رووداو دیجیتاڵ
دەنگی بەرزی مووەلیدەکان زۆربەی گەڕەکەکانی بەغدایان تەنیوە، کێبڵ و وایەری کارەباش سیمای پایتەختی عێراقیان تێکداوە، سەرەڕای ئەمانەش لە بەغدا رۆژانە کەمتر لە 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
عەلی سالم، خاون مووەلیدە لە ناوچەی سەدر لە بەغدا، باسی ئەوە دەکات رۆژانە "چوار کاژێر مووەلیدە کاردەکات و دوو کاژێر کارەبای نشتیمانی دەدرێت"، دەشڵێت "جاری وا ھەیە لەلایەن خەڵکەوە کابینەی کارەبایان دەسووتێ و دەبێت ئەوکاتە مووەلیدە هەر بەردەوام کاربکات، خۆ لەسەر خەڵکی ناکوژێنینەوە".
بەگشتی لە بەغدا رۆژانە كەمتر لە 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە. خەڵک گلەییان ھەیە و دەڵێن 20 ساڵە لەبەر گەندەڵی نەتوانراوە رەوشی کارەبا باشتر بکرێت.
حوسێن عەلاوی، فەرمانبەرە و لە بەغدا لە ناوچەی سەدر نیشتەجێیە، دەڵێ "سادەترین پێداویستییەکان؛ ئاو و کارەبان. بڕواناکەم دەوڵەت نەتوانێت ئەمە دابینبکات. ئێستا من پێتدەڵێم نیوەی گەلی عێراق رەحمەت بۆ سەدام حوسێن دەنێرن" .
مونیر روبەیعی، دووکاندارە و دەڵێ "رەوشی کارەبا لەھاویناندا زۆر خراپە، یانی ئەو ھەموو پارەیەی بۆ کارەبا خەرجکراوە کەچی تەنھا لە زستاندا کەمێک باشە، چونکە لۆودی لەسەر نییە، بەڵام لە ھاویندا لۆودی لەسەرە".
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، زۆرترین پارە لەدوای ساڵی 2003ـوە بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە.
بەپێ ئاماری ساڵی 2022ـی وەزارەتی کارەبا؛ لەدوای ساڵی 2003ـوە زیاتر زیاتر لە 70 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، بەپێی ستانداردی جیھانیش ھەر ملیارێک دۆلار پێویستە هەزار مێگاوات کارەبا بەرھەمبھێنێت، کەچی عێراق تەنیا خاونی 21 ھەزار مێگاوات کارەبایە.
ئەو کارەبایەی ئێستا لە عێراق دەدرێت، زۆربەی وێستگەکانی بە گازی ئێران کاردەکەن.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە رووداوی گوت "ئەو گرێبەستەی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ ئێران کردوویەتی، 50 ملیۆن مەترسێجا رۆژانە گازی سرووشتییە. نووسراوە فەرمییەکان دەڵێن، پێویستە عێراق نزیکەی دوو ملیار دۆلار بداتە ئێران، ئەمەش ھی ئەو گازەیە کە چەند ساڵە بە وەزارەتی کارەبای دەدات، تەنھا ھی ئێستا نییە، بەڵکو ئەمە قەرزە و دەبێت بدرێتەوە لایەنی ئێرانی".
لە پڕۆژەیاسای 2023ـی بودجەی عێراق بڕی 17 تریلیۆن دینار بۆ کەرتی کارەبا تەرخا کراوە، ئەمە لەکاتێکدایە عێراق بە گوژمەی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار قەرزاری ئێرانە، بەهۆی ئەو گازەی بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا بە عێراقی داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ