رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە رۆژی هەینی کرانە سەر باڵیۆزخانە و سەربازەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناوبردنی هێرشەکان بە "تیرۆرستی" دەکات و دەشڵێت، "مافی بەرگری لەخۆکردنمان قسەی لەسەر ناکرێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی هەینی بە کاتی واشنتن رایگەیاند: "ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی دوێنێ شەوی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا دەکات."
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی (بە کاتی بەغدا) بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی هەبێت. باڵیۆزخانەکە هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات.
هەروەها ئێوارەی هەمان رۆژ، دوو جار بە ژمارەیەک درۆن هێرش کرایە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیکی جێگیرکراون. هیچ یەک لەو هێرشانەش زیانی گیانی نەبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەو ژمارە زۆرەی میلیشاکانی سەر بە ئێران کە ئازادانە لە عێراق کاردەکەن، هەڕەشە لە ئاساییش و سەقامگیریی عێراق، هێزەکانمان و هێزەکانی هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە دەکەن."
"تاوانی تیرۆریستی"
ئێوارەی رۆژی هەینی، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند کە محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی عێراق کردووە بۆ تاوتوێکردنی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو زیانەشی کە بە "ئاساییشی نیشتمانی، سەقامگیریی وڵات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی عێراق گەیاندووە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر نێردەیەکی بیانی یان بارەگەیەکی دیپلۆماسی، تاوانی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی تووندترین سزا دەکرێنەوە".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لەو هەڵوێستەی سوودانی دەکات و دەڵێت: "سەرۆکوەزیران سوودانی بە شێوەیەکی راست ئەم هێرشانەی بە 'کاری تیرۆرستی' ناوبردن."
وەزارەتەکە دەشڵێت: "داوا لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەین، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە دەستگیر بکەن و بە دادپەروەرییان بگەیێنن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "حکومەتی عێراق چەندین جار بەڵێنیداوە کە نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی ئەمریکاش بپارێزێت، کە لەسەر داواکاریی عێراق لەوێن. ئەمە، هاوشێوەی مافی بەرگریلەخۆکردنمان، قسەی لەسەر ناکرێت."
وردەکاری هێرشی سەر باڵیۆزخانەکە
رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، کاژێر 4:15ـی هەمان رۆژ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر نێردەکە، بێ ئەوەی باسی هیچ زیانێک بکات.
گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد، لێکۆڵینەوە بکات.
"محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر نێردەیەکی بیانی یان بارەگەیەکی دیپلۆماسی، تاوانی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی تووندترین سزا دەکرێنەوە،" ئەمە وەک لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی کۆبوونەوە ئەمنییەکە هاتبوو.
هێزە شيعەکان هێرشەکان "رەت دەکەنەوە"
هەر لەو رۆژەدا، بارەگای فەرمانگەی ئاساییشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا بە مووشەک کرایە ئامانج. ئەو هێرشەش زیانی گیانی نەبوو.
هێزە شيعەکانی لایەنگری ئێران کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدێنن، رۆژی هەینی رایانگەیاند، هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق رەت دەکەنەوە و "پشتیوانیی تەواوی" خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق نیشان دەدەن.
نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، لەسەر داوای محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوپەیمانییە شيعەکە "کۆبوونەوەیەکی بەپەلە"ی ئەنجامداوە، کە روون نییە ئایا مەبەستی هەمان ئەو کۆبوونەوە ئەمنییەیە کە نووسینگەی سوودانی باسیکرد یان نا.
راگەیێندراوەکە دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "جەختی لە رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستیانە کرد کە ئاساییش و سەروەریی وڵات دەکەنە ئامانج، بە هەر جۆرێک بن، ئامانجەکانیان هەر کێ بن و هەر مەبەستێکیان لە پشتەوە بێت."
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و داواکارییەکانی پیشاندا بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی رووداوی گومانلێکراوی" هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
هێرشەکانی سەر هەولێر
ئێوارەی رۆژی هەینی، سەرەتا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا کێشا و تەقییەوە. بە گوێرەی دەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، رووداوەکە جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانی نەبووە.
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، رۆژی هەینی، 8ی کانوونی یەکەمی 2023، "کاژێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە".
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانیش دواتر لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە درۆنێک بەر "باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە".
ئەنجوومەنەکە گوتی، "وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان".
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئێوارەی رۆژی هەینی، چووە نزیک شوێنی رووداوەکە و گوتی، "باڵەخانەکە بۆ نیشتەجێبوون دروستدەکرێت و جارێ تەواو نەبووە؛ لە کاتی هێرشەکەشدا هیچ کرێکارێک کاری تێدا نەکردووە و چۆڵ بووە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئامانجی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بووە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام لە پێکانی ئامانجەکەی شکستیهێناوە و بۆسەر باڵەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە.
چەند کاژێرێک دوای ئەوە، مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو، لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە گوتی، درەنگانی شەوی هەینی، چوار درۆن بە دووریی کەمتر لە 500 مەتر لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی سێبیران کەوتنە خوارەوە و درۆنێکیش لە لایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە.
مستەفا گۆران گوتی، " کاژێر 11:10ـی شەوی هەینی، هەولێر بە پێنج درۆن کرایە ئامانج و خەڵکی کۆمەڵگەی سێ بیران هەستیان بە دەنگی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان کرد و بەشێکیان بە رووداویان راگەیاند کە دەرگا و پەنجەرەکانیان بەهۆی دەنگی تەقینەوەکانەوە لەریونەتەوە."
دامودەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکیان لە بارەی ئەو درۆنانەوە نەبووە.
ئەوە چوارەم هێرش بوو لە یەک رۆژدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کەوتوونەتە بەر زنجیرەیەک هێرش.
37 هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و 41 بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا
شەوی پێنجشەممە، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37یان لە عێراق و 41یان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی برینداربوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا، ئەوەش لە کاتی لێدرانی زەنگی هۆشداریی هەبوونی هێرش و راکردن بۆ پەناگەکان.
رۆژی 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری ئەو گرووپەی کوشت کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات.
لەو کاتەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، شەپۆلێک لە گرژی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەنێویاندا هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ هەروەها هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کە پێیانوایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە، کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
لە بەرامبەر ئەوەدا، بە گوێرەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی سێ جار لە سووریا و جارێک لە عێراق هێرشی کردووەتە سەر ئەو پێگەیانەی کە پێیانوایە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تارانن.
لەوانەش لە 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کوشت.
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ