چاوخشاندنەوەیەک بە پەیوەندیی گرووپە چەکدارەکان و عێراق دوای زیادبوونی هێرشەکان دژی ئەمریکا

09-02-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کوشتنی فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا لەلایەن ئەمریکاوە بە هێرشیکی ئاسمانی لە بەغدا لە چوارشەممەی رابردوو، دووبارە سەرنجەکانی خستەوەسەر کار و پێگەی ناڕوونی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق. هەندێکیان لە هەمان کاتدا وەک بەشێک لە هێزە فەرمییەکانی وڵات و وەک هێزێکی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتیش کاردەکەن. 
 
ئەوەش رۆژ لە دوای رۆژ حکومەتەکەی محەممەد شياع سوودانی خستووەتە دۆخێکی هەستیارترەوە. چونکە سوودانی هەوڵدەدات لەنێوان پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانیشدا هاوسەنگی بپارێزێت، لە کاتێکدا ئەو گرووپە چەکدارانە لە ململانێی راستەوخۆدان لەگەڵ ئەمریکا. 
 
لێرەدا چاوێک بە پەیوەندیی ئاڵۆزی عێراق لەگەڵ گرووپە چەکدارە نیمچە فەرمییەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و ئەمریکا دەخشێنینەوە:
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا کێن؟
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا یاخود یەکینەکانی حیزبوڵڵا، یەکێکە لە گرووپە چەکدارە بەهێزەکانی عێراق. لە ماوەی بۆشایی دەسەڵات کە دوای لەشکرکێشییەکەی ساڵی 2003 بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دروستبوو، گرووپەکە بە پشتیوانیی سوپای پاسدارانی ئێران پێکهێنرا. 
 
ئەو گرووپە عێراقییە بەشێکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی. حەشد لە ساڵی 2014 بە فەتوایەکی عەلی سیستانی، لێڤەگەڕی باڵای شيعەکانی عێراق دروستبوو بۆ ئەوەی شەڕ لە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بکەن کە ئەو کات دەستی بە سەر رووبەرێکی بەرفراوانی عێراق و سووریادا گرتبوو. 
 
ئەو گرووپانەی چوونە نێو حەشد، بە پلە یەک، ئەوانە بوون کە شيعە مەزهەبن و لەلایەن ئێرانی هاومەزهەبیانەوە پشتیوانی دەکرێن. 
 
حەشد ئەو کات بووە یەکێک لە هاوپەیمانەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات. بەڵام ئەوە جاران بوو؛ قۆناخەکە گۆڕا و پەیوەندییەکان سەراوژێر بوون؛ ئێستا کەتائیبی حیزبوڵڵا و هەندێ گرووپی دیکەی نێو حەشد بەشێکن لەوانەی تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، تۆمەتێک کە خۆیان نکوڵی لێناکەن، بەڵکو وەک بەرخودان دژی "هێزی داگیرکار" شانازی پێوە دەکەن.  
 
ئەمریکا کەتائیبی حیزبوڵڵای بە گرووپێکی تیرۆریستی پۆڵێنکردووە. لە کانوونی دووەمی 2020، هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا، برینێکی قووڵی لە جەرگی گرووپە چەکدارەکاندا کردەوە. کاتێک کە درۆنێک لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، ئەبومەهدی موهەندیس، دامەزرێنەری حەشد و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کوشت.
 
هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە، بووە هۆی کوژرانی ویسام محەمەد ساعدی ناسراو بە ئەبو باقر ساعدی کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی کەتائیبی حیزبوڵلا بوو لە سووریا. ئەمریکا گوتی، ئەو کەسە، راستەوخۆ بەرپرس بووە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشەکان بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
پەیوەندیی نێوان گرووپە چەکدارەکان و حکومەتی عێراق چییە؟
 
لە ساڵی 2016 حکومەتی عێراق حەشدی شەعبیی وەک "پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ"ی لەنێو هێزە چەکدارەکانی عێراقدا پۆڵێنکرد.
 
بەڵام هەندێک لەو گرووپانەی کە حەشد بەشێکن لەو شتەی کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا نزیکەی 170 هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا. ئەو گرووپە دەڵێت، لەبەر ئەوەی لە شەڕی بەردەوامی غەززەدا ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات، تۆڵەی لێ دەکەنەوە. هەروەها ئامانجیان ئەوەیە، ناوچەکە بە ئەمریکا چۆڵبکەن. 
 
حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکای کردووە لە هەمان کاتدا لە زۆر دۆخدا وەڵامە کوشندەکانی ئەمریکاشی لە نێو خاکەکەیدا سەرزەنشت کردووە، بەتایبەتی کاتێک کە ئەمریکا ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لە بەغدا ئەنجامداوە یان ئەو هێزانەی نێو حەشدی کردووەتە ئامانج کە رۆڵێکی روونیان لە هێرشی سەر ئەمریکییەکان نەبووە. 
 
رێناد مەنسوور، لێکۆڵینڤانی باڵای چاتم هاوس دەڵێت، حەشدی شەعبی باڵێکی کاریگەری حکومەتی عێراقە. دەشڵێت، "ئەوان خۆیان بە پارێزەری دەوڵەت دەزانن"، جا چ بە شەڕکردن لە دژی داعش بێت یان بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی دژە حکومەت. 
 
لەهیب هیگڵ، شرۆڤەکاری تایبەت بەعێراق لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی دوو رۆڵیان هەیە. ئەو دەڵێت، "ئەوان کاری رۆژانەیان هەیە، کە راپەڕاندنی کارەکانی حەشدی شەعبییە. رۆڵێکی دیکەشیان هەیە، کە بریتییە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی مقاوەمە دژی هێزەکانی ئەمریکا."
 
کاردانەوەی عێراق بەرامبەر هێرشی ئەمریکا چی بوو؟
 
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کە کۆمەڵێک هێزی ئەمنیی عێراقی لەخۆدەگرێت، رۆژی پێنجشەممە ئەمریکای بە ئەنجامدانی "دەستدرێژییەکی روون و پێشێلکردنی سەروەری عێراق" تۆمەتبار کرد.
 
یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێرشە درۆنییەکەی چوارشەممەی بە "تیرۆرێکی ئاشکرا لە نێوجەرگەی گەڕەکێکی سڤیلنشین لە پایتەخت" وەسفکرد.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوپەیمانییەک کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارتە شیعە و سیاسییە هاوپەیمانەکانی ئێران پێکهاتووە و لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022ـدا سوودانیی هێنایە سەر دەسەڵات، داوای لە سەرۆکوەزیران کرد کە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە مانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەدا.
 
مانگی رابردوو بەرپرسانی سەربازیی عێراق و ئەمریکا گفتوگۆی فەرمییان دەستپێکرد بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانییەکە، بەڵام دوای رۆژێک پرۆسەکە وەستا، دوای ئەوەی هێرشێکی درۆنیی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر بنکەیەک لە ئوردن بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی.
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 11-02-2024، ئەو دانوستاندنانە دەستپێبکەنەوە. 
 
لە داهاتوودا چی روودەدات؟
 
لە کاتێکدا گرژییەکان لە زیادبووندان، مەنسوور دەڵێت، "هیچ لایەنێک لە راستیدا رووبەڕووبوونەوەی سەرتاسەری و جەنگی راستەوخۆی لە عێراقدا ناوێ."
 
لەبری ئەوە، بە گوتەی مەنسوور، پێدەچێت ئەمریکا و عێراق بەردەوام بن لە کارکردن لە پێناو کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دەستکردن بە قۆناخێکی نوێی پەیوەندیی دوو قۆڵی لە نێوان واشنتن و بەغدا.
 
هیگڵ ئاماژە بەوە دەکات، پێدەچێت ئێستا لایەنە هاوپەیمانەکانی ئێران گوشار لە حکومەتی عێراق بکەن بۆ خێراترکردنی دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان. 
 
خانمە لێکۆڵینڤانەکە دەشڵێت، "ئەمریکا لەژێر هەڕەشە و لوولەی تفەنگدا ناچێتە دەرەوە. کێشەکە ئاڵۆزە. پێویستت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان دەبێت بۆ ئەوەی بگەنە هەندێ ئەنجام."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد حەسسان (یەکەمی لای راست) لەکاتى یاوەریکردنى سوودانى بۆ ناوەندى ئۆپەراسیۆنەکانى سەرژمێری لە وەزارەتى پلاندانان، وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

نوێنەرى سکرتێرى UN بۆ عێراق: سەرژمێرى گەرەنتیی دابەشکردنێکى دادوەرانەى داهاتە

نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، سەرژمێرى هەنگاوى گرنگە بۆ داهاتووى عێراق و گەرەنتیی ماف و گەیشتنە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و، دابەشکردنێکى دادوەرانەى داهات لەنێوان ناوچە جیاوازەکاندا.