەچۆکیاندابدەین، بە گورزی بەئازار و هێرشی بەرفراوان، بۆ ئەوەی ناچار بە ملکەچبوون و شکستخواردن بکرێن، ئەوەش وەک خزمەتێک بە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و پرسەکانی ئومەتەکەمان، داوا لە برایانی جیهادمان دەکەین، پەیوەندی بە ریزەکانی مقاوەمەوە بکەن، خۆیان یەکلابکەنەوە بۆ بەشداریکردنی کاریگەرانە لە دەرکردنی داگیرکار لەم قۆناخە مێژووییەی عێراق و ناوچەکەدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ